پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیركردنی ئەو كەسەی راگەیاند كە هێرشی كردبووە سەر هاووڵاتییەكی بەتەمەن، ئاماژەی بەوەش كرد كە لە لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە هێرشكارەكە نەخۆشی دەروونی هەیە.
پۆلیسی هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری هەولێر، کەسێک ڕێگری لە هاووڵاتییەکی بەتەمەن دەکات لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە و هێرشی دەکاتە سەر، ئەم دیمەنە ناڕەزایەتی و دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناو هاووڵاتییاندا لێ کەوتەوە.
راشیگەیاند: لە ڕێگەی تیمەکانمان لە بەشی پۆلیسی فریاکەوتن توانرا تۆمەتبار (أ، ف، د) دەستگیر بکرێت.
هەروەها رایگەیاند: لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە تۆمەتبار و هێرشكارەكە نەخۆشی دەروونی هەیە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكە ڕێکخراوە و تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێ ماددەی 413 لەیاسای سزادان ڕاگیراوە

