ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئاسایش، خزمەتگوزاری و کاروباری پەیوەست بە ئەرکی گشتی تاووتوێ کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ئامانجی تێکدانی نەک تەنیا سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئارامیی ناوچەکە. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە شەڕ و گرژییەکانی ناوچە و هەمیشە هەوڵی داوە وەک فاکتەرێکی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بمێنێتەوە، بۆیە داوای کۆتاییهاتنی ئەو هێرشانەی کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ.
پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد بۆ لێخۆشبوون لە ڕێژەی 20٪ ی سزاکانی هاتوچۆ لە 1ی تەممووزی 2026 تا 31ی کانوونی یەکەمی 2026، ئەمەش بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ پاکتاوکردنی ئەو بڕە پارانەی لە ئەستۆیانە.
پاشان وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕاپۆرتێکی تەواوی سەبارەت بە بارودۆخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئاماژەی دا بە هەنگاوەکانی وەزارەتیان بەمەبەستی دابەزینی نرخی بەنزین لە بازاڕەكانی هەرێم و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە هەموو ڕێکار و هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ئاسانکاریی پێویست لەم ڕووەوە پێشکەش بکەن بۆ دابینکردنی بڕێکی زیاتر لە سووتەمەنی و ڕێگرتن لە هەر ڕێکارێک کە ببێتە هۆی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکەن بۆ پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان لەلایەن وەزارەت و پاراستنی کوالیتیی بەنزین بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.
دواتر وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی کارەبا خستەڕوو، چەند پێشنیارێکی بۆ سوودی بەشداربووانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی پێشکەش کرد.
ئەنجومەنی وەزیران، لە دوای گفتوگۆ، پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای پەسەند کرد تایبەت بە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان لە گەڕانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی پارەی کارەبا، ئەویش لە ڕێگەی داشکاندنی بەشێک لە قەرزە کەڵەکەبووەکان.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێژەی 50% داشکاندن بۆ قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەکرێت، هەروەها ڕێژەی 25% داشکاندن بۆ قەرزی هاوبەشانی بوارەکانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەدرێت، بەمەبەستی هاندانی هاوبەشان بۆ پاککردنەوەی قەرزە کۆنەکان و خستنەوەگەڕی ئەم داهاتە لە خزمەتی کەرتی کارەبا و بەردەوامبوونی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران لە هەمانکاتدا، وەزارەتی کارەبا و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکی ڕاسپارد، لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕێنمایی و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بڵاوبکەنەوە، لەوانە ڕێکەوتی دەستپێکردنی داشکاندنەکە و شێوازی پارەدان و چۆنییەتیی دەستڕاگەیشتن بەم داشکاندنە و ئەو هاوبەشانەی کە داشکاندنەکە دەیانگرێتەوە.
لە هەمانکاتدا، جەخت لەوەش کرایەوە کە ئەم داشکاندنانە، تەنيا قەرزە کۆنەکانی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی دەگرێتەوە نەک پارەی مانگانەی پڕۆژەی ڕووناکی، بۆیە پێویستە هەموو هاوبەشانی کارەبا بەردەوام بن لە پێدانی پارەی مانگانەی خزمەتگوزارییەکە لە کاتی خۆیدا تاوەکوو پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری بەردەوام بێت.
لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، چەند ڕاسپاردەیەکی تایبەتی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.
پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران ئەو ڕاسپاردانەی پەسەند کرد، بەمەبەستی یەکخستن و نوێکردنەوەی ڕێکارەکانی پەیوەندیدار بە مۆڵەتی بێمووچە لەگەڵ پێداویستییە یاساییەکان، بە تایبەتی یاسای نوێی بەرکاری خانەنشینیی یەکگرتوو و یاسا پەیوەندیدارەکانی دیکەی وەزیفەی گشتی، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپارد، لە بەر ڕۆشناییی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێنماییی پێویست لەمبارەوە دەربکەن.

