وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی كردەوە: لە دەستکەوتێکی ئەکادیمی و سەربازیی بێ وێنەدا، ئەحمەد عەبدولباست ئیسماعیل توانى بە سەرکەوتوویی خوێندن لە کۆلێژی دەریایی (الكلية البحرية) لە شاری بەسڕە تەواو بکات و وەک یەکەم قوتابی کورد لەم کۆلێژەدا بڕوانامە بەدەستبهێنێت و بە فەرمی ببێتە ئەفسەر لە ڕێزەکانی هێزی دەریایی عێراقدا.
ملازم ئەحمەد عەبدولباست لە ماوەی خوێندنەکەیدا وەک یەکێک لە قوتابییە دیار و یەکەمەکانی خولەکە دەستنیشان کراوە و توانوویەتی دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەسەرکەوتوویی بەدەستبهێنێت، کە بریتین لە بەکالۆریۆس لە ئەندازیاریی میکانیک و بەکالۆریۆس لە زانستە سەربازییەکان.
دوای چوار ساڵ لە کۆششی بەردەوام، خوێندنی ئەکادیمی چڕ و ڕاهێنانی سەپێنراوی سەربازیی سەخت، ئەحمەد عەبدولباست بە فەرمی پلەی (ملازمی ئەندازیاری) لە ڕێزەکانی سوپای عێراقدا پێبەخشرا و بە فەرمی وەک ملازمی ئەندازیاری دەریایی لە هێزی دەریایی سوپای عێراق دەست بەکاربوو.

