كارزان گلی – ههولێر
بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، زانكۆی بیلگی لە ئیستانبۆڵ داخرا، كە یەكێكە لە زانكۆ كۆنەكانی ئەو شارە و چارەنووسی سەدان قوتابی و مامۆستایان و ئەكادیمیسیانەكان نادیارە و نازانن چییان بەسەر دێت.
داخستنی ئەو زانكۆیە لە رۆژنامەی فەرمی توركیا و بە ئیمزای ئەردۆغان بڵاو كرایەوە، ئەمەش دەریدەخات كە بڕیاری داخستنی بووەتە فەرمی.
سەدان قوتابیی ئەو زانكۆیە و مامۆستایانی زانكۆ، خۆپیشاندانێكی گەورەیان کرد و داوایان كرد زانكۆكەیان بكرێتەوە، چونكە داخستنی ئەو زانكۆیە لە شكۆی بواری ئەكادیمی توركیا دەدات.
هۆكاری داخستنی زانكۆی بیلگی، سپیكردنەوەی پارە بووە و هەروەها تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ، خۆیان لە باج دزیوەتەوە، بەڵام ئەكادیمییەكانی ئەو زانكۆ ئەهلییە هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە و دەڵێن چونكە زانكۆیەكە بڕوای تەواوی بەدیموكراتی و كەسانی لیبراڵ هەیە و بە هەموو شێوەیەك دەستوەردانی ئایین لە كاروباری دەوڵەت رەت دەكەنەوە، بۆیە بڕیاری داخستنی دراوە.
بەشێكی زۆری ئەو مامۆستا و ئەكادیمسیانانەی لەو زانكۆیەدا وانە دەڵێنەوە، لە نووسین و سیمینارەكانیاندا بەردەوام رەخنەیان لە حكوومەتی ئاكەپە گرتووە، یەكێك لەوانە نووسەر و ئەكادیمسیان موراد بیلگەیە، بۆیە بەردەوام ئەو زانكۆیە لە ململانێدا بووە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئاكەپە و مەهەپەدا.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراوەتەوە، قوتابیانی زانكۆ ئەهلیەکەی بیلگی، دەگوازرێنەوە بۆ زانكۆی تەلاسازی سینان، بەڵام قوتابیانی بەشی ئەندازیاری و یاسا لە بیلگی رەتی دەكەنەوە بچنە ئەو زانكۆیە و دەڵێن لە زانكۆی تەلارسازیی سینان، بەشی ئەندازیاری و یاسای تێدا نییە، بۆیە ئەوان ناتوانن لەو زانكۆیەدا بخوێنن و دەبێت زانكۆی بیلگی بكرێتەوە.
قوتابییەكی زانكۆی بیلگی، قسەی بۆ ئاژانسە تورکیەکەی (ئۆكسجین) كردووە، دەڵێت لە قۆناغی چوارم لە بەشی سیاساتی نێودەوڵەتی و چەند مانگێكی تر ئاهەنگی دەرچوونم دەگێڕا، بەڵام زانكۆكەم داخراوە و نازانم چارەنووسم چی لێ بەسەر دێت.
زانكۆی بیلگی، جیا لەوەی سەدان قوتابی لە شارەكانی توركیادا هەیە، لە هەمان كاتدا دەیان قوتابی بیانی لێیە، كە قوتابیانی وڵاتانی ئەورووپا و عێراق و هەرێمی كوردستانیش چوونەتە ئەو زانكۆیە و بۆ ماستەر و دكتۆرا دەخوێنن، بۆیە چارەنووسی ئەو قوتابییە بیانیانە نادیارە و پێیان گوتراوە دەبێت توركیا بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆتان.
زانكۆی بیلگی لە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە و تەمەنی ٣٠ ساڵە، بەكۆنترین زانكۆی توركیا دادەنرێت كە ئەهلییە لەلایەن وەقفی خێرخوازییەوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام چارەنووسی ئەو زانكۆیە نادیارە و دەنگۆ هەیە، بە ناوێكی تر و مامۆستای تازەوە بە ڕووی قوتابیان بكرێتەوە، واتە گۆڕانێكی تەواو لە پێكهاتە و ناوەرۆك و ئایدۆلۆژیای ئەو زانكۆیە دەكرێت، ئەوكات دەكرێتەوە.
كۆمپانیای جان هۆڵدینگ خاوەنی ئەو زانكۆیە، تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ کە پارەی رەش سپی دەكاتەوە و هەروەها چەندین كاری تری نایاسایی ئەنجام داوە. ئەگەرچی كۆمپانیای ناوبراو رەتی دەكاتەوە هیچ كارێكی نایاسایی كردبێت، بەڵام كۆمپانیاكە و زانكۆی بیلگی، بەفەرمی داخرا.
دەیان قوتابی باشووری كوردستان، لەو زانكۆیە زمانی توركیان خوێندووە و هەروەها بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان بەدەست هێناوە، ئەوان شایەتی دەدەن، زانكۆیەكە زۆر جیدی و ئەكادیمی بووە، تەنانەت ئەگەر قوتابییەکی بیانی بیویستایە لە بەشی یاسا بخوێنێت، دەبوایە زمانە توركییەكەی بگاتە ئاستی (C1)، كە بەرزترین ئاستی فێربوونی زمانە، ئەوكات دەیتوانی لەو بەشە بخوێنێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە زانكۆیەكە جیدی و گرنگ بووە.

