لەیلا بەرزنجی
خێراپێشکەوتنی تەکنەلۆژیایەکی تایبەت، بەبێ بڕانەوە، جۆرە نایەکسانییەکی نوێ دروست دەکا؛ ڕاستییەکەی، ئەم تەکنەلۆژیایە زۆر لەوە قووڵترە و وەک چەکێکی گەورە وایە دەکرێت ببێتە باشترین یاریدەدەر یان گەورەترین کۆسپ؛ چونکە بەو خێراییە بڵاو دەبێتە؛ کە شتێکی تازەبابەت دێتە ئاراوە، تا سەردەم و دەوروبەر لەگەڵیدا ڕادێن، زۆری دەوێ، بەڵام زیرەکیی دەستکرد (AI) پرۆسەیەکە هەموو لایەنەکانی پێک گەیاندووە؛ وەرچەرخانێک بوو لەم سەردەمەدا کە شۆکی گەورە بوو، چونکە زۆر کاری ئاسان کردووە زۆر وەڵامی داوەتەوە کە کاتەکەی گەڕاندۆتەوە؛ بەدڵنیایێەوە ئەم داهێنانە بێ کەموکووڕی نیە؛ دوو لایەنی هەیە، ئەرێنی و نەرێنی:
• لایەنی ئەرێنی
ئاستی قوتابی دیاری دەکات؛ وانەکان بەپێی خێرایی و توانای ئەو دابڕێژێت. وەک ئەوە وایە هەر قوتابییەک مامۆستایەکی تایبەتی خۆی هەبێت. کەمکردنەوەی لۆد لەسەر مامۆستایان؛ ڕێکخستنی خشتەکان کاتێکی زۆر لە مامۆستا دەبەن. زیرەکیی دەستکرد ئەو کارە ڕۆتینانە کەم دەکاتەوە و ڕێگە بە مامۆستا دەدات زیاتر تەرکیز بخاتە سەر لایەنی مرۆیی و دەروونی قوتابییەکان بەگوێرەی داواکاری قوتابی یارمەتیدەر دەبێت هەر شێواز و هەر جۆرێک کە بیەوێ پرسیاری بداتێ.
• لایەنی نەرێنی
کوشتنی بیرکردنەوەی قوتابی چونکە ڕادێت لەوەی بە ئاسانی دەستی بە زانیاری ڕابگات، بەدوای زانیاریدا زۆر نەگەڕێت ئەمەش هۆکارە بۆ دروستبونی تەمبەڵی و، قفڵدانی ئەقڵی قوتابی، هەتا وای لێ دێ بیرکردنەوەکەی سنووردار دەبێت؛ هەروەها نەبوونی سۆز و خۆشەویستی زیرەکیی دەستکرد، چونکە هاوڕێیەکی نزیک نیە، پەیوەندیەکە تەنها بۆ پێدان و وەرگرتنی زانیاری.
ژیریی دەستکرد ناتوانێت و نابێت جێگای مامۆستا بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک ئامرازێکی یاریدەدەر سەیر بکرێت. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بەندە بەوەی چۆن قوتابیان فێر دەکەین بە شێوەیەکی زیرەک وکارامە بەکاری بهێنن، نەک تەنها بۆ ڕاکردن لە ئەرک؛ بۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری پەروەردەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کار بکەن لەسەر سێ ڕێگای سەرەکی:
1. کردنەوەی خول بۆ مامۆستایان بەتایبەتی لە پشووەکاندا، بۆ ئەوەی لەناو قوتابخانەکان پشێوی دروست نەبێت بە هۆی نەبوونی مامۆستاوە؛ هەروەها کاتێک خول بۆ پەروەردەکاران دەکرێتەوە، ئامانجەکە تەنها فێربوونی بەکارهێنانی دوگمەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی شێوازی وانەوتنەوەیە؛ مامۆستا لە سەرچاوەی تاقانەی زانیارییەوە دەبێتە ڕێپیشاندەر؛ ئەم دۆخە وا دەکات ئەو کەسانەی کە هۆشیاری و توانای بەکارهێنانیان هەیە، زۆر خێراتر بەرەو پێش بچن و زانیاری بەدەست بهێنن، لە کاتێکدا ئەوانی تر کە بە هەر هۆکارێک بێت بێبەشن، لە دواوە بمێننەوە. هەندێک جار مامۆستا ئارەزووی دانانی پلانی نیە بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن ئەزموونن، ئەمە بەکارێکی زەحمەت دەزانن؛ بۆیە دەبێت مامۆستا هان بدرێ بۆ بەرەوپێشچوونی خۆی، لەسەر خۆی کار بکات، ئەوکاتە دەتوانێ لەگەڵ زیرەکیی دەستکردیشدا بگونجێ.
2. هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ دایبابان؛ کۆبوونەوەکان و دانانی بەرنامەی گونجاو بۆ دایبابان، کلیلی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەیە لە دەرەوەی قوتابخانە. زۆربەی دایبابان لەبەر نەبوونی شارەزایی، یان بە تەواوی ڕێگری لە منداڵەکانیان دەکەن یان بەبێ چاودێری لێیان دەگەڕێن. هۆشیارکردنەوەیان وا دەکات بزانن کە زیرەکیی دەستکرد (ئەیئای) ئامرازێکە بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەیە نەک ئامرازی تەمەڵی و خۆدزینەوە لە ئەرکەکان.
3. ئامێر و ئینتەرنێت وەک مافێکی بنەڕەتیی پۆل؛ دابینکردنی ژێرخانی تەکنەلۆژی (ئامێری زیرەک و هێڵی ئینتەرنێت) لە ناو پۆلەکاندا، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی ناهێڵێت. کاتێک قوتابی لە قوتابخانەدا دەستی بەم هۆکارانە ڕادەگات، جیاوازی ئاستی ئابووری خێزانەکان کاریگەری کەمتر دەبێت لەسەر ئاستی زانستیی منداڵەکە.
وەک ئاماژەم پێ دا، ئەگەر ئەم سێ لایەنە (ڕاهێنانی مامۆستا، هۆشیاریی دایباب و، ژێرخانی قوتابخانە) پێکەوە کار بکەن، زیرەکیی دەستکرد لە ئامرازێکی ترسناکەوە دەگۆڕێت بۆ سەکۆیەکی گەورەی گەڕان و لێکۆڵینەوەی زانستی کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئەقڵی قوتابی.
بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە بەرنامە و کۆبوونەوانە لە قوتابخانەدا پێویستی بە ماندووبوون و پلانێکی تۆکمە هەیە، بەڵام بێگومان تەنها ڕێگایە بۆ دروستکردنی نەوەیەک کە هاوشانی سەردەمەکەی هەنگاو بنێت.
*بەڕێوەبەری قوتابخانەی گڵۆباڵ لەسنوری پەروەردەی بنەسڵاوە

