رۆژنامەی ھەولێر

كلیچدارئۆغڵو لەلایەن لایەنگرانی جەهەپەوە پێشوازیی لێ نەكرا

كارزان گلی – هه‌ولێر

بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی توركیا، كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە هەڵوەشایەوە، بەمەش ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی ئەو پارتە لە پۆستەكەی دوور خرایەوە، كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی ئەو پارتەش دەبێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە.

لە كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپەدا، كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەرامبەر بە ئۆزگوور ئۆزەل شكستی هێنا، بەڵام گوتی لە پشتەوە جەنجەریان لێدام و لوتفی ساڤاش، پەرلەمانتار و كەسایەتی نزیكی كلیچدارئۆغڵو، لەسەر داوای كلیچدارئۆغڵو، داوای یاسایی تۆمار كرد، گوتی لەكۆنگرەدا ساختەكاری كراوە، ئەوانەی ساختەكاریان كردووە، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و ئۆزگوور ئۆزەل بوونە، پارەیان بەخشیوەتەوە و پۆستیشیان بەخشیوەتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی كلیچدارئۆغڵو نەبێتەوە بەسەرۆكی پارت.
دوای سێ ساڵ، دادگا بڕیاری هەڵوەشانەوەی كۆنگرەیدا، بەمەش كلیچدارئۆغڵو دەبێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە، بەڵام هەرایەكی گەورە دروست بووە، چونكە لایەنگرانی جەهەپە، كلیچدارئۆغڵو رەتدەكەنەوە و دەیان هەزار كەس لەسەر شەقامەكاندا دژی بڕیاری دادگا و كلیچدارۆغڵو دروشمیان بەرز كردووەتەوە.
كەمال كلیچدارۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە، یەكێك بووە لەو كەسایەتییانەی دەستی باڵای هەبووە بۆ دەستگیركردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و چەند پەرلەمانتارێكی تری هەدەپە لە ٢٠١٦، چونكە رێگەی دا پەرلەمانتارانی جەهەپە، بەبەڵێ دەنگ بدەن بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو كەسایەتییانە.
دەنگی مەهەپە و ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا، بەشی ئەوەی نەدەكرد بتوانن پارێزبەندی لەسەر دەمیرتاش و فیگەن و پەرلەمانتارەكانی تر هەڵبگرن و پێویستیان بە ١٠ پەرلەمانتاری جەهەپە هەبوو. لە چاوەڕوانی كەسدا نەبوو، كلیچدارئۆغڵو، داوا لە ١٠ پەرلەمانتاری جەهەپە بكات لەناو پەرلەمان ئامادە بن و بەبەڵێ دەنگ بدەن بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دەمیرتاش و هاوڕێكانی.
ئەگەر كلیچدارئۆغڵو ئەو بڕیارەی نەدایە، دەمیرتاش و هاوڕێكانی ١٠ ساڵ لە زیندان نەدەبوون، رەنگە هاوكێشەی سیاسییش لە توركیا بەو شێوەیەی ئێستا نەبایە، بۆیە گەڕانەوەی كلیچدارۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆكی جەهەپە، كوردەكانی نیگەران كردووە، بەتایبەت ئەوانەی لایەنگیری دەمیرتاشن و دەڵێن سیخوڕەكەی ئاكەپە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بەرنامەكەی ئاكەپە تەواو بكات.
ساڵی ٢٠١٢ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا لە وتارێكدا گوتی: ”هەتا كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە بێت ئێمە براوەین و شانسمان هەیە.“ ئەم گوتەیە لە سۆسیال میدیا دەنگی داوەتەوە و دەڵێن، بڕیاری دادگا بۆ هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە، لەسەر داوای كلیچدارئۆغڵو بووە تا لەو رێگەیەوە جەهەپە لاواز بێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوو نەتوانن براوە بن، چونكە جەهەپە لە تڕۆپكی سەركەوتنە و بە گوێرەی ئەنجامی هەموو ئەو دەزگا راپرسیانەی توركیا بێت، جەهەپە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێتە زۆرینەی پەرلەمان.
كلیچدارئۆغڵو، بەفەرمی بووە سەرۆكی جەهەپە، بەڵام جەهەپەییەكان رەتی دەكەنەوە، زیاتر لە ٧٠٪ی سەركردایەتی ئەو پارتە كلیچدارئۆغڵویان ناوێت.
بەشێكی زۆری جەهەپەییەكان داوا لە كلیچدارئۆغڵو دەكەن، بۆ ئەوەی نەكەوێتە بەر نەفرەتی لایەنگران و مێژوو، پێویستە لە ماوەی ٤٥ رۆژدا جەهەپە بباتە ناو كۆنگرە و لەوێدا كێ توانی ببێتە سەرۆكی جەهەپە پیرۆزی بێت، بەڵام پێناچێت كلیچدارئۆغڵو بەم زووانە جەهەپە بباتە ناو كۆنگرە و ئەو خەریكی ئەوەیە تۆڵە لەو كەسانە بكاتەوە كە بوونە هۆی ئەوەی لە كۆنگرەی ٣٨ شكست بهێنێت و قسەی زۆر دەكرێت، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و ئۆزگوور ئۆزەل لە پارت دەربكات.