ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
د. سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر، دوای ئەوەی بە هۆی سکاڵایەکەوە ڕاگیرا و نەیتوانی بەشداریی دەنگدانی هەڵبژاردنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بکات، ڕایگەیاند دەست لە کار دەکێشێتەوە، جێماو کاڕەش، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دارایی یانەکە، رایگەیاند ئەویش لەگەڵیدا دەست لە کار دەکێشیتەوە.
د. سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر، بە هۆی دژایەتیکردنیەوە لەلایەن هەندێ کەس، سەرەڕای ئەوەی بە هەوڵێکی زۆری دارایی خۆی توانی چەندان گرێبەست واژۆ بکات و یانەی هەولێر لە پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق جێگیر کرد، ئێستا دەڵێ دەست لە سەرۆکایەتیی یانەکە دەکێشمەوە.
لە دوای یارییەکەی هەولێر و شوڕتە، کە یانەی هەولێر بە دوو گۆڵی بێ وەڵام یارییەکەی بردەوە، سەفین یاسین لە دیمەنێکدا دەردەکەوێ و ڕایدەگەیەنێت: ناتوانن و دەتان وەستێنین، هەرچەندە هەوڵ بدەن و بەرانبەر یانەی هەولێر بووەستن، ئیرادە و ویستی هاندەرانی ڕاستەقینەی یانەی هەولێر بەهێزترە لە هەر هەوڵێکی شکاندن .
سەفین یاسین ڕاشیگەیاند: پیرۆز بێت ئەم سەرکەوتنە مێژووییە لە گشت هاندەرە خۆشەویست و دڵسۆزەکان، ئەم سەرکەوتنە وەڵامی نەیاران بوو بە متمانە و هێزی یەکگرتوویی، بۆ ئەوانەی دژی سەرکەوتن و پێشکەوتن وەستان هەولێر، هەمیشە بە ئیرادەی هاندەرەکانی بەرز دەبێتەوە و هەرگیز بە هەوڵی نەیاران ناوەستێ.
بەڵام دواتر سەفین یاسین، ڕایگەیاند گەر بەو جۆرە بێ، دەست لە کار دەکێشێتەوە. لە دوای ئەو، جێماو کاڕەش لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ڕایگەیاند: دکتۆر دەستلەکارکێشانەوەکەی منیش پێشکەش بکە لەگەڵ هیی خۆت، دەزانم یانەکە دواتر بە چ ئاقارێکدا دەڕوات، هەموو یانەکان خەریکی نوێکردنەوەی گرێبستن، ئێمەش یانەکەمان بووە قوربانیی یەکێتی تۆپی عێراق، هاندەری هەولێر دەبێ نەهێڵن کەسمان بە پێش یانەکەدا تێپەڕین، لە پلەی سێیەمین کەچی دڵخۆش نین.

