رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر 20 بەنزینخانە بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزین داخران

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانیان بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و دڵنیابوونەوە لە جۆری سووتەمەنی، 20 بەنزینخانە لە ناوەندی شاری هەولێر داخران.
یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بڕیاری داخستنی ئەو بەنزینخانانە دوای ئەوە هاتووە کە دەرکەوتووە بەنزینی کوالێتی خراپ و ناتەندروستیان بە هاووڵاتییان فرۆشتووە، کە ئەمەش پێچەوانەی رێنمایی و ستانداردە دیاریکراوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم رێکارە یاساییانە لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە هەر جۆرە فێڵێکی بازرگانی ئەنجامدراوە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختیشی کردووەتەوە، تیمەکانی پشکنین بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان و رێکاری توند بەرامبەر هەر خاوەن بەنزینخانەیەک دەگرنە بەر کە پابەندی مەرجەکانی کوالێتی نەبێت.