رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر.. قایمقامی قەزای بەحرکە و بەڕێوەبەری ناحیەی کۆڕێ دەستبەکار بوون

بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی قایقمامی قەزای بەحرکە و بەڕێوەبەری ناحیەی کۆڕێ بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی تەمووز، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، ڕێوڕەسمی فەرمانی کارگێڕی و دەستبەکاربوونی (شاخەوان سدیق سۆر) وەک قایمقامی قەزای بەحرکە و (ئیبراهیم مەلازادە) وەک بەڕێوەبەری ناحیەی کۆڕێ لە دیوانی وەزارەت  بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر سوپاسی بڕیارەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ بە قەزابوونی بەحرکە و بە ناحیەبوونی کۆڕێ، کە لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەت دێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.

وێڕای پیرۆزبایی لە بەرپرسە نوێیەکان، جەختیان لەوە كردەوە كە ئەو ئەركەی پێیان ڕاسپێردراوە بەرپرسیاریێتیەكی گەورە و نیشتمانییە، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ لەپێناو بەدیهێنانی خواستی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی زیاتری ناوچەکە.

لە کۆتاییشدا، جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی کاروباری کارگێڕی و خێراکردنی ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان کرایەوە، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی شایستە و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی دامەزراوە حکوومییەکان لەو سنوورەدا.