رۆژنامەی ھەولێر

ئەدەبی زیندانی؛ لە ئازارەوە بۆ داهێنان

بژار حەکیم
دنیای ئەدەب دەربڕینێکی مرۆییە بەرانبەر رووداوەکان، کەشفکردنی نەگوتراوەکان و خستنەڕووی نهێنییەکانە، ئەو حاڵەتە مرۆییە کە نهێنی و ئازار دەخاتە ڕوو، لە شێوەی دەق و کتێبدا دەخرێتە ڕوو، کە دەرگەی دەربڕین بۆ مرۆڤایەتی دەکاتەوە. ئەدەبیی زیندانیی یان ئەدەبیاتیی زیندانییان، ئەو ئەدەبەیە تامەزرۆی ئازادییە و لە ڕیزی لقەکانی ئەدەبدایە بە فۆرمە جۆراوجۆرەکانیەوە، ئەم بەرهەمە ئەدەبییە، کە لەژێر چەوساندنەوەی دژمندا بەرهەم هاتووە، بە چەندین ناو دەڕوات، هەندێک بە “ئەدەبیاتیی ئازاد” یان بە “ئەدەبیاتیی زیندان” یان “ئەدەبیاتیی زیندانیی” ناوی دەبەن. ئەدەبیاتیی زیندان، کاریگەرییەکی بەرچاو و ئەرێنی لەسەر دەروونیی زیندانیی و واقیعی دەستبەسەرکردن هەیە، گوزارشت لە خودی کەسی، نەتەوەیی، هیوا و ئاواتەکانیان دەکات، لە گوشارەکانی زیندانیکردن و کەشوهەوای سەرکوتکردن و زیندانیکردن ڕزگاریان دەکات، دەیانگوازێتەوە بۆ جیهانی فراوانی خەیاڵ. ئەدەبیاتیی زیندان کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگەدا هەیە، کە تێیدا دەربڕینی ڕاستەقینەی هەست و سۆز و گۆڕان لە بەرژەوەندیی خۆپەرستی و قازانجی کەسییەوە بۆ چاکەی گشتی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی دۆزیوەتەوە. ئەدەبیی زیندانیی، خاوەنی ڕەسەنایەتییەکی ناوازە و قووڵی مرۆڤدۆستانەیە، لەگەڵ ناوەڕۆکی پیشەیی و قسەخۆشی داهێنەرانە کە قووڵتر دەنگدانەوەی لەگەڵ گوێگران و خوێنەران هەیە. زمانی گێڕانەوەو نووسینی ئەدەبیی زیندانیی، تێکەڵکردنی پێکەنین و گریانە، زمانێکی راستگۆ ئازار و تاوانەکان وەکخۆی دەگوازێتەوە. کەواتە ئەدەبیی زیندانیی، هەستێکی قووڵی تێدایە، کە لە بەرانبەر چەوسانەوەدا هاواری ئازادیی دەکات، هەروەها لەپێناو پاراستنی نیشتمان، وەک قوربانیی دەوەستنەوە، بۆیە کاتێک لە زیندان و لەژێر ئەشکەنجەدا رزگاریان دەبێت، ئەگەر ئەو مێژووە بکەنە بەرهەمی ئەدەبیی، دەقێکی باڵا دەنووسنەوە. بۆیە ئەدەبیی زیندانیی یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین چەشنەکانی ئەدەبە، کە تێیدا نووسەر یان زیندانیی دوای ئازادبوونی، باسی ئەزموونە تاڵەکان، ئازارە دەروونییەکان و بیروباوەڕە سیاسییەکانی خۆی دەکات. ئەم جۆرە ئەدەبە بەرهەمی ئەو کاتانەیە کە نووسەر تێیدا ئازادیی جەستەیی لێ زەوت کراوە. زۆرینەی جار ئەم نووسینانە وەک جۆرێک لە بەرگریی تەماشا دەکرێن، چونکە ئەو ئەدەبە تەنها گێڕانەوەیەکی سادە نییە، بەڵکو هاواری ڕۆحێکی ئازادە کە هیچ زنجیر و قوفڵێک ناتوانێت بێدەنگی بکات. زیندان لە ڕواڵەتدا شوێنی سزادان و بێدەنگ کردنە، بەڵام بۆ نووسەران و زیندانیان زۆرجار دەبێتە کاتێکی ناچاری بۆ تێڕامانی قووڵ. کاتێک دیوارەکان دەووری مرۆڤ دەگرن، خەیاڵ دەبێتە تەنها دەرچە بۆ ڕزگاربوون، تەنیایی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی نووسەر ڕووبەڕووی خودی خۆی ببێتەوە. سەرەڕای ئەوەی مێژووی کورد پڕە لە زیندان، ئەشکەنجە و ڕاپێچکردنی نووسەران و خوێندەوارەکانی بۆ ناو کونی زیندانەکان، بەڵام وەک ژانرێکی سەربەخۆ و تیۆریزەکراو، ئەدەبیاتی زیندان لە ناوەندە ئەدەبییەکانی ئێمەدا تا ڕاددەیەک فەرامۆش کراوە. لەبەر ئەوەی گەلی کورد بەردەوام لە ناو جەنگ و شۆڕشدا بووە، شیعر و چیرۆکی کوردی زیاتر دەنگ و رەنگی ئەدەبیی بەرگریی بووە. زۆرجار ئازاری ناو زیندان لە ناو ئازاری گەورەتری نیشتماندا تواوەتەوە. واتە نووسەر وەک “پێشمەرگە” یان “تێکۆشەر” سەیر کراوە، نەک وەک “زیندانییەکی داهێنەر”، ئەمەش وایکردووە تایبەتمەندییە دەروونی و فەلسەفییەکانی ژیانی ناو زیندان کەمتر لێیان بکۆڵرێتەوە، یانیش زۆرێک لەو نووسەر و شاعیرانەی زیندانییان بینیوە، دوای ئازادبوونیان تووشی جۆرێک لە کەنارگیریی یان شۆکی دەروونی بوون، کە نەیانتوانیوە جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەو هەموو ئازارە و ببنەوە بە نووسەر. نووسین لەسەر زیندان پێویستی بە جۆرێک لە “ئازایەتیی دەروونیی” هەیە بۆ دووبارە ژیانەوە لەناو ئازارەکاندا، کە ڕەنگە هەموو کەس ئامادەیی تێدا نەبێت. لەلایەکی دیکەوە ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی زیاتر سەرقاڵی فۆرم و زمان بووە، کەمتر ئاوڕی لە “ئەدەبیاتیی پەراوێز” یان ژانرە تایبەتەکان داوەتەوە. لێکۆڵەرانی ئێمە کەمتر چوونەتە ناو وردەکاریی ئەو زمانە تایبەتەی کە زیندانیی بەکاری دەهێنێت بۆ گوزارشتکردن لە ئازارەکانی. ئەوەی من مەبەستمە لەو نووسینەدا ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە، کە ئەدەبیی زیندانیی لەنێو میللەتی ئێمەدا زۆر کەم بایەخی پێ دراوە، لە کاتێکدا زۆرترین نووسەر و پێشمەرگە و هاونیشتمانیی کوردستان، لە زیندانییەکانی بەعسدا ئازاری قورس دراون، دەبوو ژیانی زیندانی و رەفتارە ترسناکەکانی جەللادەکانی بەعس لە زیندانەکاندا سەتان چیرۆک و رۆمان و یادداشتنامەی لە شێوەی کتێبدا بۆ مێژووی ئازاری میللەتێک ئەرشیف بکردایە. ئەدەبیاتی زیندان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە مرۆڤ دەکرێت زیندانی بکرێت، بەڵام بیرۆکەکان کۆت و زنجیر ناکرێن. ئازار لە زیندان دا نابێتە هۆی شکان، بەڵکو دەبێتە خەیاڵی خوڵقاندنی شاکارێک، کە بۆ هەتا هەتایە لە مێژوودا دەمێنێتەوە، چونکە ئەدەبیی زیندانیی گواستنەوەی ئازارە بۆ داهێنان.