رۆژنامەی ھەولێر

لە جەژندا ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان پڕببوون لە گەشتیار

ھەرێمی کوردستان جەژنێکی ئارام و پڕ لە چێژی بۆ گەشتیاران دابین کرد، بەگوێرەی ئامارەکان کە دەست ڕۆژنامەی “ھەولێر” کەوتووە لەم جەژنەدا سەدان ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەیان زیاتر دەبێت، چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کەرتی گەشتوگوزار لەم وەرزەدا ببێتە ھێزی ئابووری ناوچەکە.

پڕۆژە گەشتیارییەکان ھۆکاری ھاتنی ئەو ڕێژە زۆرە گەشتیارەن
ساڵانە بە بۆنەی ھاتنی پشووەکانی ھاوین و بە تایبەت ڕۆژانی جەژن، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی جیھان سەردانی ناچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو گەشتیاران سەردانی ئەو ناوچانە بکەن، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ کراون و لە ئێستادا خراونەتە خزمەتی گەشتیاران.
بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان، پلانی تۆکمە و ئامادەکاریی بەرفراوانیان بۆ پێشوازیکردن لە شەپۆلێکی گەورەی گەشتیاران ڕاگەیاندبوو.
نزیکەی یەک ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە ھەولێر کردووە
تا کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ، ٨٦١ ھەزار و ٥٠١ گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای ھەولێریان کردووە. لەو سنوورە نزیکەی ٤٤٥ ھۆتێل و مۆتێل، ٤٧ گوندی گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری ھەن. دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەولێر، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئاشکرای کرد، بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری تەواو کرابوو، بۆ ھاتنی گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، ھاوکات گوتیشی، بۆ ئەم جەژنە پێشبینی ھاتنی ژمارەیەکی زۆر گەشتیارمان کردبوو، ئەوەش بەھۆی ئەو پڕۆژە گەشتیاریانەی کە لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراون بێگومان سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە و ئەو گەشتیارانەی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دەھاتنە ھەرێمی کوردستان سەردانی ئەو ناوچانەیان دەکرد.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەولێر، جەختی لەوەشکردەوە، ڕۆژانە زیاتر لە ٧٠٠٠ کەس بە بەردەوامی ھاتوونەتە سنووری پارێزگای ھەولێر، لە ڕۆژانی جەژندا ژمارەکە زۆر زیاتر بوو، سەرجەم ھۆتێل و مۆتێل و چێشتخانەکان ڕاسپێردرابوون کە ئامادەکاری تەواو بکەن و لە پێشوازی ھاتنی گەشتیاران بن و بە باشترین شێواز خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە میوانەکان بکەن، ھەر ئەوەش کرا.
کەرتی گەشتیاری لە دھۆک ھەنگاوی گەورەی ناوە
کەرتی گەشتیاری لە پارێزگای دھۆک گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی جەژندا، نزیکەی ٥٠ ھەزار گەشتیار کە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئەم پارێزگایە کردبێت.
جوانی سرووشتی دەڤەرەکە و فێنکیی ئاوی سیلاڤ و ناوچەی ئاشاوا و ناوچەکانی دیکە سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. محەممەد عەلاوی، لە بەغداوە ھاتووە و بۆ یەکەمجارە سەردانی دھۆک بکات، دەڵێت: دھۆک یەکێکە لە جوانترین شارەکان و بینینی ئەم سرووشتە بۆ ئێمە جێی دڵخۆشییەکی زۆرە، بڕیارمانداوە چەند ڕۆژێک لێرە بمێنینەوە بۆ ئەوەی چێژ لە ھەموو ناوچە گەشتیارییەکان وەربگرین.
عەلی نوری، گەشتیارێکی دیکەیە و باس لە میواندۆستیی خەڵکی ناوچەکە دەکات و گوتی: ڕێز و پێشوازیی خەڵکی کوردستان وایکردووە کاتێکی تایبەت لە ناوچە گەشتیارییەکان بەسەر ببەین.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، کەرتی گەشتیاری لە دھۆک ھەنگاوی گەورەی ناوە، زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی نوێی گەشتیاری جێبەجێ کراون، لە ئێستادا پارێزگاکە خاوەنی نزیکەی ٧٥٠ بنکەی گەشتیاریی جۆراوجۆر و ٢٣٠ ناوچەی سرووشتیی گەشتیارییە، ھەروەھا ١٤٠ ھوتێل و مۆتێل و شوێنی حەوانەوە و پشوو بۆ گەشتیاران کراوەنە و توانای حەواندنەوەی شەوانەی زیاتر لە ١٧٠٠٠ گەشتیاریان ھەیە، ئەمەش دھۆکی کردووەتە یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، ئەم کەرتە وەک یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی ئابووری ناوچەکە ھەژمار دەکرێت و ھەلی کاری بۆ زیاتر لە ١٣٠٠٠ کەس ڕەخساندووە.
بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە دھۆک، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بۆ ھەر پشوو و بۆنەیەک، پلان و بەرنامەی تایبەتیان ھەیە، بۆ ئەم جەژنەش، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری گشتی، چەندین ڕێکاری گرنگ گیراونەتەبەر، لەوانە، ڕێنمایی و نەخشەی شوێنە گەشتیارییەکان بەسەر کۆمپانیاکان و گەشتیاراندا دابەش کراوە. کارتی تایبەت کە “QR Code” و ژمارەی پەیوەندی بۆ گەیاندنی سکاڵا لەخۆدەگرێت، بڵاوکراونەتەوە تا گەشتیاران بتوانن بە ئاسانی پەیوەندی بکەن. ھەروەھا تیمەکانی گەشتوگوزار سەردانی بنکە گەشتیارییەکان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان. لەگەڵ کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ کۆمەڵەی ھۆتێل و چێشتخانەکان کراوە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە گەشتیاران، لە لایەکی دیکەوە، لیژنەکانی چاودێری بەردەوام لە کاردا بوونە بۆ پاراستنی کوالێتی و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان، تاوەکو ھیچ گرفتێک بۆ گەشتیاران دروست نەبێت.
شەماڵ جەعفەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆک، ڕایگەیاند، پلانێکی تۆکمە و باش بۆ پێشوازی لە گەشتیاران داندرابوو، ١٠ تیم بۆ پێشوازی و خزمەتکرنی گەشتیاران لە پرسگە و شوێنە گەشتیارییەکان ڕێبەری گەشتیاری بەسەر گەشتیاران دابەش کراون.
یەکێک لە خاڵە جەوھەرییەکانی پلانی ئەمساڵ، گرنگیدان بوو بە پاراستنی ژینگە، کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆک، گوتی: لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە پێکھێنرا بوو و چەندین چالاکییان ئەنجامداوە، وەک دروستکردنی پۆستەر و بڵاوکردنەوەی بەردەوامی ڕێنماییەکانی ژینگەپارێزی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان.
دەیان ھەزار گەشتیار سەردانی سلێمانی و ھەڵەبجەیان کردووە
لە سلێمانی نزیکەی ٣٨٠ ھۆتێلی گەشتیاری، ٥٠ ھۆتێلی میللی، ٨ ھۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەدان کابینە و کەپری گەشتیاری ھەن. گۆران قادر، گوتەبێژی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند، دەیان ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکانی پارێزگاکەیان کردووە و ھەموو ئاسانکارییەکیش بۆ ھاتنیان کرابوو.
گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی، دەشڵێ: بڵاوکراوەمان بە زمانە جیاوازەکان بەسەر گەشتیاراندا دابەشکردووە، ڕێکارە ئەمنییەکانیان بە کەمترین ماوە بۆ کراوە و لە بازگەکانەوە پێشوازیمان لێکردوون.
ھەرچی ئەوەی تایبەت بێت بە پارێزگای ھەڵەبجە، ناوچە گەشتیارییەکان جمەیان دەھات لە گەشتیار، ئەوەش بەھۆی پشووەکانی ناوەندی ساڵ و ئەو بارانە زۆرەی ئەمسال باریوە، سروشتی ناوچەکە زۆر دڵڕفێن بووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ١٠٠ ھەزار گەشتیار ڕوویان لەو سنوورە کردبێت. چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ھەڵەبجە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: کۆمەڵێک کوڕ و کچی شارەزا لە زمانە جیاوازەکان لە ناوچە گەشتیارییەکان ئامادە بوون بۆ ھاوکاری و ڕێنماییکردنی گەشتیاران، ھەروەھا خۆشم بە مەیدانی لە ناوچەکان بووم بۆ ھەماھەنگی و سەرپەرشتیکردنی کارەکان، لە ھەمان کاتدا ھەماھەنگی تەواو لە نێوان پۆلیسی گەشتوگوزار، بەرگریی شارستانی و پۆلیسی ھاتووچۆدا ھەبوو.
شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران جمەیان دەھات لە گەشتیاران
لەلایەکی دیکەوە، فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ماوەی ھەفتەیەک بوو پلان و بەرنامەی تایبەت بە ڕۆژانی جەژن دانرابوون، شوێنە گەشتیارییەکان جمەیان دەھات لە گەشتیاران، جیا لەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو گەشتیارانە شەوانە دەمانەوە و کەمپەینیان ئەنجام دەدا، ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیار لە جەژندا زۆر زیاتر بوو لە پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، گوتیشی: بەردەوام ڕێنمایی ئێمە بۆ گەشتیاران ئەوە بوو ژینگەی جوانی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکان بپارێزن و پابەندی ڕێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزاربن.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، دەشڵێ: تەواوی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی و پۆلیسی ھاتووچۆ و تیمەکانی دیکە لە ئەرکدا بوون، بۆ ئەوەی کەشێکی خۆش بۆ گەشتیاران و سەردانیکاران فەراھەم بکرێت.