بۆچی (پاتریک فلانەری ـ Patrick Flanery)، نووسەری ڕۆمانی (لێخۆشبوون – Absolution)، کە باسی باشووری ئەفریقای هاوچەرخ و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ڕەگەزپەرستی دەکات، خۆی لە لەندەن لە تاراوگە دەژیت؟ لەم گفتوگۆیە بێجگە لە وەڵامی ئەم پرسیارە، چەندین پرسی دیکەیش باس دەکەین.
ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
پاتریک فلانەری: من لە شاری (فریزۆن – Fresno)ی ویلایەتی کالیفۆڕنیا لەدایکبووم، بەڵام لە (ئۆماها – Omaha)ی ویلایەتی (نیبراسکا – Nebraska) گەورە بووم، کە لەوێشدا هەمیشە وەک کالیفۆڕنیاییەکی کۆچکردوو سەیری خۆمم دەکرد، چونکە هەردوو دایک و باوکم خەڵکی ئەوێ بوون. هەرگیز وەک نیبراسکاییەک بیرم لە خۆمان نەدەکردەوە، هەرچەندە ئێستا کە سەیری ڕابردوو دەکەم، دەبینم تا چەند من بەرهەمی ناوچەی (میدوێستێرن – Midwestern)م، یان لانیکەم بەرهەمی هەندێک نەریت و ڕەفتاری ئەو ناوچەیەم، چونکە ئۆماها زۆر دوور دیار بوو لە هەموو شوێنێک، نەک تەنها لە خزم و کەس، بەڵکو لەو شار و دیمەنانەی کە بە لای منەوە سەرنجڕاکێش بوون و هەمیشە پەرۆش بووم بۆ جێهێشتنی، کە ئەمەش بەو مانایە نییە شوێنێکی خراپ بووبێت بۆ گەورەبوون. پێموایە منداڵیەتی لە شارە دوورەدەستەکان دەکرێت شتێکی باش بێت بۆ نووسەر.
ـ لە کوێ و چیت خوێندووە؟
پاتریک فلانەری: ساڵی یەکەمی زانکۆم لە (جۆرج تاون – Georgetown) بەسەر برد بەو هیوایەی ببمە دیپلۆماتکار، بەڵام ڕقم لە وانەکان بوو و هەستم دەکرد لە ڕووی فەلسەفییەوە لەگەڵ زانکۆکە ناگونجێم. بۆیە گواستمەوە بۆ زانکۆی (نیویۆرک NYU) و لەوێ لە بەشی بەرهەمهێنانی فیلم خوێندم. دواتر ئەدەبیاتی ئینگلیزی سەدەی بیستەمم خوێند، و تێزی دکتۆراکەشم لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەربارەی مێژووی بڵاوکردنەوە و گونجاندنی کارەکانی (ئیڤلین وا – Evelyn Waugh) نووسی.
ـ تۆ ئێستا لە لەندەن دەژیت. چی وای لێکردیت بڕیار بدەیت لە ئینگلتەرا بمێنیتەوە؟
پاتریک فلانەری: هاوژینەکەم خەڵکی باشووری ئەفریقایە و کاتێک یەکەم کاری لە بەریتانیا دەستکەوت، ڕێڕەوی ژیانمانی دیاری کرد. ئێمە لە بەریتانیا ماوینەتەوە چونکە لێرە ژیانمان دروست کردووە (هەردووکمان لە ساڵی ٢٠١١ ڕەگەزنامەی دووەممان وەرگرت)، بەڵام هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە ئێستادا ناتوانم ببمە کەفیلی بۆ وەرگرتنی گرین کارد تا پێکەوە لە ئەمریکا بژین. من ئێستا خۆم وەک دوورخراوەیەکی یاسای DOMA (یاسای بەرگری لە هاوسەرگیری) دەبینم؛ ئەگەر ئەو یاسایە هەڵبوەشێتەوە، کە هیوادارم وا بێت، ئەوا کێ دەزانێت داهاتوو چۆن دەبێت. زۆر شت لە ئەمریکا هەن کە بیریان دەکەم، هەرچەندە زۆر شتیش هەن لە بەریتانیا فێریان بووم.
ـ یەکەم ڕۆمانت، بە ناوی (لێخۆشبوون)، دەستخۆشییەکی زۆری لێکرا. ئایا ئەو پەرۆشییەی ڕەخنەگران کاریگەری هەیە لەسەر نووسینی کتێبی دووەمت؟
پاتریک فلانەری: بەڕێوەبەری کارەکانم پێشنیاری بۆ کردم کە هەوڵ بدەم ڕەشنووسی تەواوی ڕۆمانی دووەمم بنووسم پێش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی (لێخۆشبوون). نەیدەتوانی ئامۆژگارییەکی لەوە باشترم بکات، چونکە ئەگەر ئەوەم نەکردبایە، هەستم بە ترسێکی ڕاستەقینە دەکرد. پێداچوونەوەی ڕۆمانی دووەم، (نیشتمانی لەدەستدراو – Fallen Land)، دوای بڵاوبوونەوەی ڕەخنەکان بوو لەسەر ڕۆمانی (لێخۆشبوون) و ئەمەش پڕۆسەکەی زۆر ئاسانتر کرد. ئێستا خەریکی ڕۆمانی سێیەمی خۆمم، بەڵام لە ڕاستیدا، ڕەخنەکان لە جیهانی تایبەتی خۆیاندان و ئەوەش شتێک نییە کە من زۆر بۆی بگەڕێمەوە. ڕەخنەگری ناوەکیی خۆم بوونەوەرێکی هێندە توند و بەهێزە؛ کە وام لێدەکات ئەوەی لە توانامدایە بیکەم، بێ گوێدانە ئەوەی ڕەخنەگران هەرچییەک بڵێن.
ـ چی ڕای کێشایت بۆ ئەوەی باشووری ئەفریقا بکەیتە شوێنی ڕووداوەکانی ڕۆمانی (لێخۆشبوون)؟
پاتریک فلانەری: بەو پێیەی هاوژینەکەم خەڵکی ئەوێیە، چەند جارێک سەردانی ئەو وڵاتەم کردبوو پێش ئەوەی دەست بە کتێبەکە بکەم، و لە کاتی نووسین و پێداچوونەوەشدا بەردەوام بووم لە سەردانکردنی. بۆ من، ئەمریکا و باشووری ئەفریقا بە شێوازێکی پڕ لە ئاماژە گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی دەکەن، و لانیکەم لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕێکی کولتووریی زۆر لە نێوانیاندا هەبووە.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
پاتریک فلانەری: زۆربەی کات سەعات ٧ هەڵدەستم، لە هاویناندا زووتریش، چونکە لە لەندەن سەعات ٤ بەیانی هەوا ڕووناک دەبێتەوە. قاوە دەخۆمەوە و نانی بەیانی دەخۆم، هەواڵەکان دەخوێنمەوە، هەندێک ڕۆژ بۆ ڕاکردن دەچمە پارک، پاشان هەوڵ دەدەم سەعات ٩ یان ١٠ دەست بە کار بکەم.
ـ خوویەکی جیاواز یان تایبەتت چییە؟
پاتریک فلانەری: پێویستم بە ژوورێکی بێدەنگە (ئەمە سەرچاوەی بێزارییە هەمیشەییەکەمە لە بەریتانیا، چونکە دیوارەکان زۆر تەنکن و هەمیشە دەنگی دراوسێکان دەبیسترێت)، و پێویستم بە کەمترین شتە لەوەی سەرقاڵم بکات، تەنها پەنجەرەیەک نەبێت کە ڕووی لە دار و درەخت بێت. پێش دانیشتن، سێ جار بە دەوری مێزەکەمدا ناخولێمەوە یان هیچ جادوو و نزایەک ناکەم! تەنها پێویستم بە دوو کوپ قاوەیە بۆ ئەوەی بەیانیان مێشکم بکەوێتە کار، دوای ئەوە تەنها کێشەی پاراستنی تەرکیزە تا پیاسەی نیوەڕوان، و پاشان پاشنیوەڕۆ تا کاتی نانی ئێوارە.
ـ تکایە سێ کتێب بۆ خوێنەرانت پێشنیار بکە.
پاتریک فلانەری: سێ ڕۆمان پێشنیار دەکەم کە لەمدواییانەدا خوێندوومنەتەوە:
١. (یاداشتەکانی دژە جوولەکەیەک – Memoirs of an Anti-Semite) لە نووسینی (گریگۆر ڤۆن ڕێزۆری – Gregor von Rezzori) کە لێکۆڵینەوەیەکی سەرسوڕهێنەرە لەسەر کاریگەرییە دەروونییە وێرانکەرەکانی دژە سامی لە سەدەی بیستەم.
٢. (کاتژمێری ئەستێرە – The Hour of the Star) لە نووسینی (کلاریس لیسپێکتۆر – Clarice Lispector)ە و مێتافیکشنێکی ناوازەیە لە یەکێک لە مامۆستا گەورەکانی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم.
٣. (ڕۆژی کولە – The Day of the Locust) لە نووسینی (ناتانێل وێست – Nathanael West)ە کە ڕۆمانێکی هۆڵیوودییە و بە شێوەیەکی سەیر پێشبینی پەرستنی ناوداران و توندوتیژیی جەماوەری دەکات.
ـ ئایا هاوڕێیەکی نووسەرت هەیە کە یارمەتیت بدات و ئیلهامت پێ ببەخشێت؟
پاتریک فلانەری: کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانی (لێخۆشبوون) بووم، بەڕاستی هیچ نووسەرێکی تری چیرۆکم نەدەناسی، و هەستم بە نەبوونی پشتیوانییەک دەکرد. ڕێک لەو کاتەی پێداچوونەوەم بۆ کتێبەکە دەکرد، ژەمەنانێکی زۆر گرنگم هەبوو لەگەڵ ڕۆماننووسی باشووری ئەفریقا بە ناوی (مارلین ڤان نێکێرک – Marlene van Niekerk)، کە زۆر سەرسامی کارەکانیم و ئەویش وەک هاوکارێکی نووسەر مامەڵەی لەگەڵ کردم، هەرچەندە هیچ هۆکارێکی نەبوو کە ئەوە بکات. ئەو نانخواردنە یارمەتییەکی زۆری دام کە بۆ پێشەوە بچم. لەوەتەی کتێبەکە بڵاوبووەتەوە، دەستم کردووە بە بینینی نووسەرانی تر، کە ئەزموونێکی زۆر باش بووە، بەتایبەت کاتێک کەسێک لەناکاو پەیوەندیم پێوە دەکات و دەڵێت کتێبەکەی بە دڵ بووە و دەیەوێت بمدوێنێت. نووسین کارێکی هێندە تەنیایە، کە دۆزینەوەی کۆمەڵێک لەو کەسانەی لە داخوازی و بێزاری و خۆشییە تایبەتەکانت دەگەن، مایەی حەسانەوەیە.
ـ شوێنێک هەیە ئیلهامت پێ ببەخشێت؟
پاتریک فلانەری: ئێستا، شەش هەفتەیە لە دامەزراوەی (سانتا مادالینا – Santa Maddalena) لە دەرەوەی (فلۆرێنس – Florence) بەسەر دەبەم، لەو باڵەخانەیەدا کار دەکەم کە پێشتر (بروس چاتوین – Bruce Chatwin) تێیدا دەینووسی. پێشتر لێرە نەژیاوم، بەڵام تەنها ١٢ سەعات دوای گەیشتنم، لەسەر مێزەکەم بووم و سەیری گردەکانی (توسکان – Tuscan)م دەکرد، هەستم بە جۆرە بینینێکی داهێنەرانە دەکرد کە لە هیچ شوێنێکی تر وا هەستم پێ نەکردبوو. ئەوەی یارمەتیدەرە ئەوەیە کە ناچار نیت بیر لە چێشتلێنان یان پاککردنەوە بکەیتەوە، و لە کاتی نانی نیوەڕۆ و ئێوارەدا لەگەڵ نووسەرانی تر – ئێستا لەگەڵ دوو نووسەری ئیسپانی بە ناوەکانی (خاڤیێر مۆنتی – Javier Montes) و (مێرسیدس سیبریان – Mercedes Cebrián)، و نووسەری مەقدۆنی بە ناوی (گۆسێ سمیلێڤسکی – Goce Smilevski) – هەروەها خانەخوێیەکەمان (بارۆنێسا بیاتریس – Baronessa Beatrice)، بێوەژنەکەی (گریگۆر ڤۆن ڕێزۆری) کۆ دەبینەوە. بە بێدەنگییەیەکی دەوروبەر، جوانی دیمەنەکان، هاوڕێیەتی باش، گفتوگۆی زیندوو و خواردنی نایاب، چوار سەگی هاوڕێ هەست دەکەم چۆن دەکرێت شوێنێکی ئاوا ئیلهامبەخش نەبێت.
ـ پێویستە چی لە لاپەڕەی یەکەم و بەشی یەکەمی کتێبێکدا نووسرابێت تا کتێبەکە سەرکەوتوو بێت و وا لە خوێنەر بکات بەردەوام بیت لە خوێندنەوەی؟
پاتریک فلانەری: کاتێک بیر لەو کتێبانە دەکەمەوە کە خۆشم دەوێن، هەموویان بە شێوازی زۆر جیاواز دەست پێ دەکەن، هەرچەندە پێموایە خاڵی هاوبەشیان یەکێکە لەم دوو شتە: یان شارەزاییەکی بێوێنە لە زمان و ستایلێکی سەرنجڕاکێش، یان کردارێکی درامیی بەهێز کە وات لێ بکات بتەوێت زیاتر بزانیت. گەورەترین کتێبەکان بۆ من ئەوانەن کە هەردوو سیفەتەکە پێکەوە کۆدەکەنەوە.
ـ ئایا هیچ شتێکی جیاواز یان نائاسایی لە شوێنی کارەکەت هەیە؟ هەڵبەت بێجگە لە شتە دیارەکان، چیت لەسەر مێزەکەت هەیە؟
پاتریک فلانەری: من پێویستم بە سادەیی هەیە. لە باشترین حاڵەتدا مێزەکەم بەتاڵە جگە لە لاپتۆپەکە، هەرچەندە جار جار کۆمەڵێک شتی وەک کتێب، وەسڵی پارە، قەڵەمی لەسەرە و جار تەمبەڵیم دێت پاکیان بکەمەوە. دیواری بەردەم مێزەکەم لە ماڵەوە بەتاڵە، بەڵام لە (سانتا مادالینا)، کۆمەڵێک وێنەی کێشراوی سەدەی هەژدەیەمی ڤینیسیای لەسەر هەڵواسراوە کە دەسەڵاتدارانی عوسمانین، وەزیرە ئەعزەمەکان، پاشایەک، ئەشرافێکی تورک. لە هەردوو شوێنەکەدا سەیری دارەکان دەکەم. پێویستم بە بینینی سەوزاییە؛ نووسین بێ بینینی دارەکان بۆ من ناچێتە پێشەوە.
ـ ئایا ساتێکی دیاریکراو هەبووە لەوەی هەستت کردبێت کە نووسەرێکی سەرکەوتوویت؟
پاتریک فلانەری: بۆ من، نووسەربوون وەک پڕۆسەیەکی بەردەوامی بوونیادنان وایە، چونکە هەمیشە شتی زۆرتر هەیە بۆ خوێندنەوە، زۆرتر بۆ نووسین، و زمانانی تر بۆ فێربوون.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.

