ڕووخۆشی و قسەشیرینی

عومەر چنگیانی

لە سەردەمێکدا کە زمانشڕی و جوێنفرۆشی و بەدزمانی و خۆشاگەشکەیی و فێزی بێسنووری تاک، هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە، نەخاسمە سیمای سۆشیال میدیای زۆر کەس لە دوانگەیەکی یەکتری لەکەدارکردن و ناوزڕاندن تێناپەڕێت، ئەرکی هەموو تاکێکە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات، فریای دۆخەکە بکەوێت و بەها جوانە فەرامۆشکراوەکان بێنێتەوە بیر، بە تایبەت بە بیری ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی ئاسوودەیی و ئۆقرەی ڕۆحیان ڕوو دەکەنە مزگەوت؛ جا ڕۆژانی هەینی دەرفەتە بۆ مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی پیرۆزی خۆیان ببینن و ئێمەیش بە ئەرکمان زانی ئەو هەنگاوە پیرۆزە بنێین و، بەم شێوە لەگەڵ ئامادەبووە بەڕێزەکاندا بدوێین (۱).
لە پەنجاوسێهەمین ئایەتی سوورەتی (ئیسرا)دا خوای گەورە ڕووی گوتاری دەکاتە دوایین پەیامگەیێنی خۆی – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – و دەفەرمێت: (بە بەندەکانی من بڵێ: کام وتەیەی لە هەموان جوانترینە، ئەوە بڵێن و، بزانن کە شەیتان هەوڵی ئاژاوەگێڕی دەدات لەنێوانتاندا و، بە ڕاستی دژمنێکی سەرسەختی دیارە). کە زمانحاڵی ئەم ئایەتە پیرۆزە کرۆك و ناوەرۆکی فەرمانێکی خوای گەورەیە، کە پێغەمبەری خوا ڕادەسپێرێت، تا بە ئوممەتەکەی ڕابگەیێنێت بۆ ئەوەی لە  ژیاندا ڕێبازی هەرە جوان بگرنە بەر و قسەی هەرە باش بکەن. گومانیش لەوەدا نییە کە قسەی جوان کلیلی دڵانە، بە هۆیەوە خەم دەڕەوێ، دڵ دەکرێتەوە، یەکێکە لە ئاکار و سیفەتەکانی خۆشەویستمان – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – هەروەها یەکێکە لە سیفاتی حەکیم و ئەدیبەکان، کاتێك دەچنە ناو دڵی هەموو خەڵک بە بچووك و گەورەوە. چەند حاڵەتی دوژمنداری و ناخۆش و رق و کینە هەبووە، بە هۆی قسەی جوان و باشەوە بوونەتە خۆشەویستی و ئەڤینی. وەکچۆن زمانحاڵی ئایەتی ۲٤و۲٥ی سوورەتی (ئیبراهیم)یش پێمان دەفەرمێت: باوەڕداران! وریا بن، ئەو قسەی لە زارتان دەردەچێت، شتێکی سادە نییە، بەڵکو چۆن گیان یان دار شین دەبێت ئەویش شین دەبێت، قسەی چاک و باش بەرهەمی باش دێنێتە بوون، ئەگەر قسەکە چاکەو خێر نەبوو،ئەو بەرهەمەی نابیت.
یەکێك لە خۆشییەکانی بەهەشت ئەوەیە تەنیا قسەی باش و خۆشی تێدایە، بۆیە پێویستە بە قسە باش و خۆشەکانمان دڵەکانمان بکەینە بەهەشت، بە قسە چاکەکانمان دونیاکەمان بکەینە ڕێگایەك بەرەو بەهەشت.
ئەنجامەکانی قسەی باش:
۱- لێخۆشبوون: هەموو ئەو قسانەی مرۆڤ پێشکەشیان دەکات
حساب و لێپێچینەوەی لەسەرە، جا ئەگەر قسەی باش بوو دەرەنجامەکەی باشە، ئەگەر خراپ بوو، ئەنجامەکەشی خراپە، قسەی خۆش چاکەو خێرە، یەکێکە لە هۆکارەکانی لێخۆشبوون لە خاوەنەکەی؛ ۲- چوونە بەهەشت؛ ۳- قسەی باش کانیاوی بەختەوەرییە لە ژیاندا: قسەی باش بنەمایەکی مەزنە لە مامەڵەی کۆمەڵایەتیدا، پێداویستییەکانی خەڵك دێنێتە جێ، خۆشەویستی و بەزەیی بە ناو خەڵكدا بڵاو دەکاتەوە؛ قسەی باش ڕەوشتی ئیسامە، کە پێغەمبەری خوا – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – هێنای، ئەو بۆ ئەوە ڕەوانە کراوە تا ڕەوشتە جوانەکان تەواو بکات.
پەراوێز:
(۱) (پوختەی ۱٤٦ەمین گوتاری هەینیمان لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا، کە بەشێک بوو لە خواستی بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی و، دەیکردە ۱۷ی ڕەجەبی۱٤٤۳ی کۆچی و ۲٩ى ڕێبەندانی ۲۷۲۱ی کوردەواری و ۱٨ی۲ی۲۰۲۲ی زایینی).

ھەواڵی زیاتر