رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی کۆریای باشوور لە هەولێر دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی کۆریای باشوور لە هەولێر کرد و لە دیدارەکەدا کۆنسوڵ ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەڵی کوردستاندا کرد و ویستی وڵاتەکەشێ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئوون گیو شیم کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر کرد.

لەو دیدارەدا کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی گەلی کوردستان هەبوو. ئاماژەشی بە وێکچوونی خەبات و خۆڕاگریی گەلی کۆریا و گەلی کوردستان دا و ویستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی لە بواری پەروەردە و تەندروستی و بوارەکانی تر ڕاگەیاند.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی هێمای بە مانەوەی  هێزەکانی زەیتون دا کە لەدوای پڕۆسەی ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە هەولێر جێگیر بوون، و پێزانینی بۆ ئەرک و چالاکییەکانی ئەو هێزە لە کوردستان هەبوو و هاتنی ئەو هێزەی بە دەستپێکی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی کۆریای باشوور لەقەڵەم دا.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم ئاڵوگۆڕ کرا.