ئهمرۆ سێشهممه رێكهوتی 2.6.2026 بە ئامادەبوونی ڕێزدار سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی ” سەرۆک مەسعود بارزانی ” و بەڕێز فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارێزگاری هەولێر، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی ههولێر، ڕێورەسمێکی تایبەت بۆ دانانی تاجەگوڵینە لەسەر تەرمی پێشمەرگەی ههردوو شۆرشی ئهیلول و گوڵان ئەحمەد دەشتی، هەڵگری مێدالی بارزانی نەمر و نووسەر و بێژەری دێرینی ڕادیۆی دەنگی كوردستان، بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی ئەو ڕێورەسمەدا، ژمارەیەک لە بەرپرسان، هاوڕێیان، ڕۆشنبیران و ئەندامانی بنەماڵەی پێشمەرگەی شاعیر ئەحمەد دەشتی، ئامادەبوون و بە وەستانێکی بێدەنگی ڕێزیان له ڕۆحی پێشمەرگەی ههردوو شۆرشی ئهیلول و گوڵان ئەحمەد دەشتی شاعیر گرت و باس لە خهباتی نەتەوەیی، ڕۆشنبیری و پێشمەرگایەتی کرا. لە وتارەکاندا ئاماژە بەوە کرا کە ئەحمەد دەشتی شاعیر، لە ماوەی ژیانی خۆیدا ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لە خزمەتکردنی پهیامی كوردایهتی و کەلتوور، ئەدەب و بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد.
جێگەی باسە، ئەحمەد دەشتی لە ساڵی 1945 لە گوندی دارەبەنی ناوچەی بەڕانەتی هەولێر لە خێزانێکی ئایینی لەدایکبووە، خوێندنی مەلایەتی لە حوجرەی باوکی تەواو کردووە، لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول بووە بە پێشمەرگە و لە چاپخانە و ئێزگەی “دەنگی کوردستان”، پاشان پەیوەندی كردووە بە شۆڕشی گوڵان، و چەندین پۆستی حزبی لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەرگرتووە، ئەحمەد دەشتی، نووسەر، شاعیر و تێکۆشەری ناسراوی کورد، لە 27ی ئایاری 2026 لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

