رۆژنامەی ھەولێر

ئینفانتینۆ لە دادگا و تێوگلانی بە گەندەڵی رزگاری بوو

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

جیانی ئینفانتینۆ بەهۆی سڕینەوەی کارتە سوورەکەی بالوگۆن یاریزانی هەڵبژاردەی ئەمریکا، هیچ لێکۆلینەوەیەکی لەگەڵدا ناکرێت، لە لایەکی دیکەیشەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند سڕینەوەی کارتە سوورەکەی بالوگۆن سوودی زۆری باشی هەبوو.

دوای ئەوەی لە مۆندیالی رابردوو فیفا لەسەر داواکاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا، بە سڕینەوەی کارتە سوورەکەی یاریزانی هەڵبژاردەی ئەمریکا بالوگۆن، کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و هەڕەشەی زۆریش لە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا کرا.
پێشکۆتایی هاتنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 رێکخراوی ناحکومی کە بنکەکەی لە لەندەن پایتەختی بەریتانیایە، سکاڵایەکی لە دژی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا تۆمار کرد و سکاڵاکەی پێشکەش بە لیژنەی تەمبێکاری نێودەوڵەتی ئۆڵمپیاد کرد و داوای کرد سەرۆکی فیفا لە پۆستەکەی لابدرێت.
دوای نزیکەی هەفتەیەک لە کۆتایی هاتنی یارییەکانی مۆندیالی 2026، لیژنەی تەمبێکاری ئۆڵمپیاد کە خودی جیانی ئینفانتینۆ یەکێکە لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە، رەتیکردەوە هیچ لێکۆلینەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی فیفا بکەن.
لیژنەی تەمبێکاری ئۆڵمپیاد بەیاننامەیەکی لەمبارە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لێکۆلینەوە کردن لەگەڵ سەرۆکی فیفا پەیوەندی بە ئەوانەوە نیە و ئەو بڕیارەی فیفا داویەتی بە سڕینەوەی کارتە سوورەکەی یاریزانی هەڵبژاردەی ئەمریکا، پەیوەندی بە یاسا و رێساکانی فیفاوە هەیە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هاتە دەنگ
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی رۆژنامەنوسێک لەسەر بابەتی سڕینەوەی کارتی سووری یاریزانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مۆندیالی رابردوو دەڵێت، سڕینەوەی کارتە سوورەکە دەرەنجامی باشی هەبوو، چونکە ئەگەر کارتە سوورەکە نەسڕابایەوە و هەڵبژاردەکەیان بدۆڕابا هەمووان توڕە دەبوون.
من بەخۆم ناڵێم ناوبژیوان بەڵام پێموایە بڕیارەکەی دژی بریسن توند بوو، هەموو کات یاریزانەکان دەبینم بەتوندی هەوڵی بەدەستهێنانی تۆپ دەدەن، لەبەر ئەوە بڕیارەکە بەلای منەوە توند بوو. سزای کارتی سوور قورس بوو، بەڵام دەرئەنجامەکانی بەباشی کاری کرد.
بیر لەوە بکەوە گەر رێگەیان نەدابا یاریبکات و ئێمە دۆڕاینایە ئەوە هەمووان توڕە دەبوون، بەڵام ئەو یاریکرد و لە کۆتایدا دۆڕان، بەلجیکاش یاری دوای ئەوەی دۆڕاند، بەشێوەیەکی گشتی دەرئەنجامەکە خراپ نەبوو، سەرۆکی فیفا بە بڕیاری بوێرانە دۆخەکەی چارەسەرکرد. هەموو ئەوەی من کردم داوای پێداچوونەوە بوو بە کارتە سوورەکە چونکە هەستم کرد ناداپەروەرانەیە.

ترەمپ دەیەوێت پۆستێکی گەورە بداتە ئینفانتینۆ
لە هەنگاوێکی سەیر کە سەرنجی هەموو مێدیاکانی ڕاکێشاوە، دۆناڵد ترەمپ ئارەزووی خۆی دەربڕیوە کە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (FIFA)، ببێتە سکرتێری گشتیی داهاتووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی New York Postـی ئەمریکی، ترەمپ لەو بڕوایەدایە کە ئینفانتینۆ بەربژێرێکی نموونەیییە بۆ شوێنگرتنەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرس لە ڕێکخراوە جیهانییەکەدا. ترامپ ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکی فیفا لە سەرانسەری جیهاندا خاوەنی ڕێزێکی زۆرە و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتاندا هەیە، بەشێوەیەک کە بەهرەیەکی تایبەتی لە کۆکردنەوەی خەڵک و نزیککردنەوەیان هەیە، ڕێک بە هەمان ئەو شێوازەی تا ئێستا لە وەرزشدا پەیڕەوی کردووە.
ئەم پێشنیارە نائاساییەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە هەردوو لا پەیوەندییەکی هاوکاریی زۆر نزیک و بەهێزیان دروست کرد لە کاتی ئامادەکاری و ڕێکخستنی یارییەکانی جامی جیهانیی 2026 لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک.
سەرەڕای حەزی ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام گەیشتن بە پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆسەیەکی سیاسی و دیپلۆماسیی زۆر ئاڵۆزە؛ چونکە پێویستی بە پێشنیازی فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە و دواتر دەنگدان و پەسەندکردنی هەیە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.