كارزان گلی – ههولێر
لە ماوەی یەك هەفتەدا، دوو سەرۆكی زلهێزی جیهان سەردانی چینیان كرد، سەرەتا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پاشان ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی رووسیا. هەمان ئەو رێوڕەسمەی بۆ ترەمپ كرا، بۆ پۆتینیش کرا؛ شی چینپینگ، سەرۆكی چین، كاریگەرترین سەرۆكی جیهانە؟
بە گوێرەی ئەو راپۆرت و بەدواداچوونانەی میدیاكانی جیهان لەبارەی سەردانەكەی ترەمپ بۆ چین كردویانە، شی چینپینگ ئەوەی ویستی لەگەڵ ترەمپ بەدەستی هێنا، هەروەها ئاگربەستی شەڕی ئابووریش لەگەڵ ئەمریكا بەردەوامی دەبێت، ئەمەش بەو مانایە دێت، ئەو باجە گومرگیانە ترەمپ بەنیازبوو بیكاتە سەر كاڵای چینی، بۆ كاتێكی نادیار راگیراوە، ئەمەش بەمانای سەركەوتن دێت بۆ ئەو سەرۆكە.
ئاژانسی (DW) بڵاوی كردووەتەوە، لەبارەی ناكۆكی ئەمریكا و چین لەسەر تایوان، شی چینپینگ، توانیی ئەو پەیامە بە ترەمپ بدات كە تایوان بۆ ئەوان هێڵی سوورە و چوارچێوەیەكی تازەی ئەو ناكۆكییە دانا و ئیدی ئەمریكا تێگەیشت کە چین دەستبەرداری تایوان نابێت.
لەبارەی سەردانەكەی پۆتینیش بۆچوونی جیاواز هەیە، بەشێك پێیانوایە پۆتین زۆر پێویستی بە چینە، چونكە وڵاتانی ئەورووپا لە ڕووی ئابوورییەوە گەماری روسیایان داوە، بۆیە تاكە دەرچەی رووسیا لە ڕووی ئابوورییەوە چینە.
هەروەها جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، بووەتە هۆی ئەوەی رووسیا لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە ماندوو بێت، بۆیە رووی لە چین كردووە و بەبێ پاڵپشتی چین ناتوانێت لەو جەنگە بەردەوام بێت و بەشێكی زۆری ئەو نەوتەی رووسیا بەرهەمی دەهێنێت بۆ چین دەچێت.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، سەرچاوەی وزەی رووسیا بۆ چین زۆر گرنگە، چونكە بە نرخێكی هەرزان دەستی دەكەوێت و ئەمە وا دەكات چین لە ڕووی پیشەسازییەوە گەشە بكات، چونكە ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا وزەی رووسیا نەكڕن، كە زیاتر لە دوو ساڵە بایكۆتی نەوت و گازە سروشتیەکەی روسیایان كردووە، چین بە نرخێكی زۆر هەرزانتر لە بازاڕەكانی جیهان، نەوتی رووسیا دەكڕێت، واتە رووسیا سوود لە چین دەبینێت بۆ فرۆشتنی نەوتەكەی، هەروەها چینیش سوود لە رووسیا دەبینێت بۆ كڕینی نەوت بە نرخێكی هەرزان.
لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و پەلاماری ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شی چینپینگ رۆڵی زۆر كاریگەری دەبێت و روونیشە چین لە رووسیا و ئێران نزیكە، بۆیە ئێستا شی چینپینگ بووەتە كەسایەتییەكی زۆر كاریگەر لە جیهاندا، لە ماوەیەكی كەمدا دوو سەرۆكی سوپەر هێزی جیهان روویان تێ كرد و چەندین رێككەوتنیان لەگەڵ کرد.
چین، دەیەوێت بەبێ ئەوەی هێز و جەنگ بەرپا بكات، لە ڕووی ئابورییەوە جیهان داگیر بكات، بازاڕی ئەورووپی و ئاسیای داگیر كردووە، هەروەها رووی لە ئەفریقیا كردووە و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ١٨٠ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە وڵاتانی ئەفریقیادا كردووە، چونكە پێیانوایە لە داهاتوودا ئەوەی بتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە ئەفریقیا بۆ خۆی مسۆگەر بکات، داهاتوو بۆ ئەوە، بۆیە چین بەر لە ئەمریكا رووی لە ئەفریقیا كرد و وەبەرهێنانی تێدا كرد.

