بـــەهرە حەمەڕەش
مێژووی سیاسی لە جیهاندا هەمیشە وەک لۆژیکی بەرژەوەندییەکان، دەستکەوت، شەڕ و کوشتار، سەرکەوتن و دۆڕان پێناسەکراوە، بەبێ ئەوەی بۆ بوونە سرووشتی و غەریزەییەکەی مرۆڤ بگەڕێینەوە، ئەو بیرکردنەوەیە بە گەشتی خەیاڵەکانماندا گوزەر بکات، کە دیکتاتۆرترین مرۆڤی ئەم جیهانە خاڵی لاوازی هەبووە و لە وێستگەیەک لە وێستگەکانی ژیانیدا، لە جیاتی بەکارهێنانی لۆژیکی هێز (ترپەکانی دڵ) زاڵبوون و لەو ساتەدا ئەقڵ جەستەی بەجێ هێشتووە و دڵ حووکمی ژینگەکەی کردووە.
لە پاڵ (هێز)، (سوپا)، (جەنگ) و (چەک) هێزێکی نەرم بە ئارامی ئاراستەکانی مێژووی گۆڕیوە، لە کاتێکدا گەورە سەرکردەکانی جیهان وەک هێزی ڕەها دەرکەوتوون، ئایین و باوەڕ نەگۆڕترین بەشبووە لە مێژووی ناسنامەیان، (جادووی ئەشق) و (پێداگیری ژن) توانیویانە گۆڕانکاری لەو (باوەڕە سەخت)ـانەش بکەن، لە دڵی کەنیسەکانی ئەوروپاوە تاکو کۆشکەکانی فەرمانڕەوایی مەغۆل، کاریگەری ژن وەک داڕێژەری سەرەکی نەخشەی جیهان دەردەکەوێت، کە لە لاپەڕە (شاراوەکانی مێژوو)دا گوم کراون.
ئەشق لە ژیانی سیاسییەکاندا، تەنیا پەیوەندییەکی تێپەڕ و حەزێکی سادە نەبووە، بەڵکو لە هەندێ وێستەگەدا بۆتە هۆکاری گۆڕانکاری لە بڕیار و دەسەڵات و ئاییندا، لە هەندێ کاتیشدا مرۆڤێکی دڵڕەقی وەک هیتلەری کردووە بە بەندی بڕیارێکی کچانەی خۆشەویستەکەی، ئەو خاڵە ساتەوەختی گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ ڕەسەنایەتی خۆی.
لە پێناو ئەشقدا ئایینیان گۆڕی
چەندین، پاشا، حوکمڕان و سەرکردەی سیاسی و کەسایەتی ئایینی هەن لە مێژوودا، کە لە پێناو ئەشقەکانیان و بۆ بە دەستهێنانی ڕەزامەندی دڵی ژنێک ئایینەکانیان دەگۆڕن، ئەم بڕیارەیان نەک هەر ژیانی خۆیان بەڵکو مێژوو و نەخشەی ئایینی و سیاسی وڵاتەکەشیان گۆڕیوە.
سەردەمی پاشا (هینری هەشتەم) بە یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی مێژووی ئینگلتەرا دادەنرێت و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگەی ئەوروپی بە گشتی بەجێ هێشت، دواتریش دەبێتە دەستپێکی وەرچەرخانێکی گەورە لە کۆمەڵگەی بەریتانیدا.
ڕیفۆرمی ئایینی و جیابوونەوەی کڵێسەی ئینگلیزی لە کڵێسەی ڕۆما، بە دیارترین ڕووداوی مێژوویی ئەو قۆناغە دادەنرێت و تا ئێستاش کاریگەری ئەو پەرتبوونە بەسەر تەواوی ژیانی کۆمەڵگەی ئەوروپییەوە ماوە.
ژن هۆکارێکی سەرەکی ململانێکانی ئایینی بووە، هەر ژن بووە کۆتایی بە (هەژموونی پاپا) بەسەر بەریتانیادا هێنا، ئەگەر ژن نەبوایە ڕەنگە گەندەڵییەکانی کڵێسە و قۆرخکاری داهات بەردەوامی هەبوایە، ئەشق ئەو هێزە پاڵنەر و یەکلاکەرەوەبوو، کە وای لە (هێنری) کرد بڕیارە سەختەکە بدات، (هینری) ئاشقی کچێک دەبێت بە ناوی (ئان بۆلین) دەیویست لە هاوسەرەکەی (کاسرینی ئەراگۆن) جیاببێتەوە بۆئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ (ئان) بکات، کاتێک پاپای (ڤاتیکان) ڕەتیکردەوە مۆڵەتی جیابوونەوەی پێبدات، (هینری) لە پێناو گەیشتن بە (ئان) ڕوو بە ڕووی سەرجەم یاسا، کەلتوور و دابونەریتەکانی کۆمەڵگەی بەریتانی بووەوە، بڕیارێکی مێژووییدا پەیوەندی وڵاتەکەی بە تەواوی لەگەڵ (کەنیسەی کاتۆلیکی ڕۆما) پچڕاند، خۆی وەک سەرۆکی باڵای کەنیسەی نوێی ئینگلتەرا (ئەنلیگان-پرۆتستانت) ڕاگرت تاکو بتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی بکات، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی (چاکسازی ئایینی) لە ئینگلتەرا. بەرهەمی ئەم خۆشەویستییەی (ئان) و (هینری) کچێک بوو بە ناوی (ئەلیزابێس).
فەرمانڕەوای (کیێڤ ڕوس) (ئۆکراینا و ڕوسیا)ی ئێستا لە سەرەتادا بتپەرست بوو، کاتێک ئەشقی شازادە(ئانا) دەبێت، کە خوشکی ئیپمراتۆری بێزەنتی (مەسیحی ئۆرتۆدۆکس) بوو، ئیمراتۆری (بیزەنتی) مەرجێکی سەختی بۆ گەیشتن و هاوسەرگیرییان دانا، ئەویش ئەوەبوو کە دەبێت (ڤلادیمیر) ببێت بە (مەسیحی) بە پێچەوانەوە خوشکەکەی پێ نادات. لە پێناو گەیشتن بە (ئانا)، (ڤلادیمێر) لە ساڵی (٩٨٨)ـی زایینی ئایینی خۆی بۆ (مەسیحی ئۆرتۆدۆکس) دەگۆڕێ و گەلەکەشی ناچار دەکات ببن بە مەسیحی، ئەمەش (مێژوو)ی (ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا)ی بۆ هەمیشە گۆڕی.
وێڕای گۆڕینی ئایین لە پێناو ئەشقدا لە جیهانی ئیمپراتۆر، سەرکردە و گەورەپیاوانی مێژوو، لە جیهانی (عیرفان) و ئەدەبیشدا چیرۆکی شێخێکی مەزن هەیە، کە لە پێناو خۆشەویستەکەیدا ئایین دەگۆڕێت و دەبێت بە گاور.
ڕەنگە زیادەڕەویی نەبێت، ئەگەر بڵێن کۆمەڵگەی کوردیش خاوەنی چەندین نموونەی جیاوازە وەک (شێخی سەنعان)، کە نموونەی گەورەی ئایین گۆڕین لە پێناو ئەشقدا لە زۆربەی دانیشتن و کۆڕبەستنی ئاشقانەدا باس دەکرێت، چونکە شێخ نموونەی لوتکەی خوداناسی و زوهد بووە، ڕابەرێکی ئایینی مەزن بووە و سەدان قوتابی لەسەردەستی ئەو پەروەردە بوون، دەگوترێت (٥٠) جار فەریزەی حەجی جێبەجێکردووە، بەڵام کاتێک گەشتێک بۆ وڵاتی (ڕۆما) دەکات، گیرۆدەی نیگای کچێکی گاور(مەسیحی) دەبێت، کاتێک شێخ هەستەکانی خۆی بۆ کچەکە دەردەبڕێت، مەرجی رازیبوونی بۆ شێخ گۆڕینی ئایین دەبێت، لەو کاتەدا (شێخی سەنعان) بە بێ دوودڵی لە پێناو بە دەستهێنانی دڵی ئەو کچە بەرماڵ فڕێدەدات و پشتێنی ئایینی مەسیحیەت دەبەستێ و دەبێت بە شوانی بەرازەکانی کچەکە، شێخ ئامادەیی دەربڕی ببێتە بە مایەی ڕیسوایی و لۆمەی هەموو جیهان بۆ ئەوەی بە خۆشەویستەکەی بگات.
پارادۆکسی دەسەڵات و خاڵی لاوازی سەرکردەکان
کاتێک پیاوانی سیاسی گیرۆدەی ئەشقی خانمێک دەبن، لە (دژەوانە)یەکدا دەژین، کە تێگەیشتن و شیکردنەوەی بەلای خۆشییەوە سەختە، چونکە لە کەسێکی (فەرماندە)وە دەبێت بە کەسێکی (فەرمان پێکراو) یان (فەرمانبەر) لە کۆنترۆڵکەرە و، دەبێت بە کۆنترۆڵکراو، لە (حاکم)ەوە دەبێت بە (مەحکووم).
کاتێک گوێبیستی فەرمانڕەوایی (مەغۆلەکان) دەبین یەکسەر سەرنجمان دەچێتە سەر (جەنگیز خان) و (هۆلاکۆ) داگیرکاری و خوێنڕشتن، کەم لە مێژوونووسان خۆیان لە قەرەی باسی کاریگەری و ڕۆڵی ژن لە ژیانی سەرکردەکانی مەغۆل داوە، لە کاتێکدا لە (جەنگیز خان)ەوە تاکو سەرکردەکانی دیکەی مەغۆلەکان، لە لایەن ژنەکانی ناو ژیانیانەوە ئاراستەکراون، (ژن) گەورەترین و بەرچاوترین ڕۆڵی لە پێناو دامەزراندنی (قەوارەیەکی سیاسی مەغۆل)یدا بینیوە. (جەنگیزخان) بەهۆی خۆشەویستەکەیەوە دەتوانێت دەوڵەت دابمەزرێنێت، چونکە دوای ئەوەی بەشێکی زۆر لە خێڵەکان بەهۆی مردنی باوکییەوە هەڵدەگەڕێنەوە، (پورتێ) خۆشەویستەکەی (جەنگیزخان) بۆ ماوەی دووساڵ بە بەڵێنداری جەنگیزخان دەمێنێتەوە لە کاتێکدا جەنگیزخان بەجێی دەهێڵێت ئەو چاوەڕوانی دەکات، کاتێک (جەنگیزخان) بەهۆی زیرەکی (پورتێ)وە دەگەڕێتەوە بۆلای، خێڵەکەی کە یەکێک بووە لە خێڵە گەورە و کاریگەرەکانی مەغۆل، ڕازی دەکات تاکو پشتیوانی لە (جەنگیزخان) بکەن و دەبن بە پاڵپشتی دامەزراندنی دەوڵەتەکەی. دوای گەورەبوونی کوڕەکانیشی (پورتێ) مەرجەعی بڕیاردانی (جەنگیزخان) بووە و تەواوی (سەرکردەکانی مەغۆل) پرس و ڕایان پێ کردووە و وەک سەرکردەی ڕۆحی و سایە و سێبەری (جەنگیزخان) لێیان ڕوانیوە.
وێڕای کاریگەری (پورتێ) کە بووەتە هاوسەری فەرمی (جەنگیزخان)، (یەسوجین) کچی (بیکی تشرین) ی سەرکردەی (تەتارییەکان)، کاتێک مەغۆلەکان داگیریان دەکەن و دەست لە کوشتار ناپارێزن، توانیی کاریگەری بخاتە سەر (جەنگیزخان)ـی خوێنڕێژ و ببێتە فریادڕەس بۆ گەلەکەی و بڕیاری ڕاگرتنی تووندوتیژی دژ بە تەتارییەکان لە لایەن (جەنگیز خان)ـەوە دەربکات و (مەغۆل) و (تەتاری)یەکان تێکەڵ بکات.
(ئێدروادی هەشتەم) پاشای بەریتانیا، ساڵی (١٩٣٦) گەورەترین ئیمراتۆریەتی ئەو سەردەمە بەجێ دەهێڵێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ژنێکدا بژیت، کە لە مێردەکەی جیا بۆتەوە، ئەوکاتەی ئەم کارەی (ئێدوارد) بووە هێدمەیەکی گەورەی مەعریفی بۆ فەلسەفەی دەسەڵات، چونکە ئەم ژنە لە ژیانی (ئێدوارد)دا بوو بە هێزێکی سەرووی ئارەزووی (تەخت و تاج) و دەسەڵاتدارەتی. ئەمەش بە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ ڕەسانەیەتی خۆی ئەژمار دەکرێت، چونکە لە بنەڕەتدا مرۆڤ پێویستی بە تێرکردنی غەریزە سرووشتی و ئەقڵیەتییەکانیشیەتی، زاڵکردنی هەریەکەیان بەسەر ئەویتردا لاسەنگی لە ژیاندا دروست دەکات و ژیان بە ڕێڕەوێکی ئاساییدا گوزەر ناکات.
دیکتاتۆری گەورە (هیتلەر) لە لوتکەی دەسەڵاتدا بوو کۆنترۆڵی ملیۆنان مرۆڤی دەکرد، چارەنووسی (جەنگ و ئاشتی) جیهانی بە دەستەوە بوو، کیژۆڵەیەک کۆنترۆڵی هەستەکانی دەکرد، کە ماوەی (١٤) ساڵی ڕێک هیتلەر ئەم پەیوەندییەی شاردەوە، چونکە پێی وابوو (ئیڤا براون) خاڵی لاوازیەتی و نابێت کەس خاڵی لاوازی ئەو بزانێت. لە ساڵی (١٩٤٣) کاتێک (هیتلەر) بڕیار دەدات، بەهۆی دۆخی جەنگەوە هەموو جۆرەکانی ئارایشت لە وڵاتدا قەدەغە بکات، (ئیڤا) ناڕەزایی دەردەبڕێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکات، بۆیە هیتلەر داوا لە (وەزیری جەنگ) دەکات تەنها بەرهەمهێنان ڕابگرن نەک بەکارهێنان و قەدەغەکردنی تەواوەتی.
ساڵی (١٩٤٩) هیتلەر ڕازی نەبوو (ئیڤا) لە گەشتەکەی بۆ (بەرلین) لەگەڵیدا بێت، بەڵام (ئیڤا) بەبێ فەرمانی ئەو گەشت دەکات، کاتێک هیتلەر بەمە دەزانێت زۆر پێی ناخۆش دەبێت لە جیاتی تووڕەبوون، لە هەمان گەشتەدا بە فەرمی هاوسەرگیریی لەگەڵدا دەکات.
ئەشق لە ژیانی (جۆزێف ستالین) دیکتاتۆرەکەی یەکێتی سۆڤیەت، سەرنجڕاکێشە، چونکە لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت “مردنی کاترینا هەموو هەستێکی مرۆڤایەتیی لە دڵمدا کوشت”.
لە ساڵی (١٩٠٦)دا (جۆزێف ستالین) لە تەمەنی (٢٤) ساڵاندا ئەشقی کچێک دەبێت بە ناوی (کاترینا)، (ستالین) بە جۆرێک ئەشقی بووە، کە زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ ئەودا بەسەر بردووە، لە کاتێکدا لە قۆناغی خەباتدا بوون، ستالین هاوسەرگیری لەگەڵ کاترینا دەکات و کوڕێکیان دەبێت بە ناوی (باکۆڤ) بەڵام تەنها یەک ساڵ لە دوای هاوسەرگیرییەکەیان لە ساڵی (١٩٠٧) کاترینا بە نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات، دەڵێن، لە کاتی ناشتنەکەیدا ستالین خۆی دەخاتە ناو گۆڕەکەی و دەڵێت “کاترین ئەوەندە شیرین و جوان بوو، دڵی منی تواندەوە، بەڵام ئەم مردنە هەموو هەستێکی مرۆڤایەتی لە دڵمدا کوشت”.
چیرۆکێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی ئەشقی سیاسییەکان، ئەشقەکەی (فرانسوا میتران) و (ئان پینجۆ) بوو، (فرانسوا میتران) بە یەکێک لە بەهێزترین سەرۆکەکانی مێژووی هاوچەرخی (فەرەنسا) (١٩٨١-١٩٩٥)، دادەنرێت، ئەم سەرۆکە بۆ ماوەی (سی ساڵ) پەیوەندییەکی سۆزداری و نهێنی لەگەڵ ژنێکدا هەبوو بە ناوی (ئان پینجۆ)؛ ئەم سەرۆکە وێڕای هاوسەرەکەی ژیانی سۆزداری و خۆشەویستیی لەگەڵ (ئان)دا بووە، بەرهەمی ئەم ئەشقە کچێک بووە بە ناوی (مازارین) تاکو کۆتاییەکانی تەمەنی (فرانسوا میتران) ئەم پەیوەندییە بە نهێنی مایەوە. لە مەراسیمی پرسەی کۆچییدوایی (فرانسوا میتران)دا، هاوسەرە فەرمییەکەی و ئان بەیەکەوە وەستابوون. دوای ئاشکرابوونی ئەم نهێنییە (١٢٠٠) نامەی ئاشقانەی ئەم پەیوەندییە بڵاوکرانەوە، کە شیکاری زۆریان بۆ کرا، چونکە لە ئەگەری ئاشکرابوونی ئەم پەیوەندییەدا بۆی هەبوو (فرانسوا میتران) پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەشی لە دەست بدات، بەڵام ئەو مەترسییەکانی قبووڵ کردووە و درێژەی بە پەیوەندییەکە داوە. لە کاتێکدا (میتران) یان پیاوە بەهێزەکەی کۆشکی (ئەلیزێ) لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەک، هێمای هێز و لۆژیک دەناسرا، بەڵام لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ (ئان) نووسیویەتی “لە تەنیشت تۆوە، لە ناو تۆدا دەتوێمەوە. من کاتێک بوونم هەیە کە لە تۆدا ون دەبم”. ئەمەش لە کایەی دەروونناسی و کۆمەڵناسیدا دەکرێ وەک (شۆڕشێکی دەروونی) ئەم ئەشقە شی بکەینەوە کە (میتران) بە هۆیەوە خۆی دۆزیوەتەوە.
(سەدام حوسێن) دیکتاتۆرە دڵڕەق و خوێنڕێژەکەی عێراقیش، ئەشق لە ژیانیدا هەبووە، دەگوترێت “لەگەڵ هەموو کەسێکدا توندو دڵڕەق بوو، تەنها لەگەڵ سەمیرەدا نەرم بوو”.
(سەمیرە شابەندەر) ئەو چیرۆکە خۆشەویستییەی (سەدام حسین)ـە، کە تاکو ئێستاش زۆر بە ئاشکرا باسی لێوە ناکرێت، لە کاتێکدا بە پێی سەرچاوەکان کوڕێک بە ناوی (عەلی) بەرهەمی ئەو ئەشق خۆشەویستییەیە و تەنانەت لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا (سەدام حوسێن) خەمی پاراستنی (سەمیرە و عەلی) بووە، بۆیە ڕەوانەی وڵاتی (تورکیا)یان دەکات.
لە سەرەتای ساڵی هەشتاکاندا (سەدام حوسێن) لە سەردانێکدا بۆ قوتابخانەیەک (سەمیرە شابەندەر) دەبینێت، ئەوکاتە (سەمیرە) هاوسەری فڕۆکەوانێک بووە، بەڵام (سەدام) ئەشقی دەبێت و لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا جیایان دەکاتەوە، لە ساڵی (١٩٨٦) بە نهێنی هاوسەرگیریی لەگەڵدا دەکات، لە یەکێک لە بیرەوەرییەکانیدا (سەدام) دەڵێت “وەک شێت خۆشم دەوێت”، هەرکاتێک کەس نەیوێراوە قسە لەگەڵ (سەدام) بکات داوای هاوکاری لە (سەمیرە) کراوە.
دیوێکی دیکەی مێژوویەکی نزیک لە عێراق، کە (دکتۆر محەمەد عەرەب) لە وەرگێڕانی (محەمەد عەبدوڵڵا) لە کتێبێکی بچووکدا بە ناوی (ئەشقەکەی بریمەر) نووسیویەتی، نموونەیەکی دیکەی درەوشاوەی ئەم سەردەمەیە، کە لە ساتەوەختی قەیرانەکان و ڕووخانی دەسەڵاتێک و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی لە لایەن دەسەڵاتێکی دیکەوە، لە کاتێکدا دەرەوە پڕاوپڕ لە کارەساتی تەقینەوە و دڵەڕاوکێی دامەزراندنی عێراقی نوێ و ترس و تیرۆر بوو، لە ناو کۆشکی (حاکمی مەدەنی عێراق)دا ئەشقێکی شێتانە لە نیوان کچێکی سیوپێنج ساڵ لەگەڵ باڵیۆزدا سەری هەڵدەدا، ئەم ئەشقە گەیشتبووە ئاستێک، کە هەمووان لە ناو جەرگەی تەقینەوە و جەنگدا گوێیان لە ترپەکانی دڵی بریمەر بوو بۆ ویداد فرەنسیس، هەربۆیەش بۆ نزیک بوونەوە لە (پۆل بریمەر) زۆربەی سەرکردەکان دیاریی گرانبەهایان پێشکەش بە (ویداد فرەنسیس) دەکرد، چونکە ئەم کچە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بڕیار و بۆچوونەکانی باڵیۆز هەبووە.
لە کاتی ئەرکدا بە مەبەستی پاراستنیان خێزانەکەی (ویداد)ی گواستووەتەوە بۆ (ناوچەی سەوز) لە بەغدا و دوای ئەوەش بەر لەوەی خۆی یەکجاری عێراق بەجێ بهێڵێت، (ویداد) گەشت دەکات و عێراق بەجێ دەهێڵێت. ئەوە پێمان دەڵێت، کە داڕێژەری نەخشەی (عێراقێکی نوێ) لە ناوەوەی کۆشکەکەی، کچێک نەخشەی دڵی تێک دەدات و سەرلەنوێ دروستی دەکاتەوە. (ویداد فرەنسیس) لە کاتی گێڕانەوەی نهێنییەکانی خۆی بۆ رۆژنامەنووسێک ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە (پۆل بریمەر) ئەڵماسی گرانبەهای پێشکەش کردووە کە نرخەکەی (سیهەزار دۆلار) بووە. بەر لەوەی خۆی عێراق بەجێ بهێڵێت خۆشەویستەکەی و خێزانەکەی دەنێرێت بۆ وڵاتێکی تری عەرەبی تاکو ئامادەکاری بکەن، بۆ چوونیان بۆ ئەمەریکا. بەپێی کتێبی (ئەشقەکەی بریمەر) لەم پەیوەندییە خۆشەویستییەدا کچێک لەدایک بووە بە ناوی (ڤینۆس) و دوای ئەوە (پۆل بریمەر) بڕیاری داوە لە هاوسەرە فەرمییەکەی جیا ببێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستە مەسیحییە عێراقییەکەیدا بکات. شایانی ئاماژەیە پێشتر (ویداد فرەنسیس) لە بەشی پرۆتۆکۆلی کۆشکی سەرۆکایەتیی (سەدام حوسێن)ـدا کاری کردووە، بەهۆی زیرەکییەکەیەوە دوای ڕووخانی سەدامیش هەر لە شوێنی خۆی ماوەتەوە تاکو ئەوکاتەی حاکمە مەدەنییەکەی عێراق ئەشقی دەبێت.
ئەو پیاوەی جیهان لێی دەترسا، لە ژنێک دەترسا
وێڕای ئەوەی (ترس)ـی لەدەستدانی ئەشق یان تەنهایی و هاوسەر لە لایەن سەرکردەکانەوە حاشا لێنەکراوە، هەندێجاریش وەکو تەنز باس دەکرێت، و دەڵێن “سەرکردەکان ئەو قارەمانانەی کە لە ماڵەوە چەک دەکرێن” بەو مانایەی کاتێک گەیشتنە دەرگای حەوشەی خێزان، لە پلە و پێگەی فەرمی دادەماڵرێن و دەبن بە هاوسەر و باوک، بۆیە لە سنووری ماڵدا ناتوانن فەرمان دەربکەن.
هەروەها دەگوترێت “سەرکردەکان لە جەنگدا هەزاران سەرباز بە دڵڕەقی بە کووشت دەدەن، بەڵام لە بەردەم فرمێسکی ژنێکدا دەستەپاچە دەبن”.
(ناپلیۆن پۆناپەرت) لە کایەی سیاستەدا یەکێک لەو سەرکردانەبوو، کە ئەوروپای هەژاند، بەڵام کاتێک نامەی بۆ (جۆزێف) دەنووسی پڕبوون لە پاڕانەوە و تکاکردن بۆ ئەوەی بەجێی نەهێڵێت، ئەوکاتەی نامەکانی ئاشکرابوون دەگوترا(ئەو پیاوەی جیهان لێی دەترسا، خۆی لە ژنێک دەترسا).
(وینستۆن چەرچڵ) بە یەکێک لە دڵڕەقترین سەرکردەکانی سەدەی بیستەم ناوی دەبرێت، لە دانیشتنەکانیدا گوتوویەتی (من لە جەنگدا فەرماندەم، بەڵام لە ماڵەوە هاوسەرەکەم سەرۆکوەزیرانی راستەقینەیە). (جۆزێف ستالین) کاتێک کچەکەی لە هاوسەری دووەمی بیرەوەرییەکانی دەنووسێتەوە دەڵێت (ستالین، لە کاتی تووڕەبوونی هاوسەرەکەیدا، نەیدەوێرا هیچ قسەیەک بکات).
پیاوان جیهان بەڕێوە دەبەن، ژنانیش پیاوان
لە ئەنجامی خوێندنەوەی مێژووی سەرکردەکانی جیهان و بڕیار و بەڵێنەکانیان دەتوانین بڵێین (پیاوان جیهان بەڕێوە دەبەن و ژنانیش پیاوان) ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت، بە نهێنی ژنان حاکم و فەرمانڕەوای پشت پەردەکانن، نموونەی بەهێزی ئەم فەرمانڕەواییەش لە پشت پەردەوە دەتوانین بە (هورەم سوڵتان) کە بە (ڕۆکسالانا)ش ناسراوە، وێرای کاریگەری لەسەر زۆربەی بڕیارەکانی (سوڵتان سولەیمان) لە ناوەوە و دەرەوەی پایتەخت بەشێکی زۆر لە یاساکانی ناو حەرەمسەرای گۆڕی و یاسای نوێی لە جێیان دانا. (هورەم سوڵتان) کەنیزەک بوو بەڵام بوو بە هاوسەری فەرمی سوڵتان لە دوای ئەوەی بە پێی یاساکانی حەرەمسەرا، دەبوایە لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانیدا بڕواتە دەرەوەی کۆشک (هورەم) ملی بۆ ئەم یاسایە نەداو لە کۆشکدا مایەوە، کاتێک (سوڵتان سولەیمان) لە بەرەکانی جەنگ بووە نامەی لەگەڵ (هورەم سوڵتان) گۆڕیوەتەوە و ڕێنمایی لێ وەرگرتووە. بە کاریگەری (هورەم) نزیکترین هاوڕێی خۆی لە دەسەڵات دوورخستۆتەوە و لە جیاتی کوڕە گەورەکەی، کە بە پێی عورفی دەسەڵاتی عوسمانی، دەبوو بە جێگرەوەی باوک، کوڕی (هورەم)ی کردووەتە جێگری خۆی. تاکو دەگاتە ئەو ڕاددەیەی (هورەم سوڵتان) ئیمراتۆریەتێک بەڕێوە ببات.
ئەگەرچی ژن، لاپەڕە ونبووەکانی مێژووە و بایەخی ئەوتۆ لە لایەن مێژوونووسانە بە نووسینەوەیان نەدراوە، مێژوو کراوە بە ڕووبەرێکی پیاوانە بەڵام دەتوانین بڵێین، لە پشت هەر وەرچەرخانێکی گەورە لە جیهاندا شوێن پەنجەی ژنێک هەیە، کە بەبێدەنگی ئاراستەی مرۆڤایەتی گۆڕیوە.
سەرچاوەکان:
1- د. محەمەد عەرەب، عەشقەکەی بریمەر و ئەو دێڕانەی لە کتێبەکەیدا نەیدرکاندوون. و، محەمەد عەبدوڵڵا، سلێمانی، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٠.
2- کرۆس، سامۆیل هازارد، (١٩٥٣) مێژووی سەرەتای رووسیا، ئەکادیمیای مێژووی سەدەکانی ناوەراستی ئەمەریکا.
3- فەقێ تەیران، دیوانی فەقێ تەیران (چیرۆکی شێخی سەنعان).
4- ڕاز ئەسعەد و د. کامەران محەمەد، ژن و بزووتنەوەی مێژوو. سلێمانی، جاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٢
5- بەڵگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لیژنەی سزاکانی عێراق بڕیاری ژمارە (١٥١٨).

