رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی و هادی عامری کۆبوونەوە

لە درێژەی دیدارە سیاسییە لوتکەییەکانیدا لە بەغدای پایتەخت، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 5/23، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هادی ئەلعامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کۆبووەوە؛ ئەم دیدارە وەک هەوڵێکی جیدی بۆ “لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان” و تاوتوێکردنی ئاقارەکانی داهاتووی سیاسی لە عێراقدا دەبینرێت.

لەم دیدارەدا، مەسرور بارزانی و هادی ئەلعامری گفتوگۆیەکی چڕیان لەبارەی ڕەهەندەکانی پڕۆسەی سیاسی و دۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئەنجامدا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی “گیانی هاوئاهەنگی” و هاریکاریی نێوان هەولێر و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردەوە، تاوەکو بتوانرێت بە یەکڕیزی بەرەوڕووی ئاستەنگەکان بببنەوە و کۆتایی بەو “چەقبەستووییە” بهێنن کە زیانی بە بەرژەوەندییە گشتییەکان گەیاندووە.

تەوەرێکی جەوهەریی ئەم کۆبوونەوەیە، جەختکردنەوە بوو لەسەر “ڕێزگرتن لە دەستوور” وەک تاقە مەرجەع بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان. مەسرور بارزانی بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوە کرد کە سەقامگیریی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی پرنسیپەکانی (هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی و سازان)؛ ئەم سێکوچکە سیاسییەی کە زامنی پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانە و ڕێگرە لە هەر جۆرە پەراوێزخستنێکی سیاسی.

ئەم دیدارەی مەسرور بارزانی و ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ هەموو جەمسەرە کاریگەرەکاندا بگەڕێتەوە بۆ “خانەی لێکتێگەیشتن”. سەرۆکی حکومەت پەیامی “ئاشتی و مافخوازیی” گەلی کوردستانی گەیاندە لایەنەکان و دووپاتی کردەوە کە ئیرادەیەکی پۆڵایین هەیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گفتوگۆی بونیادنەرەوە، سەرجەم “کۆسپەکان” لەسەر ڕێگەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەت لاببرێن، بە جۆرێک کە دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو هاووڵاتییان مسۆگەر بێت