پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئاژیری بەڕێوەبەری قوتابخانە

بەكر كەریم حەسەن*

ئەدیب و شاعیری بەناوبانگی فەرەنسی ڤیكتۆر هۆگۆ دەلێ”ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەك دەكاتەوە، دەرگای بەندینخانەیەك دادەخات”. بێگومان لە قوتابخانەدا نەوە لە دوای نەوە پەروەردە دەكرێ
و فێردەكرێ و ئامادە دەكرێ كە لە داهاتوودا سوودبەخش و قازانج بەخش بێت بە وڵات و كۆمەڵگە، هەر لە قوتابخانەدا هەموو پڕەنسیپ و بەها پەروەردەییە باشەكان لە ناخی قوتابی دەڕوێنرێ و پەیڕەودەكرێت، دژایەتی هەموو ڕەفتاروڕەوشتێكی چرووك و بێكەڵك و دژمنداری و شەڕانگێزی بە لاوە دەنرێ و لێی دوور دەكەوێتەوە، بۆیە قوتابخانە بە ماڵی دووەم هەژمار دەكرێ.
بۆیە زۆر گرنگە ئەو ماڵە هەردەم و بەردەوام گرنگی پێبدرێ و گەشە بكرێ، كە قوتابخانە پەرەی پێدرا پەروەردە و فێركردن بەرەووپێش دەچێت، چونكە هەردەم گوتومانە قوتابخانە خاڵی هەرە پێشەوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنە، گەر قوتابخانە بەهێز بووبێ و كێشەو كەم و كوڕی و بێ گرفت بوو، پرۆسەی پەروەردە و فێركردن جێگای ئومێد دەبێ و هەنگاوی باشتر دەنێ و مەبەست و ئامانجەكان دەپێكێ و دەبێتە جێگای دڵنیایی و متمانە.
لەو وتارەدا دەمەوێ لە قوتابخانە باسی ڕۆڵی كارگێڕی قوتابخانە
بكەم كە ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوە و خاڵی وەرچەرخانی پرۆسەكە و گۆشە و كۆلەكەگە و ئەستوندەی بنەڕەتی و بنچینەییە كە قەوارەی قوتابخانەی لە سەر بنیات دەنرێ، بۆیە كارگێڕی قوتابخانە بە تایبەتی بەڕێوەبەری قوتابخانە دەبێ سەركردەیەكی پەروەردەیی لێزان و پشوو درێژ و خۆنەویست و خۆشەویست بێ لە قوتابخانەدا، هەردەم پەروەردە و فێركردن و قوتابی و قوتابخانە و مامۆستاكانی لە خۆی خۆشتر بوێت و شەونخونی بكات لە پێناو سەركەوتنی پڕۆسەكە و بەردەوام پەرە بە ڕۆڵ و ئەدای خۆی بدات و بەرپرسیاریەتی كۆی پڕۆسەكە هەڵبگرێت و بەردەوام پلان و ئامانج و دیدگای دوور و نزیكی هەبێت و سەركەوتن و بەرەوپێشچوونی قوتابخانەكەی لە هەموو شتێ لا گرنگتر بێت، هەمیشە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ كەس و كاری قوتابیان هەبێت، بەردەوام كەشێكی لە بارو گونجاو و ئاسودە دروست بكات لە قوتابخانە كە ببێتە مایەی ئەوەی پڕۆسەكە گەشە بكات. هەروەكو دەلێن بەرێوەبەری قوتابخانە چۆن بێت قوتابخانەكە وا دەبێت، بۆیە گرنگە بەرێوەبەری قوتابخانە كە بەرپرسیاریەتییەكی زۆر هەستیار و كاریگەرە لە كۆی پڕۆسەكە دەبێ زۆر بە ئاژیری و وشیارییەوە مامەڵە بكات لە كۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران و كەس و كاری قوتابیان، نەرمونیان و گوێگر و خاوەن بڕیار و بەهێز و هەردەم خاوەن ڕەفتارو ئادكارێكی جوانی باوكایەتی و برایەتی و خوشكایەتی و یەك خێزانی بێت لەگەڵ كۆی پێكهاتەكانی قوتابخانە، كە هەردەم ببێتە مایەی ڕەخساندنی جێگیر و هاوسەنگ و ئاسوودە و مشت لە بەها پەروەردەیی و كۆمەڵایەتییەكان و بەردەوامیەتی بە یەك ماڵی قوتابخانەكە بدات. هەمیشە پێشەنگ و نموونەیەكی هەرە بەرزی پڕۆسەكە بێت لە قوتابخانەكەدا و ببێتە مایەی ئاسوودەیی و خۆشحاڵی هەموو لایەك لە قوتابیان و مامۆستایان بە تایبەتی قوتابیان كە ئەو ترس و دڵەڕاوكێ و ڕاڕایەیان نەمینێ، بێگومان بەڕێوەبەر دەتوانی هەموو بەربەستە نەرێنی و سلبییەكان نەهێڵێ و قوتابخانە بكاتە سەكۆیەكی ئارام و هێمن، هەموو كات بتوانێ بە ئاسانی پەیامە پەروەردەییەكە بگەیەنێ و دیدگا پەروەردەییەكان بونیاد بنێ و ئامانجەكانی قوتابخانە و پەروەردە بەرجەستە بكات. لەم وتارە دا جەختم لە سەر چوارچێوە گشتییەكەی كارگێڕی و بەرێوەبەری قوتابخانە كردوە هیوادارین بتوانین لە وتارەكانی
داهاتوودا باسی ووردەكارییەكان بكەین.
*بەڕێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی