رۆژنامەی ھەولێر

قەڵەم نیشتیمانی بوو، فڵچـــــــــــــــە و ڕەنگیش سێبوری ژیانی!

ئاری ئاغۆک

 

ئەو دووریەی من دەیبینم
ئێوە بیبینن کوێر دەبن
ئەو ڕاستەی من دەیزانم
ئێوە بیزانن شێت دەبن
ئەو شتانەی
هەستی من درکی پێ دەکا
ئێوە گەر درکی پێ بکەن
لەرز دەگرن
ئەو تراویلکەیەی من دەیبینم
ئێوە گەر بیبینن دەڕۆن
وەک ئەوانەی پاش من ژیان و
پێش من مردن!.
-فەریدزامدار/ هاوینی ١٩٨٤

دوای ڕاپەڕین لەتەک کایەکانی دیکە، دەرگای ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیریش بەشێوەیەکی زۆرباش کرایەوە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی خولیای ئەو دنیا جوان و پاکەن، چونکە بەر لە ڕاپەڕین لەهەمبەر نووسینەکانیان دا خوێنەری جدی هەبوو بۆ ئەوەی بەرهەم و بڵاوکراوەکانی نووسەران و شاعیران بخوێننەوە، بەڵام ئەوکات بە هۆی بارودۆخی سیاسی هەمیشە دەیانویست دەنگە یاخییەکان کپ بکەن و قەڵەمەکانیش بێ دەنگ !. کەچی ئەوان هەر بەردەوام بوون لە گەیاندنی پەیامە شۆڕشگێری و نەتەوەییەکانیان لە ڕێگەی ووشە و قەڵەم و نووسین و شانۆ و شێوەکاری و رەنگ و دەنگ… هتد.
بۆ یە دوای ڕاپەڕین زۆربەمان بە تاسەوە گەڕاینەوە ئامێزی ئەو کتێبانەی کە پێشتر چاپکرابوون بەڵام هەموو خوێنەرێک نەیانتوانی بیخوێنێتەوە جا بەهەر هۆکارێک بێت، منیش وەک مێر منداڵێکی بەر لە ڕاپەڕین و نەوجەوانێکی عەشقە کتێب و ڕاگەیاندنی قۆناغی دوای ڕاپەڕین، هەر زوو لەڕێگەی گوێگرتن لە ڕادیۆ و هاوڕێی بەرنامەوە، هەروەها خۆشەویستیم بۆ کتێب، ئەوا یەکەم کتێب کە دوای ڕاپەڕین لە بن دیواری قەلاتێ کڕیم، ئەوا کتێبی شیعری ( ******) فەرید زامدار بوو، لێتان ناشارمەوە سەرەتا نەمزانی ئەم کتێبە بۆ ناونیشانی نیە! هەڵەی چاپە؟ یا هەر خۆی ئاوایە. بەڵام هۆکاری کڕینەکەم بۆ ناوی فەرید زامدار گەڕایەوە چونکە هەر زوو ئەو ناوە لە زاکیرەم چەسپابوو، ئینجا شیعرەکانم خوێندەوە دواتر زانیم ئەو کتێبە بە ( بێ ناونیشان) ی فەرید زامدار ناسراوە.
ئیدی لەو کاتەوە بوومە خوێنەرێکی بەردەوامی بەرهەم دوای بەرهەمی فەرید زامدار، چونکە نووسین و شێواز و فۆڕمی ئەدەبی و فیکری جیا و جیاواز و نوێکار بوو، دواتر لە نزیکەوە بەدیداری شاد بووم و بووینە هاوڕێیەکی نزیکی شیعر لەگەڵ ئەوەی نێوانی تەمەنمان جیاواز بوو، بەڵام دیدگا فراوانی ئەو بۆ منێکی گەنج هێز و ووزە و متمانە بوو، ئەو پەیوەندیە بەردەوام بوو جار جارە سەردانیم دەکرد، تازە چاپکراوی کتێبی خۆی پێشکەش دەکردم، کاتێ وەک هونەرمەندێک پێشانگای هونەری دەکردەوە زوو خۆم دەگەیاندە پێشانگا و لە دیار تابلۆ قووڵەکانی ڕادەمام، ئیدی ئەو دۆستایەتیە بەدرێژایی چەند ساڵێک بەردەوام بوو، دوایین جار کە لەنزیکەوە فەرید زامدارم بینی، ئەوا بە نەخۆشی و هیلاکییەوە لە مزگەوت لە پرسەی برای کۆچکرووی بە خێرهاتنی میوانانی دەکرد، جار جارەش دەچوە دەرەوەی هۆڵ جگەرەیەکی دەکێشا و دەگەڕایەوە نێو هۆڵی پرسە.
لێ بەداخەوە دوای ئەو پرسەیە ئەو جارە چووینە پرسەی مەرگی ئەو، کە لە دڵەوە بۆ مەرگی بێ دەنگی فەرید زامدار گریام، دوای چل ڕۆژیش لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە مەڕاسیمێکی شایستەدا چلەی ژیانئاوایی بۆ رێکخرا، دوای تەواو بوونی مەراسیم چوومە سەر تەختەی شانۆ و بێ دەنگ لەبەردەم پەیکەری فەرید زامدار وەستام و لە دڵەوە لەگەڵی دوام و خودا حافیزیم لێکرد.

*خوێندنەوەیەکی گشتی بۆ کتێبی(******) ی فەرید زامدار.
ئەم بەر هەمە لە دووتوێی کتێبێکی ( ٢٤٠) لاپەڕەیی لەساڵی ١٩٩٠ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی تایتلی ناونیشانی (******) ە، بەڵام لای خوێنەران و ئەدیب و نووسەران بە کتێبی (بێ ناونیشانی فەرید زامدار) ناسراوە، چونکە تایتل و پەیامەکە هیچ ناونیشانێکی لەسەر نیە، بۆیە وەک کتێبێکی بەهێز هەر زوو لە کتێبخانەی کوردی ناسرا، چونکە بەرگی کتێبەکە خۆی ڕەهەندێکی قوڵی هەیە، دەکرێ هەر خوێنەرە و ناونیشانێک بۆ کتێب و شیعرەکان دابنێ، دەکرێ شاعیر وەک دەقێکی واڵا ئەم مەفهومەی بۆ خوێنەران خستبێتە ڕوو، لەگەڵ چەندین ئەگەری جیا، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ناوەڕۆکی هەر ١٩٤ شیعر، گەڕانێکە بەدوای خود، زامێکە لەدڵی شاعیرێکی زامدارەوە بۆ نەوەیەیەکی زامدار، دواجار لە ئاوێنە گەورەکە دا هەر ١٩٤ ناونیشان لە هزر و دیدی خوێنەر بەگەورەیی و زیندەگی مایەوە.
ئەم بەرهەمە بەر لەڕاپەڕین چاپکراوە، مێژووی نووسینیان بۆ ساڵی هەشتاکان دەگەڕێتەوە، هەمووشمان دەزانین ئەو سەردەمە چ پاڵەپەستۆیەکی سیاسی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، لەسەر شار و دەڤەرەکەمان بوو؟! بۆیە نووسینی شیعر و دواتر بڵاوکردنەوەی لە کتێب بە چەندین فلتەری کارگێری ئەوا بوێری و ئازایەتی دەویست، هەر بۆیەش دوای ڕاپەڕین دووجاری دیکە چاپکرایەوە، واتە ئەم کتێبە ٣ جار چاپکراوە.
لە ناوەڕۆکی کتێبەدا ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر بەڕوونی هەستی پێ دەکرێ، لە فۆڕمی نووسینیش دا جیاواز و قووڵ، مامەڵەکردن لەگەڵ ووشە وەستایانە و بوێرانەیە، هەروەک خۆی لە پێشەکیەکی فراوان دا لە چەندین ڕوانینەوە دەربارەی شیعر و ئەم کتێبە بۆچوونی خۆی دەربڕیوە، لە دێرێک دا دەڵێت: ( پێویستیم بە بەنجکردنی ڕوح و بە بەنجکردنی شوێنە هۆشیارەکانی لەشم هەیە، تا بتوانم بەرگەی دوورینەوەی دەمارەکانی سەرم بگرم! کە مۆمێکی ڕەش دادەگیرسێ ڕووناکیەکی نوێ لە تەمەنما لەدەست دەدەم!).
ئەم چەند ووشەیە پڕە لە فۆڕمی گەڕان و بیرکردنەوە و دیدگا فراوانی فەرید زامدار بەرانبەر بەو کارەساتە ڕەشەی لەو قۆناغ و سەردەمەدا کە بەسەری داهاتووە، بۆیە لە ڕێگەی ووشە و قەڵەم و هزرەوە هەم بۆ بەتاڵبوونەوەی خۆی، هەم بۆ وەئاگا هاتنەوەیەکی زیاتر و خێراتر ی خوێنەر بە ڕەوشی چەق بەستوویی و تێڕامانی خۆی لەم دنیا تایبەتیەدا سەرقاڵ کردبوو، کە ئێستا بۆتە مێژوویەکی نەمری ئەدەبی و هونەری ئەم هونەرمەند و شاعیرە.
بۆیە لە بڕی بابەتی لابەلا و تفەنگی خیانەت، ئەوا قەڵەم دەکاتە نزیکترین و نهێنیترین پاڕێزی خۆی، زۆر بەڕاشکاوانە و بوێرانە دەربارەی قەڵەم دواوە، ئەمەش وەک چاونەترسییەک، لەدوا بەرگ و لەدوا پەیام دا هەمیشە بەهای قەڵەمی بۆ باسکردووین، هەروەک خۆی دەڵێت:
قەڵەم نیشتیمانمە، لە هەر شوێنێکی زەمیندا قەڵەمێک بشکێ منیش دەشکێم، قەڵەمێک زیندانی بکرێ منیش لەوێم، قەڵەمێک ڕاوبنرێ منیش ڕاو دەنرێم، قەڵەمێک ئازار بدرێ ژانەکەی دەگاتە ڕووحی منیش، قەڵەمێک داگیر بکرێ میش داگیر دەکرێم، لە هەر کوێیەک قەڵەمێکی خێرخواز بانگم بکات دەچمە ئەوێ، هەموو قەڵەمە خێر خوازەکانی دنیا بە نیشتیمانی ڕاستەقینەی خۆم دەزانم و هەموو نووسینە هونەری و داهێنانە ئەدەبییەکانی جیهانیش بە هی خۆم دادەنێم، لە هەر کوێیەک قەڵەمێک ئازاد بێ منیش ئازاد دەبم.

*شاعیرێکی یاخی و دەنگێکی جیاواز.
فەرید زامدار بە یەکێک لە شاعیرە یاخی و نوێخواز و جیاواز و هاوچەرخی دنیای شیعر ناسراوە، چونکە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان نووسین و شیعرەکانی بە بۆچوون و دیدگایەکی جیا نووسیوە، پێی وابوە سەلیقەی زمان و گەمەی ووشە و مۆسیقای کاریگەر بوە لەسەر بەرهەمەکانی، لەگەڵ خۆ دواندن دا رۆحیانەتانە تێکەڵ بە هەست و زامەکان بووە، لە کتێبی (بێ ناونیشان) زۆر بە ڕوونی ئەو داهێنان و نوێخوازیەی فەرید زامدار هەستی پێ دەکرێت، ئەمڕۆش دوای ٤٠ ساڵ لە نووسینی دەقەکانی نێو ئەم کتێبە، ئەوا هەست بە فۆڕمی جیا و یاخی بوون و قووڵ مانایی دەکرێ، لێرەدا سێ نموونە شیعر دەخەینەڕوو و بە دیدگایەکی ئەدەبیانەی سەردەم خوێندنەوەیان بۆ دەکەین:
هاوار دەکەم
گوێم لە سەدای قیژەی خۆمە و
بۆ هاواری خۆم دەگەڕێم
بۆ هاواری خۆم ڕادەکەم
بە دوای تەرمی خۆم دەڕۆم و
بە دوای تەمی خۆم دەگەڕێم
بەردیش بەعیشق
بە هاواری خۆی ڕا دەکا
دار بە خەون گەڵا دەگرێ
بە خەیاڵی ئاڵۆز و گەش
تابڵۆی گیایی
لەسەر تەرمی خۆڵ دا دەڕوێ
بەردی گەورە
لە سێبەری خۆی ناترسێ
بەردی عاشق
لە سێبەری خۆی ناپرس
گەڕانەوە بۆ خود، گەڕانەوە بۆ ناوەوەی خۆی، دواندن لەگەڵ بابەتە نامۆکان، ڕاکردن بەدوای هاوار کردنی خود، تەنیا هاوارێکی دەنگی نیە، بەڵکو هاواری ناخی شاعیرێکی یاخی و جیاوازە، شاعیرێک لەنێوان هاوار و ڕاکردن دا، نامۆترین وێنەی شیعریمان نیشان دەدات، چونکە کاتێ مرۆڤ هاوار دەکا واتە هانا دەبات، ئەو هانا و هاوارە بۆ کەسێکی دیکە و دەورووبەرە بۆ ئەوەی گوێی لێ بێ! بەڵام ئەو هاوارە شیعریەی شاعیر، جیا لە شاعیرانی دیکە، ئەوا گوێی لە هاوار و ووشە و قسەی خۆیەتی، کە ئەمەش گوزارشتە لەو وێنەیەی لە شەقامی ژیان و مەرگ دا تەنیا لەگەڵ خۆی ماوەتەوە، و گوێی لە قیژەی خۆی دەبێت، لێرەدا (قیژە) دوایین هاوار و نامۆیی ئینسانە بەرانبەر بە حالەتە نامۆ و ناخۆشیەکان! دواجار لە وێنەیەکی گەورەی ئەدەبی دا مردن زاڵ دەبێت بەسەر ژیان، چونکە بەدوای تەرمی خۆی دا دەگەڕێت، ئەو ڕستەیە پڕە لە ڕەهەندی فەلسەفی، (کەسی مردوو بە دوای تەرمی خۆی دا دەگەڕێ!). لە نێوان تەرم و تەم دا ریتمێکی جوانی ووشە و ڕستە بەدی دەکرێ، بەڵام هەر ووشەیەک بە ئاراستە و ناسنامەیەک پێناس دەکرێ:
تەرم = مردنی ئەبەدی
تەم = لێڵ بوون و ئاوابوونی ڕوناکی
لێرەدا شاعیر لە نێوان تەرم و تەم دا گەشتێکی ڕۆحی دەکات، ئەو گەشتە گەشتی ئاوابوونی تەمەن و ژیانە، بەڵام هەر وەئاگایانە لە دەورووبەر دەڕوانێ، ئەمەش چەمکێکی قووڵی وێنەسازی نیشان خوێنەر دەدات.
دواتر لە دێری (بەردیش بەعیشق هاوار دەکات)، هەمدیس خوێنەر دەباتەوە نێو خەیاڵی گەمەی ووشە و پرسیار ! چونکە بەرد خۆی گوزارشتێکە لە بێ دەنگی و ڕەقی و وەستان و بێ جولەیی، کەچی لێرەدا شاعیر هۆشیارانە لە نێو فۆرمی شیعردا عیشق دەکاتە جولەیەکی خێرا و جیاواز، ئەوەتا بەم هەست و عیشقەوە (بەرد) دەخاتە نێو جولە و بەردەوامی تا حالەتی ڕاکردن، ئەم ڕاکردنە لە دوو ڕوانین دا مانا دەبەخشی، یەکەمیان هەڵاتن و ڕازی نەبوون بەم واقیعە ڕاستیە، دووەمیشیان گوێی لە هاواری خۆی دەبێت، ئاخر بەرد بەم پێناسەیەوە کە کڕ و بێ دەنگ و وەستاوە کاتێ هاوار دەکات دیارە ترۆپکی بێزاری ناخە دەریدەبڕێ!.
(دار بە خەون گەڵا دەگرێ) ئەم ڕستەیە گوزارشتێکی سادە نیە، بەڵکو روانینێکی قووڵی فیکری یە، کاتێ هەڵوەرینی گەڵا بۆ قۆناغی ڕووتبونەوەی درەخت دەگەڕێتەوە و وەرزی خەزانمان نیشان دەدات، بەڵام دواتر لە قووڵترین مانای دەق دا، جوانترین وێنەسازی نیشان خوێنەر دەدات ( تابلۆی گیایی لەسەر تەرمی خۆڵ دا دەڕوێت) ئەمەش گۆڕان و بەردەوامی ژیان و خود بە دیار دەخات، لە نێوان تەرمی خۆڵ دا گیا بوونی دەبێت، کە سەوزایی و ئومێد و خەون و گەشبینی لەگەڵ خۆی دا دەهێنێت، ئەمانە گوزارشتێکی جوانە لە فۆڕمی دەق دا شاعیر زیرەکانە چنینی ووشە و دەق دەخاتەڕوو، تا دەگاتە ئەو پەیام و هاوارە بە هێزەی کە پێمان دەڵێت: ( بەردی گەورە لە سێبەری خۆی ناترسێ !)
ئەمەش پێمان دەڵێت هێز و وورە و متمانەی مرۆڤی گەورە لەهیچ کاتێک دا ناروخێ و نابەزێ.
پێش مردنم
پڕ بە ژیان
بە زیندوویی گۆڕی خۆم دی
یاریم لەگەڵ کێلەکەی ژێر سەرم دەکرد
لایەنێکی تری سروشت
نیوەی ژیانمی تیادا دەمرد
پاش مردنم
لەسەر کێلەکەم مەنووسن
ناونیشانی گۆڕەکەم لێتان وون نابێ
خۆڵ و بەردی مەزاری من
پێش مردنم
لەمن دەگەن
چونکە بە زیندوویی دەمرم
تا نزیک خاک ببمەوە
پتر دەنگی خۆم هەڵدەگرم
پتر ڕەنگی خۆم وەردەگرم
ووشەی مردن لە فۆڕمی دەقی ئەدەبی دا بە زۆر شێوە و شێواز ئاماژەی پێکراوە و شرۆڤەی ئەدەبی بۆ کراوە، چونکە لەگەڵ هاوتابوونی هەر ڕستە و دەقێک دا مانا و هێمایەکی جیاوازی لێ بەدی دەکرێ، بەڵام لە وێنە گەورەکە دا، مردن یەکسانە بە گواستنەوەی جەستە لە سەر زەوی بۆ ژێر زەوی، بەڵام لەم نێوەندەدا زۆرترین لق و پۆپی دەروونی و فیکری و نامۆیی دەخوێنرێتەوە، ئەوەتا شاعیر پێش مردنی، مەرگی ژیانی خۆی بینیوە، کە ئەمەش ئەو ڕاستیە تاڵەمان نیشان دەدات زەمەنی نووسینی ئەم دەقە کە بۆ چل ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەوا ئەو قۆناغ و سەردەمە، قۆناغی مەرگی ئازیزان بوە، بۆیە ئەدیب و شاعیر و هونەرمەندان زێتر بە زیندوویی هەستیان بە تامی مردن کردوە، چونکە هیچ سنوورێک لە نێوان ژیان و مردن بەدی نەکراوە، ئەمەش ئەو ڕاستیەمان بۆ نیشان دەدات کە فەرید زامدار وەک شاعیرێکی زیندوو، ئەودیوی ژیان و مەرگی بینیوە تا گەیشتۆتە ئەو قۆناغەی دژی ئەو ڕستە و گوتەیە بێت کە دەڵێن: (زیندوویەکی مردووین)، بەڵکو ئەوەتا دوای ژیانئاواییشی ئێمە بە مردوویەکی زیندووی لەقەڵەم دەدەین، چونکە ووشە و هەست و نووسین و دیدگاکانی دوای نیو سەدەیە لە دایکبوون و بڵاوکردنەوە بە شانازییەوە هەر بە ڕوناکی ماوەتەوە.
کاتێ دەڵێ: یاری لەگەڵ کێڵی خۆم دەکەم.
ئەمەش لوتکەی بێ تاقەتی و نامۆیی شاعیر بەدیار دەخات، کەواتە لە زیندەگی خۆی دا لەگەڵ نزیکترین کەرستە یاری دەکات، ئەویش کێلی سەرگۆڕە ئەو یاری کردنە یاریکردنە لەگەڵ کۆمەڵە یادێک، گەر مردیش ئەوا لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی یاری دەکات، چونکە دواجار ئەوێ دەبێتە ماڵی ئەبەدی.
ئەوجارەیان دژە باوتر و بوێرانەتر و ڕچەشکێنانەتر دەڵێت؛ (پاش مردنم لەسەر کێڵی گۆڕەکەم مەنووسن!) چونکە پێش مردنی نەک خۆڵ، ئەوا خوێنەر لەسەرجەم دەق و ووشە و ڕەنگ و تابڵۆ و نووسین و هەست و نەستەکانی گەیشتوون، کەواتە لە دووری دوورەوەش بێ، بە بۆنی ووشە و هاڕمۆنیای ڕەنگی و جیاوازی کتێبەکانی دەیناسینەوە. چونکە ڕەنگی ئەو ڕەنگی شیعرە و شیعری ئەو تابلۆی فرە ڕەنگی زیندووییە لەناو مردن دا دەژی.
نازانم کامە نووسینمە
ژیانی تیا لە دایک نەبووە
نامەوێ چیتر بچمەوە ناو
حەشارگەی رووحی زامدارم و
بەدووای شێواندنی شێوەی
زامە تیشکاویەکانی ناو ناخم بکەوم
تاکو لە خۆم دوورکەومەوە
برینەکانم دابەش دەبن
تاکو لە خۆم نزیکتر بم
برینەکانم دێتە پاڵ یەک
دەبن بە یەک
بە یەک برین
بەڵام برینێکی بەرین
دەبن بە من
منی هەردوو دیو خوێنین و
دووا شاکاری تابلۆی برین!.
ئەو پرسیارە تەنیا ڕستەیەکی سادە و پرسێکی ئاسایی نیە، بەڵکو لە وێستگەی نووسینیدا گەڕانەوەیە بۆ ئەزمونێکی پڕ برین و زام و ئێش، چونکە گەلێ جار لە نووسین دا ڕاستەخۆ ئێش لە دایک نابێ و هەستی پێ ناکرێ، بەڵکو دوای نووسین ئەزموون و ئێش و برینێکی قووڵ لەدایک دەبێ و ئاخ و حەسرەتی پێش تەمەنی دەکەوێ، شاعیر بە ئاشکرا پێمان دەڵێت نامەوێ بچمەوە حەشارگەی ڕۆحی زامدارم، ئەو نایەوێ هێندە قوڵ بێتەوە بۆ هۆکار و سەرچاوەی زامەکان، چونکە بێ هیوا بووە، شاعیر دەیەوێ بڕوا و برینەکان جێبێڵێ، بەڵام هەر زام و برینەکانن بەر پێنەی دەدەنێ و بەریدەدەنەوە ناو برینستانی تەمەن، ئەو حەشاردانەوەیە تەنیا پەناگەیەکی کاتی نیە، بەڵکو ماڵێکە بۆ ئاسودەیی دەروون، لێ برین و زام ناهێڵن!.
بۆیە چەندی لە خۆ دوورکەوێتەوە برینەکانی دابەش دەبن، پارچە پارچە دەبن، ئەم پارچەبوونەش لە ڕۆحی نیشتیمانەوە سەرچاوە دەگرێ بۆ پارچە پارچەبوونی جەستە و ووشە و هەست. لێرەدا جوانترین گوزارشت و وێنەی شیعری لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەڵێت: تاکو لە خۆم نزیکتر بم، برینەکانم دێتە پاڵ یەک.
ئەو پەیامە ئەدەبیە گوزارشتە لە یەکگرتنی برین و زام و ئازارەکان بە فۆڕمێکی گران، چونکە گوزارشتی برینی ئەمجارە قوڵتر دەبێتەوە بۆ شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی. بەشێوەیەکی گشتی، ئەو برینانە برینی جەستەنین بەڵکو برینی ڕۆحێکی ماندوون، بە دوور کەوتنەوەی هەر تاکێک لەیەکتر، ئەوا لەتبوون دروست دەبێت و هەمووان هەستی پێ دەکەن، بە نزیکبوونەوە لە یەکتر برینەکان دێنە پاڵ یەکتر، ئەمەش ئەو توخمەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە فەرید زامدار وەک ئەدیب و شاعیر و هونەرمەند، برینەکانی خۆیمام نیشان دەدات ئەویش کاتێ بە (دوا تابلۆی برین) کۆتایی بەم تێکستە دێنێ، کە لە چەند گۆشەیەک دا ڕەهەندە ئەدەبیەکە بەم جۆرە دەخوێنینەوە :
١-جۆری ڕەنگ = سوور، خوێن، برین.
٢-جۆری تابڵۆ= جوگرافیای مرۆڤ، نیشتیمان.
٣-خاوەن دەق و وێنە = برینێکی سارێژ نەبوو.

*کە قەڵەمەکەی زامدار بەربۆوە:
هەر وەک چۆن لە ژیانی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هونەری دا، (زامدار) هەمیشە قەڵەمی کردبوە نزیکترین دۆست و بەئەخلاقترین هاوڕێی تەمەنی، ئەوا بەدرێژایی ئەزموونی نووسینی هیچ کامیان خیانەت و بێ ئەمەکیان بەرانبەر بە یەکتر نەکرد، قەڵەم بۆ ( فەرید ) ژیا و زامداریش بۆ قەڵەم ژیا، لێ وەک دووانەیەکی جوان و پاک هەر بە جوانی و کڕ و بێ دەنگی، خەون و خەمیان بۆ یەک باس دەکرد و دواتریش بەیەکەوە داهێنانیان دەخوڵقاند، ئاخر یەقینی نێوان قەڵەم و فەرید زامدار، ڕاستگۆ و وەفادارانەبوە ئەوەتا ( فەرید دەمێک بوو لە چەندین دەرد و نەخۆشی سەختدا دەیناڵاند کە زۆر بە ئازار بوون، وەکو هەموو کەسە هەستیار و ناسکەکان زۆر زوو درکی بە کۆتایی کردبوو، تەنانەت چەند جارێک ئەم ڕازانەی لای ئازاد جوندیانی خزم و هاوڕێی تەمەنی درکاندبوو، فەرید چەند ڕۆژێک بەر لە کۆچی دوایی لای ( دەریا ) ی کچە گەورەکەشی کە تامردن هەمیشە بە تەنیشتیەبوو، وتبووی: ( ئیتر تەواو بەسە!)، بە ( بێریوان ) ی هاوژینیشی گوتبوو: ( بێریوان قەڵەمەکەم بەربۆوە)، بێگومان بەربوونەوەش لێرەدا، لەو گوتنە جوانەی زامدار وەکو ئیدیۆمێک و وێنەیەکی شیعری تەنها مەبەستی کۆتایی ژیانی بووە.

*شیعرێک بۆ دوێنێ و ئەمرۆی فەرید زامدار.
دوای ژیانئاوایی، چەند نووسەر و ئەدیب و شاعیرێک، لەڕێگەی هەست و ووشە و قەڵەمەوە بۆ مەرگی فەرید زامدار یان نووسی، منیش بۆ چلەی ماڵئاوایی، دەقە شیعرێکم نووسی بە ناونیشانی (گرێ) بۆ دوێنێ و ئەمڕۆی فەرید زامدار، لە ڕۆژنامەی هەولێر بڵاوکرایەوە، لێرەدا وەک یاد و وەفایەک بۆ سەنگینی ژیان و ئەزموون و خۆشەویستی ئەو ڕوناکبیرە گەورەیەی نیشتیمان، دەقاو دەق شیعرەکەم بڵاو دەکەمەوە:
لەبەردەم گرێی ئاوێنەکاندا
هێندە لەخۆم ڕامام
ڕۆچومە نێو ڕوحێکی تێکشکێنەر
لەوێوە …
لە نێو کتێبێکی بێناونیشان
خۆم لە خاکی وشە و گرێ ئاڵۆزەکان دۆزیەوە
لەو کاتەوە ( زار ) هەڵدەدەم و
ژمارەی کردنەوەی گرێ کوێرەکانم بۆ نایەت !
هێندە ( زار) م هەڵدا
هیلاک بووم …… هیلاک
من هیلاک بووم و
کەچی کوڕە بچوکەکەشم خەنی بوو لە پێکەنینان !
لە سکێچی تووڕەیی من و پێکەنینی ئەو
ناچار خۆم بە چنینەوەی (گرێ) کان خافڵاند
لە هەر چنینێک خەمێکم دەژمارد
لەهەر خەمێک ….
چرچ و لۆچی نێو چاوانم زێتر دەبوو !
لەهەر چرچو لۆچێک…
توڕەییەکی ناشیرینترم لێ بەدی دەکرا !
لەهەر توڕەبونێک …
خەم و کەسەری سەر دڵ گەورەتر دەبوو !
بەردەوام بووم لە چنین …..
تا لەبەردەم (ئاوێنەی گلەیی)، خۆم دۆزیەوە
ئیدی پڕبووم لە گلەیی و گرێ
گلەیی لە جوگرافیای خەمستان و
گرێ ی ئاڵۆزی قسە نەگوتراوەکان
ئێستاش کە لە ئاوێنە ڕادەمێنم
لەنزیکترین نوقتەدا
خۆم لە دوورترین دوورگەی رۆچوون دەبینم
دوورگەیەکی دوور ….
دوور بەقەد دووری نێوان هەست و نەست
دوور بەقەد دووری نێوان تۆزی خیانەت و بارانی بەرائەت
دوور بەقەد دووری نێوان زیکری دەروێشێکی یاخی و
گریانی شاعیرێکی تابلۆکێشی ئیماندار
لە دوورترین نوقتەشدا ….
خۆم لە نزیکترین نزیکی ڕەها دەبینم
نزیک … بەقەد نزیکی
هێواش ڕۆیشتنی شەمەندەفەر و وێرانەگەیشتنی موسافیر
نزیک .. بەقەد نزیکی
چرکەساتی هەڵوەرین و ماڵئاوایی گەڵا و درەخت
نزیک .. بەقەد نزیکی
بەلەمی چاوەروانی و نغرۆبوونی وێنەکێش
لێرەوە تەواو ….
هەموو خەمە تۆخەکانم لەیەک گرێ دا
ڕستەیەک لە وشەی جوانی و
خەونی پڕ ڕەنگم دروست کرد
تەواو …
وا خەریکە گرێیەکان دەبن بە شێرپەنجە
ئاخر گرێ و خەبەرە مەرگیەکان وێرانیان کردم !
کە دواجار لە ئاوێنە ڕادەمێنم
سۆنەری هەموو گرێ کان بە سێگۆشەیی دەبینم
تەنیا دووری و نزیکی
سەرەداوی کردنەوەی گرێ کوێرەی
بەختی کچۆڵانی نیشتیمان نابینم.

*پڕۆفایل:
شاعیر و نووسەر و پێشمەرگە و شێوەکار، فەرید بەکر ئەیوب، نازناوی ئەدەبی ( فەرید زامدار ) ساڵی ١٩٥٢ لە شاری هەولێر لەدایکبوە، لە بنەڕەتدا سەر بە تیرەی(عەبدۆیی)، هۆزی ( شکاک) ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوە.
ساڵی ١٩٥٨ چۆتە قوتابخانە لە پیرمام، ئەمیش بە هۆی ئەوەی باوکی مەئموری پۆستە بووە بۆیە ماڵباتەکەی ئەوکات لە وێ ژیاون، دواتر دەگەڕێنەوە هەولێر قوتابخانەی سەرەتایی لە قوتابخانەی ( ئیبن مستەوفی) گەرەکی تەیراوە تەواو کردوە، ناوەندیشی لە ( کۆماری ) بووە.
سەردەمی گەنجی فەرید زامدار، قۆناغێکی ئاڵۆزی سیاسی بوە، بۆیە وەک گەنجێکی هۆشیار لە نێوەندی سیاسی لە ڕێکخراوی قوتابیان کاری کردوە، هەروەها وەک گەنجێکی عاشق بەوەرزش، لەساڵی شەستەکان یاریزانێکی دیاری تۆپی باسکەی هەولێر و تۆپی سەرمێز بوە، بەهرەی نیگار کێشیش هەر زوو لە ناخ و دیدی دا ڕەنگیداوەتەوە، هەر بۆیەش وەک هونەرمەندێکی شێوەکار خاوەن چەندین تابلۆی هونەریە و لەژیانی هونەری دا ٧ پێشانگای هونەری شێوەکاری کردۆتەوە.
لە بواری ئەدەبیش دا لە گەڵ خۆناسین و ژیانناسین تێکەڵ بە دنیای جوانی ووشە و شیعر و کتێب بوە خاوەنی ٢٠ کتێبی چاپکراو بووە، لە بریتین:
-لەبروسکە هەوری مەبەستێک( دووجار چاپکراوە)
-ژووانی سێبەر ( دووجار چاپکراوە )
(******) -بێ ناونیشان ( سێ جار چاپکراوە )
-ماکڕۆکۆسم ( سێ جار چاپکراوە )
-میکڕۆ کۆسم ( سێ جار چاپکراوە )
-ستێکس ( دووجار چاپکراوە )
-لەشەوی یەک دەقیقەی دا ( دووجار چاپکراوە)
-مردنی ئەندازەیی پەنجە شێتەکانی شەیتان ( دووجار چاپکراوە)
-ئەنیما مۆندی ( سێ جار چاپکراوە )
-شەڕی ووشەکان، نیو نوقتە لە ژێر نیو دا
-فراغ فی العقل الاملانی ( دووجار چاپکراوە)
-ناوچەیەک لە ژوورە دزراوەکە
-ئۆکتافیا
-اطیاف مظیئة
-توقیع ظائع
-ئیمزایەکی بزر بە قەڵەمی شاعیرێک
-دوایین ئێوارە خوان
-ڕێ و نووسەری ڕێ
-دەریاچەی ئاگر
-گەردوون لە پیلانێکی شیعری دا
لە ڕێکەوتی ٢١-٧-٢٠١٩ بە هۆی نەخۆشی لەشاری هەولێر ژیانئاوایی کرد، یادی هەمیشە بەخێر و ڕۆحی شاد.
-پەراوێز:
* کتێبی: (******) شیعری: فەرید زامدار، ١٩٩٠.
* کتێبی: فەرید زامدار دەریای وشەلێژاو، ٢٠١٩.
* شیعری: گرێ، نووسینی: ئاری ئاغۆک، ڕۆژنامەی هەولێر، ژمارە٣١٤٤، ڕێکەوتی ٢٢-٨-٢٠١٩.