ڕائیب جادر – هەولێر
لە ئێستادا بەغدا پێویستی بە بڕیاری جدی ھەیە بۆ دەربازبوون لەو خنکانە ئابوورییەی لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە، ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ھەرێمەوە، ئیتر تەنیا بژاردەیەک نییە، بەڵکو پێویستییەکی بەپەلەی جیۆئابوورییە بۆ دەستەبەرکردنی ئاییندەی دارایی وڵاتەکە. شارەزایانی وزە، دەڵێن، بۆڕیی نەوتی ھەرێم توانای گواستنەوەی یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەی ھەیە.
لە کاتێکدا ئابووریی عێراق بەڕێژەی زیاتر لە ٩٠% پشتی بە داھاتی نەوت بەستووە، ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی گەرووی ھورمز و تەنگەی بابولمەندەب ھەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەیان خستووەتە مەترسییەوە، لەم بارودۆخەدا پێگەی جیۆپۆلەتیکیی کوردستان دەبێتە تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون.
مەترسییە بەردەوامەکانی سەر کەشتییە نەوتھەڵگرەکان لە دەریای سوور، تێچووی بیمە و گواستنەوەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، لە بەرامبەردا، ڕێڕەوی ھەرێمی کوردستان وەک پردێکی وشکانیی سەلامەت کار دەکات، کە مەترسییەکان لادەبات و ئاسایشی ھەناردەکردنەکە دەستەبەر دەکات.
شارەزایانی وزە، دەڵێن، لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، بابەتی نەوت و گاز تەنیا پەیوەندی بە حکوومەتی فیدراڵییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەیە، دەبێ بە ھاوئاھەنگی و ھاوبەشییەوە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز بنووسرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستا بەھۆی نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆر بۆ عێراق دروست بووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ھەن چارە دەبن.
د. گۆڤەند شێروانی، شارەزای وزە، ئاشکرای کرد: بۆڕیی نەوتی ھەرێم توانای گواستنەوەی تاوەکو یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەی ھەیە، لە کاتی قەیرانەکاندا کاتێک نرخەکان بەرز دەبنەوە، ئەم بۆرییە دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییە گەورەکانی وڵات.

