رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی دارایی: بەغدا لە 7 ساڵی ڕابردوودا تەنها 42%ی پشکی بودجەی هەرێمی ناردووە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پەرتووکی “کار و چالاکی و چاکسازییەکان”دا، کە داتاکانی ساڵی 2019 تاوەکو 2025 لەخۆ دەگرێت، ئامارێکی وردی دەربارەی شایستە داراییەکانی هەرێم و ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە نێردراوە، بڵاوکردەوە.

بەپێی خشتە و زانیارییە وردەکانی وەزارەتی دارایی، لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا، کۆی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق (دوای دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان و حاکیمە) زیاتر لە 79 ترلیۆن دینار بووە. بەڵام حکومەتی فیدراڵ لەو بڕە پارەیە تەنها 33 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، کە زۆربەی بۆ مووچەی فەرمانبەران بووە.

داتاکان ئاماژە بەوە دەدەن کە حکومەتی فیدراڵ لەو ماوەیەدا زیاتر لە 48 ترلیۆن دیناری لە پشکی شایستەی هەرێمی کوردستان بڕیوە، ئەمەش واتا هەرێمی کوردستان تەنها 42%ی ئەو بودجەیەی پێ گەیشتووە کە لە یاساکانی بودجەدا بۆی دیاری کراوە.

وەزارەتی دارایی تیشک دەخاتە سەر خاڵێکی تری گرنگ و ڕایدەگەیەنێت، کە لەو حەوت ساڵەدا حکومەتی فیدراڵ “هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان” نەناردووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان و بارگرانییەکی زۆری لەسەر حکومەتی هەرێم دروست کردووە بۆ دابینکردنی خەرجییە نێوخۆییەکان.

ئەم ڕاپۆرتە وردەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە یاسای بودجەی ساڵانی داهاتوودا بەردەوامییان هەیە، و هەرێمی کوردستان داوای دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی وڵات و ناردنی تەواوی پشکەکەی دەکات بەبێ بڕینی نایاسایی.