یاسین قادر بەرزنجی
کەم نووسەری کورد هەیە بە وێنەی ڕەوانشاد ڕەووف حەسەن بە هۆی هەڵویست و بیروڕاکانیەوە تووشی دەردەسەری و مەینەتی بووبێت، ئەو مامۆستا سەرکەوتووەی زمانی ئینگلیزی، ساڵانێک لە شارۆچکەکانی سلێمانی خزمەتی کردووە؛ پاشان کە بە ماڵەوە چووەتە بەغدا، وێڕای نووسینی چیرۆک و وەرگێڕانەکانی، سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەنووسی بووە و لەو بوارەشدا نەخشی هێناوە. دوای ئەوەی ساڵی ١٩٧٧ لەسەر کوشتنی عوسمان فایەقی گەورە نۆکەری ڕژێم لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لە دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لە بەغدا دەستگیر کراون، ماوەیەک ئازاری ژووری تاکەکەسیی ئەمنی عامەی چەشتووە و، پاشان لەگەڵ خوشکی ئازیزمان لەیلا خانی هاوسەری نموونەییدا باروبارگەیان پێچاوەتەو ەو گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی.
لێرە لە چەند فەرمانگەیەک کارمەند بووە؛ یەک لەوانە: ئاو و ئاوەڕۆ، هەر لەوێش خانەنشین بووە.
ئەم نووسەرە ساڵی ١٩٥٩ کۆمەڵەی نووسەرانی پرشنگی دامەزراندووە و گۆڤارێکیشی هەر بەو ناوەوە دەرکردووە، وێڕای بایەخدانە ئەدەبییەکانی بە بابەتە زانستییەکانەوە خەریک بووە و ساڵی ١٩٦١ کتێبی (گەردوون)ـی نووسیوە و دوای شەش ساڵ لەچاپی داوە، ئەم بەرهەمەی بە یەکەمین کتێبی زانستیی کوردی دادەنرێت و لە ١٩٨٤یشدا کتێبی (تێۆری نیسبی چییە)ی بڵاو کردووەتەوە.
کاک ڕەووفی توانا و فرەبەهرە، ڕۆژنامەنووسێکی بەسەلیقە بووە و لەم گۆڤار و ڕۆژنامانەدا کاری کردووە :
ڕۆشنبیری نوێ، هاوکاری، بەیان، بیری نوێ، ڕۆژی کوردستان و ئەستێرەی منداڵان و پاشان لە کوردستان درێژەی داوە بە بەشداریی بەرچاوی لە (کوردستانی نوێ و باس و گەپ)دا.
لە چاپکراوە گرنگەکانی ئەمانە بوون:
• ڕۆمانی خۆری تار و ڕۆمانی چیمەن
• کۆمەڵەچیرۆکەکانی: سبەینێ باوکت دێتەوە، وێنەکەی خوشکت، چەکەرە لەگەڵ چەند چیرۆکنووسێک.
• هەروەکچۆن بایەخی بە چیرۆکی خەیاڵیزانستییش داوە و یەکەم کەس بووە لە ١٩٨٨دا ئاماژەی بە زیرەکیی دەستکرد (AI) داوە.
کاک ڕەووف هەر لە زووەوە هاتووەتە کۆڕی شانۆوە و لە سەرەتای حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەندامی مەڵبەندی گشتیی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی بووە و، کاتێک شانۆگەریی (جەنابی موفەتیش)ی لە نووسەری گەورەی ڕووس (گۆگۆڵ) ئامادە کردووە و لەلایەن کۆمەڵەوە خراوەتە سەر شانۆ، دواتریش یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی.
لە کارە شانۆییەکانی ئەمانە بوو: وەرگێڕانی دیداری سەرەککۆمار، ئەو پیاوەی بوو بە سەگ، پەیکەر، مالەی سەر گردەکە، بەرگی ئەفسووناوی.
لە توێژینەوە سەنگینەکانیشی: کرێکار و چیرۆکی کوردی، ئەلفابێتای ڕۆژنامەگەری، بێژەری تەلەفزیۆنی، زمانی ڕۆژنامەوانی کورد، ئەندێشە جوانەکانی ڕۆح لە چیرۆک و شیعری کوردیدا، لەگەڵ وەرگێڕانی هونەری جەنگ.
یادت بەخێر چیرۆکنووس و زانستپەروەر و ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕە دیارەکەی کورد، باوکی زانای زانستخواز و شێرۆی ئەکتەری سینەمایی، یادت بەخێر (ئووفە)گیان، هەروەک لە کۆڕی هاوڕێیاندا بەوە ناومان ئەبردیت، یادت بەخێر!

