رۆژنامەی ھەولێر

دەبێ بڕوادار وەک خاڵی سەر گۆنا بێ لە ناو خەڵکیدا!

عومەر چنگیانی
گەرچی ناونیشانەكە، بۆ كەسێك كە خۆی بە خوێندنەوەی بابەتەكە ماندوو نەكات، جێگای تێڕامان و سەرنجە، وەلێ مامۆستا بەڕێزەكانی ئەندام لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، كە خۆبەخشانە ئەو ئەركە پیرۆزە دەبەن بەڕێوە، هەمیشە كار لەسەر وابەستەیی تاكی بڕوادار دەكەن، نەخاسمە لەسەر دروستكاری و بابەتی هزری و سۆزاوی، تا لە ڕۆژانی هەینیدا بیدەنەوە بەگوێی بڕواداراندا لە ڕیگای دوانگەی مزگەوتەكانەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەمەی دەیكەمە زمانی نووسین و توێشووی ئەم گوڵخەرمانە 10ی ئەم مانگی تەمووزە گوتاری دوانگەكانمان بوو، كە دەستپێك بە ئایەتی 21ی سورەتی (الاحزاب) بوو، كە دەفەرمێت: (بەڕاستیی مامۆستایەتی و پێشەنگیی ڕاست و دروست بۆ ئێوە لە محەمەد پێغەمبەری پەیامگەێنی خوایە بۆ كەسانێك خواویست بن و ڕازیکردنی ئەو و دابینكردنی باشی ڕۆژی دوایییان مەبەست بێت).
ئێمەی مسوڵمانان سەرمەشق و پێشەنگمان لە هەموو کاروبارێکی ئایینی و دنیاییماندا پێغەمبەرمان محەمەدە (ﷺ) کە نموونەیەکی باڵای مرۆڤی کامڵ بوو؛ لە عیبادەتکردنی بۆ پەروەردگاری، لە هه‌ڵسوکەوتی لەگەڵ خێزان و هاوەڵانیدا، لەگەڵ تێکڕای خەڵکی و تەنانەت لەگەڵ دژمنەکانیشیدا. هەروەها لە کاروباری گشتیی ژیانیشدا وەک گرنگیدانی بە پاکوخاوێنی، خۆڕازاندنەوە، ڕێکوپێکیی پۆشاک و، بە هەموو ئەو شتانەی کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت (ئەتەکێتی هەڵسوکەوت). لە موستەدرەكی حاكمدا هاتووە لە قەیسی كوڕی بیشری تەغلبییەوە دەڵێ: (باوكم هاومەجلیسی ئەبودەردا بوو لە شام، لە مزگەوتەكەیان پیاوێكی سەحابی هەبوو كە زۆر حەزی بە تێكەڵاوی نەدەكرد و، كە دەهات یان هەر نوێژی دەكرد یان تەزبێحات؛ جارێكیان ئەبودەردا بانگی كرد و پێی گون: مەگەر گوێت لەوە نەبووە كە جارێك پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەرم، پێی گوتین: ئێوە دەچنە ناو براكانتانەوە، با كاتێك دەچنە ناویان كاڵا و باڵا و ئامێری گواستنەوەتان ڕێكوپێك بن، با ئێوە وەك خاڵی سەرگۆنا یان ناوچەوان وا بن لە دوورەوە دیار بن لەنێو خەڵكیدا، بەڕاستی خوای گەورە كەسی دەمشڕ و جوێنفرۆش و داوێندۆڕی خۆش ناوێت).
لەو فەرموودە شەریفەدا، پێغەمبەری خودا (ﷺ) داوا لە مسوڵمانان دەکات کە لە ناو کۆمەڵگەدا دیار، جیاواز و دەستنیشانکراو بن، ڕێک وەک “شامة” (خاڵێکی جوان و بەرچاوی سەر گۆنا) و نیشانەیەکی جیاکەرەوە.
مسوڵمانی جیاواز و سەرکەوتوو:
بێگومان جیاوازی و سەرکەوتووییەکی ڕاستەقینە تەنها بە ڕووکەش نییە، بەڵکو بە پاککردنەوەی دەروون (تزكية النفس)، پابەندی بە بەها ئیمانییەکان، ڕەوشتی بەرز و، مامەڵەی بەبەزەییانەیە لەگەڵ خەڵکیدا؛ وەک ڕاستگۆیی، دەستپاکی، وەفاداری، بەزەیی، لێبوردەیی، خۆنەویستی، خزمەتکردنی خەڵکی و ڕێزگرتن لەو کەسەی کە ڕای جیاوازە. ڕاستی و جەوهەری ئەم جیاوازییەش لێرەدا دەردەکەوێت:
۱. لە ڕاستگۆیی تۆدا، کاتێک خەڵکانی تر درۆ دەکەن.
۲. لە دەستپاکی و ئەمانەتپارێزیی تۆدا، کاتێک خەڵکانی تر خیانەت دەکەن.
۳. لە لێبوردەیی تۆدا، کاتێک خەڵکی تۆڵە دەسێننەوە.
٤. لە خاکیبوونی تۆدا، کاتێک کەسانی تر خۆیان بە گەورە دەزانن.
٥. لە ڕێزگرتنی تۆدا بۆ بەرامبەرەکەت، ئەگەرچی لە ڕاوبۆچوونیشدا دژت بێت.
پێویستە کار لەسەر ڕێکخستن و کامڵکردنی ڕواڵەت (الظاهر) و هەناو (الباطن) بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەبێت:
یەکەم: پاککردنەوەی دڵ: لە هەموو ئەو شتانەی کە خودای گەورە نەهی لێکردوون.
دووەم: ڕەوشتجوانی: بڕوادار ئازاری کەس نادات بە زمان یان بە دەستی. گرژومۆن نابێت، بەڵکو هەمیشە بەڕووی خەڵکیدا پێدەکەنێت، یارمەتی هەژاران دەدات، ڕێزی گەورە دەگرێت و بەزەیی بە بچووکدا دێتەوە.
سێیەم: بەدیهێنانی سۆز و بەزەیی لە ژیانی خێزانیدا: لە نێوان هاوسەرەکاندا و لە پەروەردەکردنی منداڵاندا.
چوارەم: پاکوخاوێنی و ڕێکوپێکی: ئیسلام حەزی بە پاکوخاوێنییە لە تەواوی وردەکارییەکانی ژیاندا؛ لە پۆشاک و شێوەی دەرەوەدا، بۆیە پێویستە بسڵمان هەمیشە بۆنخۆش بێت، پۆشاکی ڕێکپۆش بێت، ماڵەکەی خاوێن و شوێنی کارەکەی ڕێکخراو بێت. بێگومان خاوێنی، خۆڕازاندنەوە و ڕێکوپێکیش بەشێکن لە ئەتقەنکردن و تەواوکاریی کار.
پێنجەم: وازهێنان لەو شتانەی پەیوەندییان بە تۆوە نییە: مسوڵمانی ژیر کاتەکانی تەرخان دەکات بۆ چاککردنی دەروون و کارەکەی خۆی و، دەست لە کاروباری تایبەتی خەڵکانی تر وەرنادات و بەدوای نهێنییەکانیاندا ناگەڕێت.