رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی و حەیدەرعەبادی کۆبوونەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 5/23، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی (نەسڕ) کۆبووەوە؛ ئەم دیدارە وەک هەوڵێک بۆ “لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان” و تاوتوێکردنی ئاقارەکانی داهاتووی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا دەبینرێت.

لەم دیدارەدا، مەسرور بارزانی و حەیدەر عەبادی بیروڕایان لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دۆخی گشتیی وڵات ئاڵوگۆڕ کرد. هەردوولا هاوڕا و کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە تاقە ڕێگەی سەرکەوتنی حوکمڕانی لە عێراقدا، بریتییە لەوەی حکومەتی فیدراڵ “بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی” خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکان بکات، بە جۆرێک کە هیچ چین و توێژێک هەست بە پەراوێزخستن نەکات.

تەوەرێکی دیکەی گرنگی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسڕ، تایبەت بوو بە پڕۆسەی “چاکسازیی هەمەلایەنە”. مەسرور بارزانی بە وردی تیشکی خستە سەر ئەو هەنگاوە جیددیانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا ناویەتی بۆ ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و دارایی، کە ئامانج لێی خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و شەفافییەتە لە حوکمڕانیدا.

مەسرور بارزانی لەم کۆبوونەوەیەدا دووپاتی کردەوە کە ئاشتی و سەقامگیریی عێراق بەندە بە ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی گشت پێکهاتەکان. جەختیش کرایەوە کە دیالۆگی بونیادنەر و لێکتێگەیشتنی سیاسی، کورتترین ڕێگەیە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە کۆنەکان و داڕشتنی داهاتوویەکی گەشتر کە تێیدا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان لە زاخۆوە تاوەکو فاو مسۆگەر بێت.

ئەم دیدارە، کە لە نێو کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، نیشانەی ئەوەیە کە مەسرور بارزانی دەیەوێت “نەخشەڕێگەی چارەسەر” لەگەڵ هەموو ئەو کەسایەتی و جەمسەرە سیاسییانەدا تاوتوێ بکات کە خاوەن ئەزموون و پێگەن لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، تاوەکو پشتیوانییەکی نیشتمانیی فراوان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافەکانی گەلی کوردستان فەراهەم بکات.