رۆژنامەی ھەولێر

پرۆسەی سیاسی بە تایبەتمەندی و کارەکتەرەکانیەوە

فازڵ میرانی
بەشی دووەم

هیچ پرۆسەیەکی سیاسیی سەرکەوتوو، هیچ سیستمێکی حوکمڕانیی بونیادنەر سەرناگرن، ئەگەر لەسەر حیسابی سامانی گەل کار بۆ گەشەکردنی خۆیان بکەن؛ بە جۆرێک باخی خۆیان بەو مافانە سەوز و بەردار بکەن، کە بە ناحەق زەوتیان کردوون، لە بەرامبەریشدا کێڵگەی ئەوانی دیکە وشک و وێران بکەن و بەرەو بیابانبوونیان ببەن.
بۆچی هێزێکی سیاسی هێزێکی تر لە حوکمڕانی لادەبات، ئەگەر هەردوولا لە گەیاندنی هەمان زیان بە خەڵک هاوبەش بن؟ سوودی دەنگدان چییە ئەگەر دەرەنجامەکەی هاوشێوە یان خراپتر بێت لەوەی کە ڕێگری لە دەنگدان دەکات، یان تەنیا بۆ ڕووکەش و نمایشی دەکات؟ ئێمە لەبەردەم پرسیارگەلێکداین کە لە واقیعی دەرەنجامەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە و گوزارشت لە ئاستی فیکر و ڕەفتار دەکەن.
سیستمێک کە توانای ڕەخساندنی ڕێگایەکی گونجاوی لە گوندێکدا هەبێت بۆ زامنکردنی سەلامەتیی قوتابیانی قوتابخانەیەک، بتوانێت کورسی، کتێب، دەفتەر و پێنووسێک بۆ قوتابی دابین بکات، لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتییەوە بایەخی پێبدات و مامۆستایەکی لێهاتوو فەراهەم بکات کە مافی ژیانێکی شایستەی پارێزراو بێت؛ بەڵام پاشان هەموو ئەمانە پشتگوێ بخات بۆ چوونە ناو جەنگگەلێکەوە کە سەرچاوەکانی وڵات دادەدۆشن، بە شێوەیەک ئۆپۆزسیۆنێک لێی ڕاپەڕێت کە سەرکۆنەی کارەکانی بکات و گاڵتە بەو شتانە بکات کە سیستمەکە پێشینەی پێداون؛ کاتێکیش ئەو ئۆپۆزسیۆنە خۆی دەگاتە دەسەڵات، هەمان ڕەفتاری ناپەسەندی پێشوو یان خراپتر لەوە پێڕەو بکات، ئەوا ئەگەر خۆی پێداچوونەوە بە کارەکانیدا نەکاتەوە، ڕەنگە جەماوەر پێداچوونەوە بە ڕەفتارەکانیدا بکات، دوور نییە چارەنووسی لە چارەنووسی پێشینانی لە دەسەڵاتدا باشتر بێت.
بەڵام سووربوون لەسەر کەللەڕەقی، خۆ لێ نەبان کردن، گوێ لێ نەدان، فەراهەمکردنی پڕوپاگەندەی دژ بە ڕاستییەکان بە پاساوی پێشینەیی لە ئۆپۆزسیۆندا، لەگەڵ قۆستنەوەی (نەسەب) و منەتکردن بەسەر خەڵکدا بەو شێوازەی کە وا نیشان بدرێت فەرمانڕەواییکردنی گەلان فەزیڵەیەکە و پێیان دەکرێت؛ ئەمانە بابەتگەلێکن کە ڕەوا نییە داکۆکییان لێ بکرێت بۆ بەرژەوەندیی ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر مافەکانی خەڵک ئەنجام داوە.
لایەنە ناسراو و دیاریکراوەکان بە ئەنقەست زیانیان بە بەرژەوەندیی عێراقییەکان گەیاندووە؛ بەو پێیەی مێژوو تۆماری کردووە کە هەزاران عێراقی کوژراون و بکوژەکانیشیان سزا نەدراون. هەروەها هەندێک لایەنی ناسراو بوونەتە هۆی ئاوارەکردن و دەرکردنی زۆرەملێی عێراقییەکان بە مەبەستی ناڕەوا و لە ڕێگەی نیشاندانی باڵادەستی بەسەر دەوڵەت و لە سایەی بێدەنگییەکەیدا؛ ئەمەش دژایەتییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی،نەتەوەیی و مەزهەبیی خوڵقاند، بە جۆرێک ڕای گشتی بووە سەکۆیەکی پڕ لە گومان و ئیدانەکردن بەرامبەر بە دەسەڵات، بەها و پرەنسیپە کۆمەڵایەتییەکانیش پاشەکشەیان کرد کە پێشتر پایەی سەرەکیی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوون.
پاشان، دوو هاوپەیوەندیی سەیر بە ڕێکەوت هاتوونەتە ئاراوە؛ پەیوەندییەکی ڕاستەوانە لەنێوان زۆربوون و ئاڵۆزیی کێشەکانی کۆمەڵگە، سووربوون لەسەر چاو لادان و کوێرکردنی بینایی بەرامبەر بە چارەسەرەکان. هەروەها پەیوەندییەکی پێچەوانە؛ بەوەی هەرچەندە کۆمەڵگە فراوانتر بێت و ئەو کێشانەی سیستمەکە بەرهەمیان دەهێنێت گەورەتر بن، بیرکردنەوە زیاتر بەرتەسک دەبێتەوە بۆ سەر ئەو بابەتانەی کە نە قسە و نە کرداری لاواز دەادیان دەدەن.
لەسەر هێڵی ساڵان و دوو دەیە، لەبەردەم پڕوپاگەندەیەکی کەمبایەخ لە ڕووی متمانەوە، پرۆسەی سیاسی کە دیارترین دەرهاویشتەکانی ئەمانە بوون: گواستنەوەی لێکەوتەکانی قەیرانی سیاسی بۆ سەر شانی جەماوەر، دابینکردنی تێچووی بۆردومانکردنی خەڵکی بێوەی، بەفیڕۆدانی سامانەکان تا گەیشتن بە قەیرانێکی گەورە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان، ململانێی توند لەسەر پۆستەکان بۆ دەوڵەمەندبوون، و سەپاندنی پارێزبەندیی چەکداریی ترسناک؛ لەبەردەم هەموو ئەمانەدا، ئەم پرۆسەیە پێویستییەکی مکووڕ و بەپەلەی بە وەستان، پێداچوونەوە بە خۆدا، خۆپاککردنەوە، پۆزش هێنانەوە، لێپێچینەوە و سزادان هەیە؛ ئەگەر نا، چەسپاندنی بێتاوانی بۆ تاوانبار نەریتێکی ناپەسەندە و ڕێی تێناچێت، جێی سەرسوڕمانیش نابێت ئەگەر کەسێک دەستی بۆ ببات کاتێک دەبینێت ئەوانی دیکە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت.
بێگومان ناوبانگ و کارەکتەری پرۆسەی سیاسی زیانیان بەرکەوتووە، تەنانەت بۆ ئەوانەش کە هاوبەشی تاوانەکان نەبوون؛ چونکە مەرج نییە هەرچی بزانرێت، بگوترێت. پڕۆژەی ٢٠٠٣ هۆکاری یەکلاکەرەوە و گەورەترین فاکتەر بوو لە کۆتاییهێنان بە ڕژێمی پێشوو.
خەبات و کاری ئۆپۆزسیۆنیی پێش ساڵی ٢٠٠٣، کارێکی شەرەفمەندانە بوو کە مێژووی عێراقییەکانی پاراست و زەمینەسازیی بۆ قۆناغێک کرد کە پێویستی بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە، نەک قۆستنەوەیەکی قێزەونانەی ئەو پێگەیە.
فەرمانڕەواییکردنی عێراق پێویستی بە بیر و عەقڵگەلێکە کە لە مانا قووڵەکانی حوکمڕانی تێبگەن؛ حوکمڕانییەک کە لە نموونە خراپەکانی مێژوو نەچێت، نەک ئەوەی بگۆڕدرێت بۆ دەزگایەکی پاکتاوکردن لە ڕێگەی هەڵدانەوەی دۆسیەکان و کۆگاکردنیان بۆ کاتی پێویست، یان ببێتە هۆکارێک بۆ دەوڵەمەندبوون لەسەر حیسابی گەلەکانمان.