رۆژنامەی ھەولێر

مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی کۆچی لە موسڵمانان دەکات

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا، گەرمترین پیرۆزبایی بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کۆچی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات، لە پەیامەکەدا هاتووە کە هیوادارن ئەم بۆنە پیرۆزە ببێتە هەوێنی خێر، ئاشتی و کۆتاییهاتنی گشت کێشە و گرفتەکان، و جەختیش لەسەر پاراستنی نەریتی دێرینی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە.

دەقی پەیامەکەیەی مەکتەبی سیاسیی پارتی:

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (یەکی موحەرەم) سەری ساڵی نوێی کۆچی

بە بۆنەی هاتنەوەی (یەکی موحەرەم)، سەری ساڵی نوێی کۆچی، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین. هیوادارین ئەو بۆنە پیرۆزە هەوێنی خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بێت بۆ کۆمەڵگەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و مایەی کۆتایی هاتنی کێشە و گیروگرفتەکان بێت.

لەو دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە سەر نەریتی دێرینی پێکەوەژیان و پتەوترکردنی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی و بەرقەراربوونی سەقامگیریی و هاوئاهەنگی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١ی موحەرەمی ١٤٤٨ی کۆچی

١٦ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ی زایینی