ئیسماعیل تهها ئیسماعیل
مرۆڤایەتی لە سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی سەدەی بیست و یەکەمدا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک دۆخی نوێ بووەتەوە کە تێیدا سنوورە باوەکانی نێوان جڤاکەکان بەرەو کاڵبوونەوە دەچن. لە نێو ئەم واقیعە نوێیەدا، پەروەردە چیتر تەنیا پرۆسەیەکی تەقلیدی نییە بۆ گواستنەوەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ستراتیژییەتێکی هەمەلایەن کە ئامانجی سەرەکیی داڕشتنەوەی هۆشیاریی مرۆڤە. پەروەردەی فرەکولتوری وەک فەلسەفەیەکی هاوچەرخ دێتە کایەوە تاوەکو وەڵامی پێداویستیی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان بداتەوە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە خاوەنی پێکهاتەی نەتەوەیی، ئایینی و کلتوری جیاوازن. ئەم جۆرە لە فێرکاری هەوڵ دەدات ژینگەیەکی فێربوونی واقیعی بونیاد بنێت کە تێیدا هەموو تاکێک، بێ گوێدانە پاشخانی ناسنامەیی خۆی، هەست بە بوون و ڕێزلێنان بکات. ئامادەکردنی نەوەیەک کە توانای تێگەیشتن و قبووڵکردنی جیاوازییەکانی هەبێت، تەنیا ئامانجێکی مرۆیی نییە، بەڵکو زامنی سەرەکیی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی نیشتمانییە. کاتێک سیستمی فێرکاری لەسەر بنەمای فرەیی دابمەزرێت، دەتوانرێت ڕێگری لە سەرهەڵدانی بیرۆکەی توندڕەوی و تاکڕەوی بکرێت، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ گەشەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە نێو قوتابییاندا. لێکۆڵینەوە لەم بابەتە لە ڕوانگەیەکی زانستی و ئەکادیمییەوە، یارمەتیمان دەدات لەوەی تێبگەین چۆن دەتوانرێت ناوەڕۆکی خوێندن و شێوازەکانی وانەوتنەوە بە جۆرێک دابڕێژرێن کە خزمەت بە چەمکی پێکەوەژیان بکەن. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە بە وردی لە ڕەهەندە دەروونی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانی ئەم بابەتە بکۆڵینەوە، چونکە بنیاتنانی نەوەیەکی کراوە پێویستی بە تێڕوانینێکی ڕوون و ستراتیژییەکی درێژخایەن هەیە کە هەموو جومگەکانی پرۆسەی فێربوون بگرێتەوە.
داڕشتنەوەی دەق لەسەر بنەمای فرەیی
پەرتووک و پرۆگرامەکانی خوێندن بناغەی پتهوی هەر سیستمێکی پەروەردەیین، چونکە ئەوان ئاڕاستەی فیکری و مەعریفی نەوەی نوێ دیاری دەکەن. بۆ ئەوەی پرۆگرامێکی خوێندن بتوانێت بەهاکانی پێکەوەژیان بچەسپێنێت، پێویستە لەژێر ڕۆشنایی بنەماکانی فرەکولتوریدا پێداچوونەوەی وردی بۆ بکرێت. ئەمەش بەو واتایە دێت کە بابەتەکانی مێژوو، ئەدەب، کۆمەڵناسی و تەنانەت زانستە سروشتییەکانیش، دەبێت ڕەنگدانەوەی بەشداریی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان بن لە بونیادنانی شارستانێتی مرۆییدا. بۆ نموونە، لە کاتی نوسینەوەی مێژوودا، پێویستە خۆر لە تێڕوانینێکی یەکلایەنەی بەرتەسک بەدوور بگرێت، بەڵکو تیشک بخرێتە سەر کارلێک و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی نێوان گەلان. لە ناوەڕۆکی ئەدەبیدا، گرنگە نموونە لە داهێنانی نووسەران و شاعیرانی پێکهاتە جیاوازەکان جێگیر بکرێت تا قوتابی لە تەمەنێکی کەمەوە درک بە جوانی و دەوڵەمەندیی فرەیی زمانەوانی بکات. جگە لەمەش، شێوازی داڕشتنی دەقەکان دەبێت پاک بێت لە هەر دەستەواژەیەک کە بێڕێزیکردن یان کەمبایەخکردنی تێدا بێت بۆ هەر گروپێکی کۆمەڵایەتی. پرۆگرامی هاوچەرخ پەرە بەو جۆرە چالاکییانە دەدات کە پێویستیان بە کاری بەکۆمەڵ هەیە لە نێوان قوتابیانی خاوەن پاشخانی جیاواز، ئەمەش وایان لێدەکات لە ڕێگەی ئەزموونی پراکتیکییەوە فێری بەهاکانی هاوکاری و ڕێزگرتن ببن
.
مامۆستا وەک نموونەی باڵای ڕێزگرتن
سەرکەوتنی هەر پرۆگرامێکی پەروەردەیی بە شێوەیەکی سەرەکی بەستراوەتەوە بە لێهاتوویی و ئامادەیی مامۆستاوە، چونکە ئەو جێبەجێکاری ڕاستەوخۆی سیاسەتە فێرکارییەکانە لەناو پۆلدا. لە ژینگەیەکی فرەکولتوریدا، ئەرکی مامۆستا تەنیا گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی گفتوگۆکانە بە شێوازێکی بێلایەنانە و زانستی. پێویستە مامۆستا خاوەنی کارامەیی بەرزی پەیوەندیکردن بێت و بتوانێت ژینگەیەکی ئارام بڕەخسێنێت کە تێیدا هەموو قوتابییەک بەبێ ترس گوزارشت لە ڕاوبۆچوونی خۆی بکات. بەکارهێنانی شێوازی وانەوتنەوەی چالاک، وەک گفتوگۆی کراوە، لێکۆڵینەوەی دۆخەکان و ڕۆڵبینین، یارمەتیدەرێکی گەورەن بۆ ئەوەی قوتابیان خۆیان بخەنە شوێنی کەسانی تر و لە گۆشەنیگای ئەوانەوە سەیری بابەتەکان بکەن. هەروەها پێویستە مامۆستایان ڕاهێنانی تایبەت وەربگرن بۆ ناسینی نیشانەکانی دەمارگیری یان جیاکاری لە نێو پۆلدا و چۆنیەتی مامەڵەکردنی دروست لەگەڵیاندا. کاتێک مامۆستا خۆی دەبێتە نموونەیەک بۆ ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و بە یەکسانی سەیری هەمووان دەکات، ئەم ڕەفتارە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ قوتابییەکان و دەبێتە بەشێک لە ڕەوشتی ڕۆژانەیان. لەبەر ئەوە، پەرەپێدانی پیشەیی مامۆستایان لەم بوارەدا هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەروەردەی هاوچەرخ.
یەکدەنگی لە پەیامی پەروەردەییدا
پرۆسەی پەروەردەکردن ناتوانێت ئامانجە باڵاکانی بپێکێت ئەگەر پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و هاوسەنگ لە نێوان خێزان و قوتابخانەدا بوونی نەبێت. خێزان یەکەمین و گرنگترین وێستگەیە کە تێیدا بنەما سەرەتاییەکانی ڕەوشت و تێڕوانین بۆ جیهان لای منداڵ دروست دەبن. ئەگەر لەناو ماڵدا هانی ڕێزگرتن لە ئەوانی تر بدرێت، منداڵەکە کاتێک دەچێتە قوتابخانە زۆر ئاسانتر لەگەڵ هاوڕێ جیاوازەکانی دەگونجێت. لەبەر ئەوە، پێویستە قوتابخانەکان بەرنامەی تایبەتیان هەبێت بۆ ڕاکێشانی دایک و باوکان بۆ ناو پرۆسەی پەروەردەی فرەکولتوری لە ڕێگەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولی و سیمیناری هۆشیاری. کاتێک دایک و باوکان تێدەگەن کە فێربوونی منداڵەکەیان لەسەر بنەمای قبووڵکردنی جیاوازییەکان نابێتە هۆی کاڵبوونەوەی کلتوری ڕەسەنی خۆیان، بەڵکو دەبێتە هۆی پاراستنی هۆشیارییان، زیاتر هاوکاری سیستمەکە دەکەن. ئەم هاوبەشییە یارمەتی دروستکردنی جۆرێک لە یەکدەنگی دەدات لە نێوان ئەو پەیامانەی کە منداڵ لە قوتابخانە و لە ماڵەوە وەریان دەگرێت، ئەمەش ڕێگری دەکات لە دروستبوونی دۆخی دوودڵی یان سەرلێشێواوی فیکری لای نەوەی نوێ. کارکردنی پێکەوەیی ئەم دوو دامەزراوەیە، بناغەیەکی پتەو بۆ پاراستنی بەها هاوبەشە گشتییەکان دەهێنێتە کایەوە.
نەخشەی نوێی پێکەوەژیان
پەروەردەی فرەکولتوری بژاردەیەکی سەرپشکانە نییە کە کۆمەڵگەکان بتوانن وازی لێ بهێنن، بەڵکو پێداویستییەکی بنەڕەتی و ستراتیژییە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەش و سەقامگیر. بنیاتنانی نەوەیەک کە جیاوازییەکان وەک خاڵی هێز و دەوڵەمەندی ببینێت، پێویستی بە کارێکی ڕێکوپێک و بەردەوام و هەمەلایەن هەیە کە هەموو کایەکانی ژیان بگرێتەوە. لە ڕێگەی نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و بەرزکردنەوەی تواناکانی مامۆستایان و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان خێزان و قوتابخانە و ڕەخساندنی فەزای گشتی کراوە، دەکرێت ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی تەندروستی مرۆڤ بەدی بهێنرێت. پێویستە هەموان درک بەوە بکەن کە یەکگرتوویی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە لە تواوەیی و سڕینەوەی تایبەتمەندێتییەکاندا نییە، بەڵکو لە توانای ڕێکخستنی ئەم فرەییەدایە لەناو چوارچێوەیەکی نیشتمانی و مرۆیی هاوبەشدا. کاتێک ئەم ئامانجە باڵایە بەدی دێت، کۆمەڵگە دەبێتە خاوەنی کۆڵەکەیەکی پتەو لە بەرانبەر هەر هەوڵێکی توندڕەوی یان دابەشبوون، ئەمەش ڕێگا بۆ پێشکەوتنی هەمەلایەنی زانستی و کلتوری خۆش دەکات. پەیڕوکردنی ئەم ڕێچکە زانستییە، زامنی تەنیا ڕێگایە بۆ مانەوە و درەوشانەوە لە جیهانی پڕ لە گۆڕانکاری ئەمڕۆدا.

