ماكوان عيززهت – هەولێر
ئەمرۆ ڕۆژی جیهانیی منداڵانە، لەم ڕۆژەدا زۆر گرنگە دایك و باوكان هەر وەك یادكردنەوەیەك و ڕۆژێكی جیهانی سەیری یادەكە نەكەن، بەڵكوو پێویستە بە گرنگییەوە بایەخ بە ڕۆژەكە بدەن و هەوڵ بدەن ئەم یادەیە بقۆزنەوە بۆ چەندین چالاكی تایبەت بۆ منداڵان بە تایبەت لە لایەنی دەروونی و خۆراكی و پاراستنی تەندروستی منداڵەكان لە ڕووی پێدانی ڤاكسینەكانەوە بۆ ئەوەی بە تەندروست بمێننەوە و گەشە بكەن.
دكتۆر جەعفەر عومەر پزیشکی پسپۆری دەروونی ڕوونی دەكاتەوە كە: ئەو نەخۆشیانەی تەنها لە تەمەنی منداڵیدا ڕوو دەدەن، بەتایبەت لە خوار تەمەنی قوتابخانەوە؛ واتە ئەم نەخۆشیانە پەیوەستن بە تەمەنی منداڵییەوە. بەشێکیان هەتا گەورەییش لەگەڵ مرۆڤدا دەمێننەوە وەکو ئۆتیزم، دواکەوتەی گەشەی ژیری، گرانی لە فێربوون، هەندێکیشیان بە تەمەن یان چارەسەر باش دەبن وەکو لادانە رەفتارییەکان، هەشیانە دەرئەنجامی جیاوازە وەکو جووڵەزۆری کەمتەرکیزی کە بەشێکیان لە تەمەنی منداڵی و نەوجەوانی تێیدەپەڕێنن و هەندێک لە تووشبووان لە تەمەنی گەورەییش لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە.
هەروەها نەخۆشییە دەروونییە گشتییەکان؛ ئەم نەخۆشیانە لە هەموو تەمەنێک ڕوو دەدەن بەڵام زۆرجار لە تەمەنی نەوجەوانی و پێگەیشتووییدا دەناسرێنەوە، زۆربەی نەخۆشییە دەروونیییەکان دەگرێتەوە؛ وەکو: خەمۆکی، واسواسی، دڵەڕاوکێ، فۆبیا و، هتد.
ئەم گروپە زۆرجار خانەوادە نکوڵی دەکات لە بوونی یان پێیان وایە کە لە منداڵاندا نەخۆشی دەروونی ڕوو نادات! ئەمەش بە هۆی کەمیی زانیاری و هۆشیارییەوەیە. لەبەرئەمە زۆرجار دایباب و خانەوادە، منداڵەکەیان سەرزەنشت دەکەن لەسەر نەخۆشییەکی دەروونی کە تووشی بووە و نازانن ڕەفتارەکانی منداڵەکە بەهۆی نەخۆشییەوەیە نەک لادان بێت؛ بۆ نموونە:
1. بە هۆی وەسواسییەوە منداڵەکە پرسیار دووبارە دەکاتەوە یان رەفتاری دووبارەی هەیە و بەو هۆیەوە تەمبێ دەکرێت هەتا ئەو ڕەفتارە دووبارە نەبێتەوە.
2. منداڵێک هەست بە دڵتوندی دەکات و دەگریێت و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرزەنشتکردن و لۆمەکردنی لەلایەن خێزانەوە.
3. دڵەراوکێ و ترسەکانی منداڵ دەبنە سەرچاوەی سووکایەتی و گاڵتەپێکردن لەلایەن خانەوادەوە.
پزیشكان ڕوونی دەكەنەوە كە منداڵانیش وەک گەورەساڵان ڕەنگە تووشی کێشەی دەروونی ببن، ئەم کێشانە لە نیگەرانییەکی سادەی تاقیکردنەوەکانەوە دەست پێدەکات و ڕەنگە بگاتە ئاستی خەمۆکی و بیرکردنەوە لە خۆکوشتن. پزیشكان تیشک دەخەنە سەر ١٠ نیشانەی سەرەکی کە ئاماژەن بۆ بوونی کێشەی دەروونی لای منداڵ، هەروەها باس لە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لای منداڵان دەکەن.
1. خەمۆکیی توند یان گۆشەگیری: هەستکردن بە خەمێکی زۆر یان گۆشەگیری بۆ ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر؛
2. زیانگەیاندن بە خۆ: هەوڵدان بۆ ئازاردانی جەستەیان یاخوود خۆکوشتن، یان پلاندانان بۆی؛
3. ترسی لەناکاو: تووشبوون بە ترسێکی لەناکاو بێ هۆکار، کە هەندێکجار بە خێرا لێدانی دڵ یان هەناسەی توندی؛
4. توندوتیژی: ئارەزوویەکی زۆر بۆ ئازاردانی کەسانی دیکە؛
5. سلوکی مەترسیدار: هەڵسوکەوتی توند و کۆنتڕۆڵنەکراو کە دەکرێت منداڵەکە زیان بە خۆی یان دەوروبەری بگەیەنێت؛
6. کێشەی خۆراک: نەخواردنی خۆراک، ڕشانەوە، یان بەکارهێنانی دەرمانی کێشدابەزاندن.
7. ترسی بەربەستکەر: ترسێکی زۆر کە ڕێگری لە ئەنجامدانی چالاکییە ڕۆژانەییەکان بکات؛
8. کێشەی تەرکیز: نەبوونی توانای تەرکیزکردن بە شێوەیەکی بەرچاو؛
9. گۆڕانی میزاج: گۆڕانکاریی توندی میزاج کە کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەکات؛
10. گۆڕانی کەسایەتی: گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەڵسوکەوت یان کەسایەتی منداڵەکەدا.
دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لە منداڵاندا
سەرجەم منداڵان لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردندا ڕووبەڕووی ترس و دڵەڕاوکێ دەبنەوە، هەندێکجار هەست بە خەم و بێهیوایی دەکەن. بەگوێرەی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC)، بۆ نموونە منداڵانی بچووک زۆرجار بێزار دەبن کاتێک لە دایک و باوکیان دادەبڕێن، تەنانەت ئەگەر لە دۆخێکی پارێزراویشدا بن.
سەرەڕای ئەوەی ئەم ترس و نیگەرانییانە تا ڕادەیەک ئاسایین، بەڵام ئەگەر بەردەوامبن، ڕەنگە نیشانەی بوونی “دڵەڕاوکێ” یان “خەمۆکی” بن. بەو پێیەی ئەم نیشانانە زیاتر پەیوەستن بە بیرکردنەوە و هەستەکان.
جۆرەکانی دڵەڕاوکێ لە منداڵاندا
کاتێک منداڵێک ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر ترسە ئاساییەکاندا، یان کاتێک ترسەکان ڕێگری لە خوێندن و یاری و ژیانی ماڵەوە دەکەن، ڕەنگە تووشی “تێکچوونی دڵەڕاوکێ” بووبێت، وەک:
• دڵەڕاوکێی دابڕان: ترسێکی زۆر لە دوورکەوتنەوە لە دایک و باوک.
• فۆبیا (ترسی تایبەت): ترسێکی زۆر لە شت یان دۆخێکی دیاریکراو (وەک سەگ، مێروو، یان چوون بۆ لای پزیشک).
• دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی: ترس لە قوتابخانە یان ئەو شوێنانەی خەڵکی زۆریان لێیە.
• دڵەڕاوکێی گشتی: نیگەرانییەکی زۆر دەربارەی داهاتوو و ڕووداوە خراپەکان.
• تێکچوونی تۆقین (Panic Disorder): نۆرەی لەناکاوی ترس، کە لەگەڵ لێدانی خێرای دڵ، تەنگەنەفەسی، سەرگێژخواردن یان ئارەقکردنەوە دەبێت.
نیشانەکانی دڵەڕاوکێ: جگە لە ترس و دڵەڕاوکێ، ڕەنگە منداڵەکە تووڕە و عەجول ببێت، یان تووشی کێشەی خەوتن، ماندوویەتی، سەرئێشە و ئازاری گەدە بێت. هەندێک منداڵ ترسی خۆیان دەشارنەوە و ئەمەش وادەکات دەرنەکەوێت.
خەمۆکی لە منداڵاندا
خەمۆکی تەنها هەستکردن بە خەم نییە، بەڵکو بێزاربوونە لەو شتانەی پێشتر منداڵەکە حەزی لێیان بووە. منداڵانی خەمۆک هەست بە بێهیوایی و لاوازی دەکەن.
نیشانە باوەکان:
• بێزاری و تووڕەیی بەردەوام.
• نەبوونی ئارەزوو بۆ چالاکییە چێژبەخشەکان.
• گۆڕانکاری لە خەوتن و خواردن (زۆر یان کەم).
• دابەزینی وزە و هەستکردن بە ماندوویەتی.
• کێشە لە تەرکیزکردن و هەستکردن بە تاوانباری و بێنرخی.
• بیرکردنەوە لە ئازاردانی خۆی یان خۆکوشتن.
تێبینی: هەندێکجار خەمۆکی لە منداڵاندا بە شێوەی ڕەفتاری سەرپێچی یان تەمبەڵی دەردەکەوێت، بۆیە زۆرجار هەڵە تێدەگەیەنرێن.
ڕێگاکانی چارەسەر
یەکەم هەنگاو گفتوگۆکردنە لەگەڵ پزیشکی منداڵان یان پسپۆڕێکی تەندروستی دەروونی. زۆرجار نیشانەکانی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ لە ڕاستیدا دەرەنجامی کێشەی دیکەن (وەک کێشەی تەرکیز و چالاکیی زۆر ADHD).
شێوازەکانی چارەسەر:
• چارەسەری دەروونی و ڕەفتاری: بەتایبەت “چارەسەری ڕەفتاریی ناسینی” (CBT) کە یارمەتی منداڵ دەدات بیرکردنەوە نەرێنییەکان بگۆڕێت.
• چارەسەری خێزانی: بەشداریکردنی دایک و باوک لە پرۆسەی چارەسەردا زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ منداڵانی بچووک.
• دەرمان: پزیشک بڕیار دەدات کە ئایا پێویستە دەرمان بەکار بهێنرێت یان نا.
• خۆگونجاندن: خواردنی تەندروست، چالاکیی جەستەیی، خەوی باش و خشتەیەکی ڕۆژانەی ڕێکخراو ڕۆڵێکی گەورەیان لە باشترکردنی باری دەروونی منداڵدا هەیە.
ڕێنمایی بۆ تەندروستییەکی باشتر:
یەكەم: خواردنی تەندروست: بایەخدان بە سەوزە، میوە، دانەوێڵە و پڕۆتینی کەم چەور.
دووەم: چالاکیی جەستەیی: ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە ٦٠ خولەک وەرزشکردن یان چالاکیی جەستەیی.
سێهەم: خەوی پێویست: نووستنی تەواو بەپێی تەمەنی منداڵ.
چوارەم: فێربوونی پشوودان: فێرکردنی منداڵ بە تەکنیکەکانی ئارامکردنەوە (Relaxation).

