پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە شارەوانییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوامی هەیە و جگە لە سەنتەری شار، لە سەرجەم قەزا و ناحیەکان رێکارەکان چوونەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە. ئەم قۆناخەی ئێستا کە لە زەوییەکانی دەوروبەر دەستیپێکردووە، بریتییە لە قۆناخی بەکارتکردن و دیاریکردنی شوێنی زەوییەکان و فەرمیبوونیان بۆ مەبەستی تاپۆکردن.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سنووری شارەوانییەکانی دەوروبەری هەولێر پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێ و تەنیا لە شارەوانی بەحرکە مامەڵەی پێدانی کارت و تاپۆکردن بۆ ٥٠٠ فەرمانبەر دەستی پێکرد.
شارەوانی بەحرکە وەک یەکێک لەو شوێنانەی پێشەنگ بووە، لە هەمان کاتدا دەستی بە تاپۆکردنی زەوییەکان و دیاریکردنی شوێنی زەوی فەرمانبەران و پێدانی کارتەکان کردووە. هەر فەرمانبەرێک کە ناوی لە لیستەکەدا هەبێت، دەتوانێت لەمڕۆوە مامەڵەی کارتی زەوییەکەی دەستپێبکات و دواتر رێکارەکانی تاپۆکردن تەواو بکات.
بۆ ئەو مامەڵەیەش فەرمانبەران پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن؛ هەڵگرتنی پشتگیری ئەو فەرمانگەیەی تێیدا دەوام دەکات. ئامادەبوونی خودی فەرمانبەرەکە یان بریکاری یاسایی (وەکیل).
لە ماوەی رابردوودا، لە شارەوانییەکانی دەوروبەری هەولێر زیاتر لە ٣٠ هەزار فەرمانبەر زەوییان بۆ دەرچووە و لە زۆربەی شارەوانییەکان، بە تایبەت کەسنەزان، دارەتوو، بنەسڵاوە و بەحرکە، دەست بە تاپۆکردن کراوە. هەروەها لە قەزای خەباتیش بۆ یەکەمجار قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە.
سەبارەت بە سەنتەری شاری هەولێر، زیاتر لە ٨٢ هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٤٠ هەزار فەرمانبەر زەوییان بەسەردا دابەش کراوە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە شارەوانییەکانی دەوروبەر تاوەکو ئێستا مامەڵەی تاپۆکردن بۆ زیاتر لە ٤٠ هەزار فەرمانبەر ئەنجام دراوە و پرۆسەکەش دوای وردبینی لە مامەڵەکان بەردەوامی دەبێت.

