دکتۆرە شکریە یوسف تەها*
شێرپەنجەی ڕەحم بریتییە لە گۆڕانی خانەکانی ناوپۆشی ڕەحم بۆ خانەی نائاسایی. ئەم خانانە لە شێوە و ناوەڕۆکدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، کە وادەکات بە شێوازێکی جیاواز و کۆنترۆڵنەکراو گەشە بکەن و کار بکەن.
جۆرەکانی شێرپەنجەی ڕەحم:
شێرپەنجەی ناوپۆشی ڕەحم: ئەمە باوترین جۆرە و زۆرجار هەر بە “شێرپەنجەی ڕەحم” ناودەبرێت.
سارکۆمای ڕەحم: جۆرێکی تری شێرپەنجەیە کە تووشی ڕەحم دەبێت، بەڵام زۆر دەگمەنە.
زۆربەی جار شێرپەنجەی ڕەحم زووتر بەدیار دەکەوێت و لە لایەن پزیشکەکانەوە دەستنیشان دەکرێت، بە بەراورد بە جۆرەکانی تری شێرپەنجە؛ چونکە نیشانەکانی زوو دەردەکەون، وەک خوێنبەربوونی نائاسایی منداڵدان. ئەمەش وادەکات لە ڕێگەی نەشتەرگەریی و دەرهێنانی ڕەحمەوە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا چارەسەر بکرێت.
نیشانەکانی شێرپەنجەی ڕەحم:
خوێنبەربوونی منداڵدان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئافرەت دەگاتە تەمەنی نائومێدی (بێنوێژی).
خوێنبەربوونی ڕەحم لەنێوان سووڕی مانگانەدا یان ناڕێکیی سووڕی مانگانە.
ئازار لە ناوچەی حەوز؛ زۆرجار هاوسەرەکان بەهۆی ئازارێکی زۆرەوە ناتوانن سەرجێیی ئەنجام بدەن.
تێبینی: لە کاتی هەبوونی هەر یەکێک لەم نیشانانە، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان بکرێت.
هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی ڕەحم:
هەرچەندە هۆکارێکی دیاریکراو و ڕەها نییە، بەڵام هەر هۆکارێک ببێتە مایەی گۆڕانی خانەکانی ڕەحم بۆ خانەی شێرپەنجەیی، مەترسییەکە زیاد دەکات، وەک:
گۆڕانی هاوسەنگیی هۆرمۆنە مێینەکان: بەتایبەتی بەرز و نزمیی ڕێژەی هۆرمۆنی (ئیسترۆجین) و (پرۆجێستیرۆن) لە لەشدا.
تێکچوونی هۆرمۆنی: هەر نەخۆشییەک ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین.
بەکارهێنانی هەندێک دەرمان: وەک حەبی ڕێگری لە سکپڕی (منع الحمل) یان چارەسەرە هۆرمۆنییەکان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی تەمەنی نائومێدی (وەک گەرمداهاتنی جەستە، ئارەقکردنەوە و تێکچوونی خەو).
زیادبوونی کێش (قەڵەوی) و شەکرە: هەروەها هەندێک جار تووشبوون بە کیسەی هێلکەدان (PCOS) کە دەبێتە هۆی ناڕێکی لە هێلکەداناندا.
وەرەمی هێلکەدان: هۆکارێکی دەگمەن هەیە کە وەرەمێکی شێرپەنجەیی لە هێلکەداندا هەبێت و هۆرمۆنی ئیسترۆجین دەربدات، ئەمەش کاریگەریی دەبێت بۆ سەر ڕەحم.
درێژیی ماوەی سووڕی مانگانە: هەرچی تەمەنی سووڕی مانگانە درێژتر بێت (واتە زوو دەست پێ بکات و درەنگ بوەستێت)، ئەگەری تووشبوون زیاد دەکات. بۆ نموونە: ئەو ئافرەتانەی پێش تەمەنی ١٢ ساڵی دەست بە سووڕی مانگانە دەکەن و دوای تەمەنی ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵی دەوەستن.
نەزۆکی: ئەو ئافرەتانەی هیچ کات سکپڕ نەبوون.
هۆکاری بۆماوەیی (Generic): ئەگەر لە خێزان و کەسە نزیکەکاندا کەسی تر تووشبووبێت.
شێرپەنجەی مەمک: ئەو ئافرەتانەی پێشتر تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون و چارەسەر وەردەگرن.
خۆپاراستن:
پێش بەکارهێنانی هەر چارەسەرێکی هۆرمۆنی لە دوای تەمەنی نائومێدی، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ زانینی زیانەکان.
بەکارهێنانی حەبی ڕێگری لە سکپڕی دەبێت بەپێی ڕێنمایی پزیشک بێت.
پاراستنی کێشی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە قەڵەوی.
چارەسەرکردنی شێرپەنجەی منداڵدان:
چارەسەری کیمیاوی: بە شێوەی حەب یان دەرزی.
چارەسەر بە تیشک.
نەشتەرگەری: لابردنی ڕەحم.
*پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان، منداڵبوون و نەزۆکی

