رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵ و گرنگیى پەنکریاس لە جەستەى مرۆڤدا

مستەفا مەحمەد مستەفا

 

پەنکریاس یەکێکە لە گرنگترین ئەندامەکانى لەشى مرۆڤ، هەرچەندە قەبارەکەى بچووکە، بەڵام ڕۆڵێکى گرنگ و بەرچاوى هەیە لە تەندروستى گشتیى لەشدا، ئەم ئەندامە دەکەوێتە دواوەى گەدە لە نزیک ڕیخۆڵە باریکەدا هەڵکەوتووە، بەهۆى درێژى و تەختی شێوەکەى لە نێوان ئەندامەکانى ترى لەشدا جێگربووە، پەنکریاس وەک ئەندامێکى هەرسکردن و کۆئەندامى بەرگرى لەش و ڕێکخەرى شەکر کاردەکات.

پەنکریاس دوو ئەرکى سەرەکیى لە ئەستۆدایە.
• بەرهەم هێنانى هۆڕمۆنى ئەنسۆلین و گلوگاگۆن (insulin – Glucagon)
• بەرهەم هێنانى ئەنزیمەکانى هەرسکردن کە یارمەتى شکاندنى خۆراکە ماددەکان دەدەن .

پنکریاس لە سێ بەشى سەرەکیى پێکهاتووە : ( سەر، لەش ، کڵک )
بەشى سەرى لە نزیک دوانزدە گرێى ڕیخۆلە باریکەدا جێگیربووە، لەشەکەى لە بەشى دواوەى گەدە درێژبووەتەوە، کڵکەکەى دەگاتە نزیک سپڵ، ئەم شێوە پێکهاتەیە وایکردووە پەنکریاس بتوانێت بە باشى کاربکات و پەیوەندیەکى نزیکى لەگەڵ ئەندامەکانى ترى کۆئەندامى هەرسدا هەبێت، هەروەها ئەنزیمەکانى هەرسکردن بەرهەم دێنێت.

پنکریاس لە سێ جۆر خانە پێکهاتووە .
• خانەکانى الفا و بێتا لە (Alpha – Beta) لە دورگەکانى لانگرهانز(Langerhans )، هۆڕمۆنەکانى وەک (ئەنسۆلین و گلوگاگۆن) بەرهەم دێنن بۆ ڕێکخستنى ئاستى شەکر لە خوێندا.
• خانەکانى ئەسینار(Acinar cells). بەرپرسیارن لە بەرهەم هێنان و خەزنکردن و دەردانى ئەنزیمەکانى هەرسکردن کە پێویستن بۆ شکاندنى پڕۆتین و نیشاستەو چەورییەکان لە ڕیخۆلە باریکەدا.
ئەم خانانە لە ناویەکدا ڕێکخراون، بە شێوەیەک لە دوورگەکانى لانگەرهانز لە ناوەراستییەوە خانەکانى بیتایە بە رپرسیارن لە دروستکرنى هۆڕمۆنى ئەنسۆلین، لە دەورى خانەکانى بیتا خانەکانى الفا ڕیزبوون بە شێوەیەکى بازنەى بۆ پێکهێنانى چێوەى دورگەکانى لانگەرهانز بەرپرسیارن لە بەرهەم هێنانى هۆرمۆنى گلوگاگۆن.
کاتێک ئاستى شەکر لە خوێندا بەرزدەبێتەوە لە دوایى خواردنى خۆڕاک، ئەنسۆلین وا لە خانەکانى لەش دەکات شەکر لە خوێن وەربگرن، وەک وزە بە کارى بێنن یان وەک چەورى هەڵى بگرن، بەم شێوە ئاستى شەکر دەگەرێتەوە بۆ ئاستى ئاسایى .
لە بەرامبەردا هۆڕمۆنى گلوگاگۆن لە خانەکانى الفا لە دوورگەکانى لانگرهانزبەرهەم دێت، ڕۆڵى پێچەوانەى ئەنسۆلینى هەیە، واتا کاتێک ئاستى شەکر لە خویندا دادەبەزێت، گلوگاگۆن بەرهەم دەهێنرێت، وا لە جگەر دەکات کە شەکرى هەڵگیراو ئازاد بکات، بەم شێوە ئاستى شەکر لە خوێندا بەرز بکاتەوە، ئەم دوو هۆڕمۆنە بە یەکەوە کاردەکەن تاکو ئاستى شەکر لە خوێندا لە ئاستێکى گونجاودا بمێنێتەوە، چوونکە بەرز و نزمى شەکر وادەکات زیان بە تەندروستى مرۆڤ بگەیەنێت .

پەنکریاس و نەخۆشییەکانى.
زۆرجار پەنکریاس تووشى نەخۆشییە جیاوازەکان دەبێت، دەتوانێت کاریگەرى گەورە لە سەر تەندروستى لەش بەگشتى دروست بکات، یەکێک لە باوترین نەخۆشییەکانى پەنکریاس هەوکردنى پەنکریاسە (Pancreatitis) کە بە شێوەیەکى تووند یان درێژخایەن (Acute&Chronic) ڕوودەدات .

هۆکارەکانى هەوکردنى پەنکریاس.
• زۆرخواردنەوەى کحول، بەردى زراو، هۆکارى تر وەکوو نەخۆشیى بۆماوەیى و بەکارهێنانى هەندێک لە جۆرەکانى دەرمان ، هەروەها تووشبوون بە ڤایرۆسەکان .
لە کاتى هەوکردنى پەنکریاس، ئەنزیمەکانى هەرسکردن لە ناو پەنکریاس خۆیان چالاک دەکەن، دەست بە هەرسکردنى خودى پەنکریاس دەکەن، کە ئەمەش دەبێتە ئازارێکى زۆر لە ناوچەکانى سکدا، هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆى کێشەى تر وەک نەخۆشیى شەکرەى جۆرى یەکەم یان دووەم، نەخۆشییەکى تر کە پەیوەندى بە پنکریاس هەیە نەخۆشیى شەکرە کاتێک ڕوودەدات پەنکریاس ناتوانێت ئەنسۆلین بە تەواوى بەرهەم بهێنێت یان لەش ناتوانێت بە شێوەیەکى کاریگەر ئەنسۆلین بەکاربهێنێت.

نەخۆشیى شەکرە بۆ دوو جۆرى سەرەکیى دابەش دەبێت.
• جۆرى یەکەم. نەخۆشییەکى دژە بەرگرییە (Auto immunity). دژە بەرگرى کە تیادا سیستەمى بەرگرى لەش هێرش دەکاتە سەرخانەکانى بیتا (Beta cells) کە ئەنسۆلین بەرهەم دێنێت.
• جۆرى دووەم. زیاتر پەیوەندى بە شێوازى ژیان و قەڵەوى و کەمى جووڵە هەیە، کە تیادا لەش بەرگرى دەکات لە بەرامبەر کاریگەرى هۆڕمۆنى ئەنسۆلین.
هەروەها پەنکریاس هەندێک جار تووشى نەخۆشیى شێرپەنجە دەبێت. کە ئەمەش یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانى شێرپەنجە، چونکە زۆر جار لە قۆناغەکانى سەرەتایدا نەخۆشەکە هیچ نیشانەیکى لێ بە دیارناکەوێت، کاتێک کە دەست نیشان دەکرێت شێرپەنجەکە لە قۆناغێکى زۆر پێشکەوتوودایە.

ڕێگاکانى پاراستنى پەنکریاس
لە بەرچاو گرتنى گرنگیى ئەو ئەندامە، پێویستە ڕێگاکانى پاراستن و تەندروستى پەنکریاس بزانین. یەکێک لە گرنگترین ڕێگەکان بۆ پاراستنى پەنکریاس، پاراستنى کێشى لەشە، لە ڕێگەى خواردنى خۆراکى تەندروست و مام ناوەند. چونکە قەڵەوى بە تایبەتى کۆبوونەوەى چەورى لە ناوچەى سکدا، مەترسیى تووشبوون بە نەخۆشییەکانى پەنکریاس زیاد دەکات، خواردنى خۆراکى کەم چەورى پر لە ڕیشاڵ وەکوو سەوزە و میوە و دانەوێلە، دەتوانن یارمەتى پاراستنى پەنکریاس بدەن، خواردنەوەى ئاوى پاک بەپێى پێویست ئەمانە ڕێگرى لە دروستبوونى بەردى زراو دەگرێت، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانى هەوکردنى پەنکریاس، خواردنەوەى کحوول بە شێوەیەکى زۆر یان بەردەوام یەکێکە لە مەترسیدارترین هۆکارەکان بۆ پەنکریاس، بۆیە کەمکردنەوەى یان وازهێنان لە خواردنەوەى کحوول ڕێگەیەکى باشە بۆ پاراستنى ئەم ئەندامە. جگە لەمانە جووڵە و وەرزشى ڕۆژانە هاوکارى لە کەمکردنەوەى ئاستى شەکر و کەمکردنەوەى مەترسى تووشبوون بە نەخۆشییەکانى پەیوەندیدار بە پەنکریاس دەکات.
شوێنى پەنکریاس لە لەشدا زۆر هەستیارە، چونکە لە نزیک خوێنبەرە گەورەکان و ئەندامەکانى تردا هەڵکەوتووە، هەر زیانێک بەم ئەندامە بگات، کاریگەرى گشتگیرى لەسەر تەندروستى لەشدا دروست دەکات.

ڕۆڵى پەنکریاس لە کردارى هەرس کردندا.
یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانى پەنکریاس، بەژدارى کردنە لە پرۆسەى هەرس کردنى خۆراک، پەنکریاس ڕۆژانە( ٥،١ تاکوو ٣ ) لیتر شلەمەنى بەرهەم دێنێت. کە تێکەلەیەکە لە ئاو و بای کاربۆنات و ئەنزیمەکانى هەرس کردن، ئەم شلەمەنیە لە ڕێگەى جۆگەى پەنکریاس دەرژێتە ناو دوانزدە گرێ، کە لەوێدا ڕۆڵى سەرەکیى دەگێرێت لە تێکشکاندنى پڕۆتین وچەورى و کاربۆهێدراتەکان.

ئەنزیمە سەرەکییەکانى پەنکریاس بریتین:
ترپسین و کیمۆترپسین (Trypsin – Kemo trypsin). پڕۆتینەکان دەشکێنێنن، لیپەز (Lipase) چەوریەکان دەشکێنێ، ئەمیلیز (Amylase) کاربۆهێدراتەکان دەکات بە شەکرە سادەکە. بەبێ ئەم ئەنزیمانە پرۆسەى هەرسکردن بە تەواوى نەدەکرا. چوونکە خۆراک بە باشى هەرس نەدەبوو، ماددە خۆراکییەکان نە دەگەیشتنە ناوخوێن، لەم ڕووەوە پەنکریاس وەک کارگەیەکى کیمیاوى لە لەشدا کاردەکات ئەم ئەنزیمانە بەرهەم دێنێت، بەمەش یارمەتى دابینکردنى وزەى پێویست بۆ خانەکانى لەش دەدات، لە هەمان کاتدا باى کاربۆناتى شلەمەنى ناو پەنکریاس ڕۆڵى هەیە لە کەم کردنەوەى ترشى گەدە، چوونکە کاتێک خۆراک دێتە ناو ڕیخۆڵە، ترشێکى بەهێزى لە گەڵدایە، باى کاربۆنات ئەم ترشە ڵاواز دەکات، بۆئەوەى زیان بە دیوارەکانى ڕیخۆڵە نەگات.
ڕۆڵى پەنکریاس لە ڕێکخستنى شەکر لە خوێندا.
دووەم ڕۆڵى سەرەکیى پەنکریاس لە ڕێکخستنى شەکر لە خوێندا، لە ڕێگەى بەرهەمهێنانى هۆڕمۆنەکانى ئەنسۆلین و گلوگاگۆن ئەنجام دەدرێت، خانەکانى الفا و بێتا لە دوورگەکانى لانگرهانز لە پەنکریاس بەرپرسن لە بەرهەمهێنانى ئەنسۆلین لە لایەن خانەکانى بیتا (Beta cells).
ئەو کەسانەى خێزانەکانیان کە مێژووى نەخۆشیى پەنکریاسیان هەیە، پێویستە زیاتر ئاگادارى تەندروستى خۆیان بن، بە شێوەیەکى بەردەوام چاودێرى تەندروستى خۆیان بکەن.