رۆژنامەی ھەولێر

دژمنی جوانی و تەندروستی؛ جگەرەکێشان چ زیانێکی بۆ ژنان هەیە؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

جگەرەکێشان یەکێکە لەو هۆکارە هەرە مەترسیدارانەی بۆ تەندروستیی ژنان زۆر خراپە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و جۆرەکانی شێرپەنجە، بەتایبەت شێرپەنجەی سییەکان زیاد دەکات.

بەپێی ئامارەکان، ژنانی جگەرەکێش ٢٠ هێندە زیاتر لەو ژنانەی جگەرە ناکێشن، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سییەکان هەیە. جگە لەوەش، جگەرەکێشان هۆکاری سەرەکیی ٨٠٪ی حاڵەتەکانی مردنە بەهۆی نەخۆشیی «کپداگەڕانی درێژخایەنی ڕێڕەوی هەناسەدان» (COPD) لەنێو ژناندا.

پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە جگەرەكێشان ئەم زیانانەی هەیە:
• مەترسیی شێرپەنجە: ژنانی جگەرەکێش ٢٥٪ زیاتر لە پیاوانی جگەرەکێش ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سییەکان هەیە.
• نەخۆشییەکانی دڵ: ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک لە ژنانی جگەرەکێشدا زیاترە بەراورد بە پیاوانی جگەرەکێش.
• شێرپەنجەی ملی منداڵدان: جگەرەکێشان مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان زیاد دەکات، بەتایبەت لەو ژنانەی کە ڤایرۆسی (HPV)یان هەیە.
• کاریگەریی دەرەکی: جگەرەکێشان دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چرچولۆچی و نارێكی پێست.

کاریگەریی لەسەر پیتاندن و دووگیانی
پزیشكان ئاماژە بەوە دەكەن كە جگەرەکێشان توانای پیتاندن (منداڵبوون) کەمدەکاتەوە و ڕێژەی نەزۆکی لەنێو ژنانی جگەرەکێشدا دوو هێندەی ژنانی دیکەیە. لە کاتی دووگیانیشدا، جگەرەکێشان مەترسییەکانی:
• لەبارچوونی منداڵ و لەدایکبوونی پێشوەختە زیاد دەکات.
• ئەگەری بوونی کەمئەندامی و ناشیرینیی زگماکی لە کۆرپەلەدا زیاد دەکات، وەک «لێوی کەروێشکی»
جگەرەکێشان و تەمەنی نەشۆران (لەمنداڵکردنکەوتن)
ژنانی جگەرەکێش یەک بۆ چوار ساڵ زووتر لە ژنانی دیکە دەکەونە تەمەنی نەشۆرانەوە و، دوای بڕانی سووڕی مانگانەش، مەترسیی تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسک، نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە بەرزتر دەبێتەوە.

کاریگەرییە دەروونییەکان
جگەرەکێشان تەنها زیانی جەستەیی نییە، بەڵکو کاریگەریی دەروونیی هەیە و دەبێتە هۆی:
• زیادبوونی نیگەرانی (قەلەقی)، خەمۆکی و سترێس.
• هەستکردن بە هیلاکی و لاوازیی توانای خیەدان و تەرکیزکردن.

مەترسی بۆ دەوروبەر و منداڵان
زیانی جگەرەکێشان تەنها بۆ خودی ژنەکە نییە، بەڵکو منداڵەکانیشی دەکاتە ئامانج:
• مەترسی بۆ کۆرپە: زیادبوونی مەترسیی «مردنی لەناکاوی کۆرپە» (SIDS).
• نەخۆشییەکان: زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە ڕەبۆ، هەوکردنی سییەکان و هەوکردنی گوێ.

• دەرهاویشتەی درێژخایەن: لە داهاتوودا منداڵانی ژنانی جگەرەکێش زیاتر ڕووبەڕووی قەڵەوی، نەخۆشیی شەکرە و بەرزیی پەستانی خوێن دەبنەوە.
هەرچەندە جگەرەکێشان زیانێکی زۆری هەیە، بەڵام پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە وازهێنان لە جگەرەکێشان لە هەر قۆناغێکدا بێت، دەبێتە هۆی باشبوونی بەردەوامی تەندروستیی ژنان.