ئەمڕۆ دووشەممە 2026.6.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ شاری وان، سەردانی بارەگای سەرەکیی پارتی داد و گەشەپێدان (AK Parti)، و لەلایەن عەبدوالئەحەد ئارڤاس، سەرۆکی لقی وانی پارتی داد و گەشەپێدان (AK Parti) پێشوازی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار و نوێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ژوورە بازرگانییەکان ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر پەیوەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا و گفتوگۆ لەسەر گرنگیی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە و ڕۆڵی پارت و لایەنە سیاسییەکان لە بەهێزکردنی پردی پەیوەندیی و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کرا.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، هەردوولا دوپاتیان لەسەر ئاسانکاریی زیاتر لە دەروازە سنوورییەکان بە مەبەستی بووژانەوەی ئابووریی نێوان هەردوولا و پەرەپێدانی چالاکییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکان کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، ئامادەیی پارێزگای هەولێری نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییە گەشتیاری و بازرگانییەکانی نێوان هەولێر و پارێزگاکانی کۆماری تورکیا.

