بەڕێوەبەری ئاماری هەرێمی کوردستان؛ئەنجام نەدانی سەرژمێری لە عێراق هۆکاری سیاسی لە پشتە

ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەرژمێری بێ ئەنجامن، بەشێکیان سیاسی و بەشێکی دیکەیان دەگەڕێنەوە بۆ دابیننەکردنی بودجە بۆ جێبەجێكردنی سەرژمێریەکە. بەڕێوەبەری ئاماری ھەرێمی کوردستان، دەڵێ، ئەمساڵیش سەرژمێری ناكرێت، لەگەڵ ئەوەی کارەکانی ڕووپێوی کار و بێکاری لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە ماوەیەکی نزیکدا رادەگەیەنرێت. دەشڵێ، حکوومەتی هەرێم چەند ھەنگاوێکی گرنگی ناوە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری.

بەھۆی دابیننەکردنی بودجە و دۆخی کۆرۆنا وادەی سەرژمێری لە عێراق دیاری نەکراوە، نەتەوەیەکگرتووەکانیش، دەڵێت، سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکان و کەرکووک پێویستە دۆخی ئەو ناوچانە لە پێشدا ئاسایی بکرێتەوە دواتر پرۆسەی سەرژمێری لەو ناوچانە بكرێت، لەبارەی وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ، تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ سەرژمێری دیاری نەکراوە، چونکە چەند داواکارییەک ھەن دەبێت جێبەجێ بکرێن، لەوانە تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بە پرۆسەکە کە دەبێت لە بودجەی گشتی ٢٠٢٢ جێگیر بکرێت، ھۆکاری دووەمیش پەیوەستە بە پەتای کۆرۆنا، ھەوڵەکانیش بۆ پرۆسەی سەرژمێری بەردەوامە و لە چەند پارێزگایەک بنکەی مەشق بۆ کارمەندان کراوەتەوە، کە لە نێویاندا ھەولێر و دھۆکیش ھەن، مەبەست لەوە کۆنتڕۆڵکرنی ئەو ئاستەنگ و ئالەنگیانەیە کە رەنگە لەکاتی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتی بێنە پێشەوە، ھەر چەندە تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ پرۆسەی سەرژمێری دیاری نەکراوە.
پرۆسەی سەرژمێری پێویستی بە رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا ھەیە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەمپرۆسەیە پێویستە بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە حکوومەتی عێراق ھەوڵی داوە سەرژمێری لە عێراق ئەنجام بدات، بەڵام ھەوڵەکانی تا ئێستا بێئەنجام بوونە، بەشێک لە ھۆکارەکان دابین نەکردنی بودجە و بەشێکی دیکەش سیاسین، کە ھەرێمی کوردستان مەبەستیەتی سەرژمێری بۆ مەرامی سیاسی نەبێت و پێویستە پێش سەرژمێرییەكە بارودۆخی کەرکووک و دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە. سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئاماری ھەرێمی کوردستان، بۆ ھەولێر، دەڵێت: ” لە ساڵی ١٩٨٧ـەوە سەرژمێری لە عێراق نەکراوە، کە دەکاتە ٣٥ ساڵ، ئەمە لە کاتێکدایە خۆی دەبێت ١٠ ساڵ جارێک پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرژمێری لە عێراقبە سیاسی کراوە، بۆیە ھەموو ساڵێک دوادەخرێت، سەرەڕای بوونی چەند ھۆکارێکی دیکە وەکو بابەتی بودجە و نەخۆشی کۆرۆنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بە سیاسی کراوە، لە کاتێکدا بۆ عێراق زۆر گرنگە ئەو پرۆسەیە بەڕێوە بچێت.
لەبارەی ئەو رووپێوەی لە ھەرێمی کوردستان کراوە، سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئاماری ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: “ڕووپێوێکمان کردووە لەبارەی رێژەی کار و بێکاری لە ھەرێمی کوردستان، تا بزانرێت ڕێژەکە لە چ ئاستێکدایە و کاری کردارییەکەی تەواو بووە، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتین لەگەڵ رێکخراوی کاری جیھانی کەی تەواو بوو گفتوگۆ لەسەر دەکرێت و وورکشۆپێکی بۆ دەکەین و رادەگەیەنین.
روونیشی کردەوە: “لەو رووپێوەی کە کراوە نموونەی ھەڵبژێردراو لە خێزانەکان دیاری کراوە لەسەر ئاستی پارێزگاکان، دواتر لەسەر ئاستی ئیدارەکان، فۆرمێکی تێروتەسەل بوو، زیاتر لە حەوت بەشی تێدا بوو، تیمی تایبەت لە پارێزگاکان لە ئاماری پارێزگاکان راھێنانی پێ کرا و چوونە مەیدان و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ خێزانەکان کرد بۆ وەرگرتنی داتا و زانیارییەکان، بەپێی ئەو پرسیارنامەی کە ئامادە کرابوو.
بەڕێوەبەری ئاماری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: “لە ساڵی ٢٠١٨وەڕووپێوی تازەمان نییە کە ئەو کاتڕمێژەی بێکاری ٩% بوو لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی ئێستا تازەترین رووپێو دەبێت کە پشتی پێ ببەسترێت.

ھەواڵی زیاتر