رۆژنامەی ھەولێر

بڵاوکرانەوەی کۆشیعرێکی دیکەی خالید کۆچەر “خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی”

قـــــەهار شێخــــانی

 

لەناو ئەتڵەس و جوگرافیای شیعری ئەمڕۆی کوردی خالید کۆچەر بە شاعیری خۆشەویستی دەخوێندرێتەوەو ناو دەبردرێت، شاعیرێکی هەستناسکە و جوان دەنووسێت، شیعرەکانی بۆنی خۆشەویستی و ئەشقێکی گەورەیان لێدێت، جگە لەمەش شاعیرێکی سادەو خاکییە، خالید کۆچەر نەوەی هەشتایەکان دەخوێندرێتەوە، یەکەم کتێبی ساڵی 1981 لەژێر ناونیشانی (فرمێسکی مەهاباد) چاپ کردووە، تا ئێستا حەوت کتێبەشیعری چاپ کردووە.

خەونیکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی، 156 لاپەڕەیە و، بە چاپێکی جوان و دیزاینێکی سەرنجڕاکێش بە تیراژی 500 دانە و لە چاپخانەی هێڤی چاپ کراوە؛ بە پێویستم زانی ڕووبەروو دەربارەی ئەم کۆشیعرە تازەی چەند پرسیارێکی لێ بکەم و ئەم کورتەدیمانەی لێ کەوتەوە .
– خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی، بەم ناو نیشانە و پر لە ئاوازی خۆشەویستی ناونیشانێکی جوانت بۆ ئەم کتێبەت هەڵبژاردووە، بۆ ئەم ناونیشانەت هەڵبژارد؟
بە زەردەخەنەوە، چونکە بۆنی ڕۆژانی ڕابردووی لێدێت، ئەو ڕۆژانەی من و ئەشق لەناو یادگارە پیرۆزەکاندا پیاسەمان دەکرد، لە زەمەنی گەنجی ئاوا نووسیوم، لە زەمەنێکی زوودا کچێکی قژ زەردی گەڕەکەمان ناسیی و بووین بە دڵخوازی یەکتر، لە شیعرێکمدا دەڵێم:
تەمەنت لە سەرووی پەنجا ساڵیدایە
ڕوخسارت هەر لە کچە جوانەکەی جاران دەچێت
وا دەزانم تازە پۆلی پێنجی سەرەتاییت
جانتایەکەی دەستت بە شانتاوەیە و پڕیەتی لە ئەلفوبێی خۆشەویستی
بۆ ناونیشانی شیعرێکی تازەم
– مێژووی شیعرەکانی ئەم کتێبەت بۆ ساڵانی چەند دەگەڕێتەوە؟
به چاکم زانی ئەو شیعرانەی ساڵانی هەشتا و نەوەدەکان نووسیومن و لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوم کردبوونەوە، کۆیان بکەمەوە، لە کتێبێکدا چاپیان بکەم، زۆربەی مێژووی شیعرەکان بۆ سی ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە و نووسیومن .
– بۆچی لەناو ژانرە ئەدەبییەکاندا شیعرت هەڵبژارد؟
شیعر ئەو ژانرە ئەدەبییە جوانەیە سەر قافلەی هەموو ژانرەکانە، شیعر و شاعیر بوونەتە ناسنامەی هەموو نەتەوەیەک .
– شیعر ڵای تۆ چ خۆشەویستی و پەیامێک دەگەینێت؟
ئەگەر خۆشەویستیی شیعر نەبوایە، شیعرم ڕادەلەبەر خۆش نەویستبایە گۆڤاری ژوانی شیعرم بڵاو نەدەکردەوە، ئێستا خوێنەرێکی بێژماری هەیە، وەک چەترێکی جوان شاعیرەکان بەدوای ئەم سێبەرە دێن بۆ فێنکایی، دوو ژمارەمان لێ بڵاو کردۆتەوە، ژمارە 3 لە چاپخانەیە، لەناو ژانرە ئەدەبییەکاندا، شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، بابەتەکانی دیکە، بەڵام لێتانی ناشارمەوە شیعرم لەناو ژانرە ئەدەبییەکاندا لەناو هەموویان زیاتر خۆش دەوێت.
– بیستوومە بۆ ئەم کتێبە تازەت لە مەراسیمێکدا کۆڕی ناساندنی بۆ دەکەییت؟
بەم نزیکانە لە مەراسیمێکدا کۆڕی ناساندنی بۆ دەکەم لە شاری هەولێر.
– دوا پرسیار، دەڵێن لە پەنا هەر نووسەر و شاعیرێکی دیار و پڕ لە داهێنان ئافرەتێک هەیە، خۆشەویستی ئافرەتێک نزیکە لە شیعرەکانت.
لە هەموو ژیانم لە ژێر کاریگەریی یەک ئافرەت شیعری خۆشەویستیم نووسیوە، گرنگ نییە ئێستا منی خۆش دەوێت یا نا، منی لە یادە یا منی بیر چۆتەوە، بە یادی یادگارییەکانمەوە دەژیێت یا نا، دەڵێت شاعیرێکی شێت هەبوو ناوی خالید کۆچەر ڕادەلەبەر یەکتریمان خۆش دەویست، گرنگ ئەوەیە ئەگەر خۆشەویستی ئەو ئافرەتە مەزنە نەبوایە ئەو شیعرانەم پێنەدەنووسرا، دەبێت هەتا ماوم سوپاسیی بکەم، سوپاسیی شیعر بکەم .لە بابەتێکی ئەدەبی نووسیومە : من شیعر بۆ ئیحساسیی جوانی ڕۆژانی ڕابردووی خۆم دەنووسم، شیعر بۆ خۆشەویستی و تریفەی جوانی ئەڤین دەنووسم، بۆ خۆم دەنووسم، لە ژیانمدا شیعرم بە خەیاڵ نەنووسیوە و ناشنووسم، هەموو شیعرەکانم ئیحساسی خۆمە، کاتێک شیعرێک، یا کۆشیعرێک دەنووسم و بڵاویان دەکەمەوە، دەبێتە مڵکی خوێنەر و مرۆڤە ئاشقەکان، منیش وەکو ئەوانی تر دەبمە خوێنەری شیعرەکانی خۆم، لە کۆتا وشەدا دەبێت سوپاسی ئەو خاتوونە ئازیزە بکەم کۆشیعرێکی تری پێ نووسیم، ئەگەر یاد و خۆشەویستیی ئەو ئەشقە گەورە نەبوایە، خالید کۆچەر کۆشیعری ‘خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی’ـی پێ نەدەنووسرا .