ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
ئەمڕۆ لە جیهانی جوانکاریدا، بەکارهێنانی دەرزییەکانی بۆتۆکس و فیلەر ڕووی لە زیادبوونێکی بەرچاو کردووە و بووەتە یەکێک لە باوترین ڕێگاکان بۆ پاراستنی گەنجێتی ڕوخسار. بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: جیاوازی ڕاستەقینەی نێوان ئەم دوو ماددەیە چییە؟ د. گەشین کەمال، پسپۆڕی پزیشکی جوانکاری و نەخۆشییەکانی پێست، لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخاتە سەر سوود، زیان و جیاوازییەکانی نێوان بۆتۆکس و فیلەر و دەڵێت: “ئێستا ئەم ماددانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێن، بەڵام پێویستە پزیشک بە تەواوی بزانێت چۆن و بۆ چ کەسێک بەکاریان دەهێنێت.”
بۆتۆکس چییە و چۆن کار دەکات؟
د. گەشین کەمال ڕوونی دەکاتەوە کە بۆتۆکس لە بنەڕەتدا ماددەیەکی ژەهراوی سروشتییە بە ناوی (نیرۆتۆکسین)، کە کار لەسەر دەمار و ماسولکەکان دەکات و بۆ ماوەیەکی کاتی جوڵەی ماسولکەکە ڕادەگرێت. ئەو جەخت دەکاتەوە کە بەکارهێنانی ئەم ماددەیە ئەگەر لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت خراپ نییە، بگرە قازانجی زۆری هەیە.
بۆتۆکس ڕێگری لە دەردانی ئەنزیمێک دەکات لە ماسولکەکاندا کە بەرپرسە لە دروستکردنی جوڵە؛ کاتێک ماسولکەکە لە جوڵە کەوت، ئەو چرچ و لۆچانەی بەهۆی جوڵەی دەموچاوەوە (وەک پێکەنین یان گرژکردنی نێوچەوان) دروست دەبن، کەم دەبنەوە یان بە تەواوی نامێنن.
سوودە شاراوەکانی بۆتۆکس تەنیا کەمکردنەوەی چرچی نییە، بەڵکو بۆتۆکس چەندین بەکارهێنانی پزیشکی دیکەشی هەیە، لەوانەش:
*چارەسەرکردنی نەخۆشیی سەرئێشەی توند (شەقیقە).
*ڕێگەگرتن لە کێشەی ئارەقکردنەوەی زۆر لە ناوچەکانی وەک: لەپی دەست، بنی پێ و، بنباڵ.
کێ نابێت بۆتۆکس بەکار بهێنێت؟
ئەو کەسانەی کە هەستیاریی پێشوەختەیان بە ماددەی بۆتۆکس هەیە، نابێت بە هیچ شێوەیەک بەکاری بهێنن. د. گەشین ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرجار کەسەکان پێشتر نایزانن، بەڵام لە کاتی لێدانی دەرزییەکەدا دەموچاویان دەئاوسێت و سوور دەبێتەوە؛ لەو کاتەدا پێویستە جۆری بۆتۆکسەکە بگۆڕدرێت یان بە تەواوی ڕابگیرێت. (دیسپۆرت و ماسپۆرت) لە باوترین جۆرەکانی بۆتۆکسن کە سەرەڕای جیاوازی ناوەکانیان، هەمان کار دەکەن.
جیاوازی نێوان فیلەر و بۆتۆکس چییە؟
پزیشکە پسپۆڕەکە جیاوازییەکە بەم شێوەیە کورت دەکاتەوە:
فیلەر (Filler): لە ترشەڵۆکی (هایالۆرۆنیک ئەسید) پێکدێت. کاری سەرەکی بریتییە لە پڕکردنەوە (Fill) و قەبارەدان بەو شوێنانەی کە چرچی جێگیر (سابت) یان هێڵی قووڵیان تێدایە، وەک ژێر چاو، گۆناکان، یان لێو.
بۆتۆکس (Botox): پێچەوانەی فیلەرە؛ هیچ پڕکردنەوە و قەبارەیەک بە جەستە نابەخشێت، بەڵکو تەنیا چرچە جوڵاوەکان لە ڕێگەی خاوکردنەوەی ماسولکەکانەوە چارەسەر دەکات.
مەترسی و زیانە لاوەکییەکان؛ “داکەوتنی چاو” و “ناوچە ترسناکەکان”
سەبارەت بە زیانەکانی بۆتۆکس، د. گەشین دەڵێت: “خراپترین و باوترین زیانی لاوەکی، داکەوتنی کاتیی پێڵووی چاوە”. ئەم حاڵەتە زۆر دەگمەنە و سێ بۆ چوار هەفتە دەخایەنێت و دواتر چاک دەبێتەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەستیاریی پێست، بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە ماددەکە (جورعەی زیادە)، یان پابەند نەبوونی نەخۆشەکە بە ڕێنماییەکانەوە؛ بۆ نموونە پێویستە نەخۆش دوای بۆتۆکس بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر سەری دانەنەوێنێت و پاڵنەکەوێت، بۆ ئەوەی ماددەکە نەچێتە ناوچەی دەوروبەری چاو.
سەبارەت بە فیلەریش، زیانەکانی کەم و دەگمەنن، بەڵام چەند ناوچەیەکی دەموچاو هەن کە پێیان دەوترێت “ناوچەی ترسناک” (وەک ژێر چاو و دەوروبەری دەم). لەم شوێنانەدا دەبێت پزیشک زۆر بە وریایی، بە هێواشی و بە تەکنیکی سەلامەت کار بکات و، باشترە لە جیاتی دەرزیی ئاسایی، تەکنیکی “کانۆلا” بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی دەمار و دەمارەخوێنەکان.
ماوەی مانەوەی بۆتۆکس و فیلەر؛ هۆشداری لە کوالێتی نزم
تەمەنی کاریگەریی بۆتۆکس نێوان (٤ بۆ ٦) مانگە و پێویستی بە دووبارەکردنەوە هەیە. هەرچەندە زیاتر دووبارە بکرێتەوە، ماسولکەکە ڕادێت و چرچەکان کەمتر دەبنەوە.
بەڵام ماوەی مانەوەی فیلەر بە تەواوی بەستراوەتەوە بە جۆری کوالێتییەکەیەوە. د. گەشین کەمال هۆشدارییەکی توند دەداتە هاووڵاتیان و دەڵێت: “ئێستا لە بازاڕەکانی وڵاتی ئێمەدا فیلەری کوالێتی زۆر خراپ هەیە، کە بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیەوە خواستی زۆری لەسەرە. بەڵام هاووڵاتیان درک بەوە ناکەن کە زیان بە ماسولکەکانیان دەگەیەنێت و ماک و کاریگەرییە خراپەکانی دواتری، زۆر زیاترە لەو قازانجە کاتییەی کە هەیەتی؛ بۆیە پێویستە هەمیشە داوای باشترین کوالێتی بکرێت.”

