رۆژنامەی ھەولێر

داوا دەكرێت ئۆزەل پارێزبەندی لێ وەربگیرێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

دوای ئەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە هەڵوەشایەوە، ئۆزگوور ئۆزەل لە سەرۆكی پارت دوور خرایەوە و كەمال كلیچدارئۆغڵو بەبڕیاری دادگا بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە، لەناو پەرلەمان هەنگاوەكانی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە ئۆزگوور ئۆزەل دەستی پێ كردووە و دوای ئەوەش لەسەر دۆسیەی بەرتیلخواردن دەدرێتە دادگا.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە میدیاكانی توركیاوە بڵاو كراوەتەوە، یەكێك لەو دۆسیانەی داواكاری گشتی ئەنكەرا داوا دەكات ئۆزەلی پێ دادگایی بكرێت، بەرتیلخواردن بووە بە سەرۆكی شارەوانیی ئەنتاڵیا، بەوەی داوای لێ كردووە رەشوەی پێ بدات تا بەربژێری بكات بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان.
جیا لەوەش، هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە بەو هۆكارە بووە، ئۆزەل و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی ئیستانبۆڵ كە ئێستا زیندانی كراوە، پارە و پۆستیان لە كۆنگرەدا بەخشیوەتەوە تا كلیچدارئۆغڵو نەتوانێت سەر بكەوێت، لەسەر ئەو دۆسیەیەش داوا دەكرێت ئۆزەل دادگایی بكرێت.
دۆسییەی ئۆزەل و چەند پەرلەمانتارێكی تری سەر بە جەهەپە، لەلایەن داواكاری گشتی ئەنكەراوە گەیشتووەتە پەرلەمان، پێویستە پەرلەمان دانیشتنێك بکات و دەنگ لەسەر لێوەرگرتنەوەی پارێزبەندەکەی ئۆزەل و هاوڕێكانی بدرێت، ئەوكات دەتوانن بیدەنە دادگا.
هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئۆزەل، پێویستی بەدەنگی هیچ پارتێكی تری سیاسی نییە، تەنیا دەنگی مەهەپە و ئاكەپە بەسە بۆ ئەوەی پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت، بۆیە بەئەگەرێكی زۆرەوە پارێزبەندی لەسەر هەڵدەگیرێت و دادگایی دەكرێت.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، ئۆزەل لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: ”كاتێك بوومەتە سەرۆكی جەهەپە، هەموو شتێكم لەبەر چاوی خۆم داناوە، هەڵگرتنی پارێزبەندی و دەستگیركردن و تەنانەت تیرۆركردنیشم، بۆیە ترسم نییە.“
ئۆزەل جیا لەو دوو دۆسییەی لەسەری كراوەتەوە، ٣٠ دۆسیەی تریشی لەسەرە، بەڵام ئەو دوو دۆسیەی یەكەم لە هەموویان سەختترە، چونكە پەیوەندیی بە وەرگرتنی بەرتیلەوە هەیە و ساختەكاری لە هەڵبژاردندا.
چەند شرۆڤەكارێكی سیاسی پێیان وایە، رەنگە هیچ دەرچەیەك بۆ ئۆزەل نەهێڵنەوە دوای ئەوەی لە سەرۆكی جەهەپە لا درا، چونكە ئەو خاوەن جەماوەرێكی گەورەیە و ئەگەر پارتێكی سیاسی دروست بكات، رەنگە بتوانێت لە هەڵبژاردندا سەركەوتوو بێت، بۆیە وەكوو دەمیرتاش و ئیمامئۆغڵو، دەخرێتە زیندان و ترسیان لە ئۆزەل كۆتایی پێ دێت.
ئۆزەل لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤دا، لە یەكەم تاقیكردنەوەیدا وەكوو سەرۆكی جەهەپە، توانی سەركەوتنێكی گەوەرە بەدەست بهێنێت و جەهەپە بكاتە پارتی یەكەم، بەڵام دوای ئەوەی كەمال كلیچدارئۆغڵو، لە رێگەی چەند كەسێكی نزیكی خۆی داوای یاسایی لەسەر تۆمار كرد و گوتی كۆنگرەی ٣٨ ساختەكاری تێدا كراوە، ئیدی كۆنگرە هەڵوەشایەوە و ئۆزەل لە پۆستی سەرۆكی پارت لا درا و ئێستاش دەست کراوەتە هەنگاونان بۆ دادگاییكردنی.