عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام، بەبەشداری 33 فیلمی کوردی، لە بەریتانیا لەشاری بێرمینگهام بەڕێوەچوو.
شەهێن سابیر، وتەبێژی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام گوتی: خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، ٣٣ فیلمی بەشداربووی تێدایە کە لە نێوانیاندا سێ فیلمی درێژ و دوو فیلمی ئەنیمەیشن هەن و زۆربەی بەرهەمەکان لە ژانری درامادا پێشکەش دەکرێن. ئەم ژمارەیە نیشانەی گەشەکردنی بەردەوامی سینەمای کوردی و فراوانبوونی دەنگی فیلمسازانی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانە.”
وتەبێژی فێستیڤاڵەکە باس لە بەشداریکردنی فیلمێکی گرنگ دەکات و دەڵێت: لە هەمان کاتدا، فیلمی “دراوسێکان”، لە دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، وەک فیلمی ئۆپنینی فێستیڤاڵ هەڵبژێردراوە؛ هەڵبژاردنێک کە بە پێگە و ناوبانگی ئەم دەرهێنەرە لە سینەمای کوردیدا گرنگییەکی تایبەت بە دەستپێکی فێستیڤاڵ دەبەخشێت.
شەهێن سابیر ئاماژەی بەوەش دا: لە بوارى دادوەریشدا، دەستەی دادوەران لە کۆمەڵێک پسپۆڕ و شارەزای بواری سینەما و رەخنەی فیلم پێکهاتووە؛ ئەوانەی کە ساڵانێکی زۆر ئەزموونیان لە فیلمسازی، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بەرهەمە هونەرییەکاندا هەیە. بەگوێرەی رێوشوێنی دانراو، فیلمەکان بە پشتبەستن بە پێوەرە هونەری و تەکنیکییەکان بە وردی هەڵدەسەنگێندرێن، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و پیشەیی بدرێت.”
دەربارەی دابەشکردنی خەڵاتە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە، شەهێن سابیر دەڵێت: هەروەها فێستیڤاڵەکە هەشت خەڵاتی سەرەکی بۆ براوەکانی کێبرکێی کورتە فیلمەکان تەرخان کردووە، کە بریتین لە، باشترین کورتە فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین مۆنتاج، باشترین دەنگ، باشترین ئەکتەری کوڕ و باشترین ئەکتەری کچ. ئەم خەڵاتانەش ئاماژەن بە گرنگی دان بە هەموو لایەنە هونەری و تەکنیکییەکانی دروستکردنی فیلم.

