رۆژنامەی ھەولێر

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە ھەماھەنگی لەگەڵ بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، پڕۆسەی دابەشکردنی منحەی دارایی مانگی ٣ بۆ خوشک و برایانی ڕزگاربووی ئێزدی دەستپێدەکات.

بەپێی ڕاگەیاندراوی بنکەی لالش، بەپێی ئەو لیستە نوێیەی کە بڵاومان کردووەتەوە، ناوی سێ ھەزار و ٥٩٠ ڕزگاربووی دەستی داعش لەم پرۆسەیەدا ھەیە و بەردەوامین لە گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆیان.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، دابەشکردنی ھاوکارییەکان لە چوار شوێنی جیاواز دەبێت و پڕۆسەکە لەژێر چاودێری وردی نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و لە ڕێگەی بنکەی لالش بۆ ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت، کە تایبەت کراوە بە ڕزگاربووانی خوشک و برایانی ئێزدی.
ھەروەھا باسی لەوەش کرد، ئەم پڕۆژەیە ماوەی دوو ساڵە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەردەوامە و لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا پڕۆژەکە دەبێتە دوو ساڵ کە بەبێ ھیچ کێشە و گرفتێک و بە شێوەیەکی شەفاف، ھاوکارییەکان بەسەر ڕزگاربوواندا دابەش دەکرێن.
بەگوێرەی ئەو خشتەی دانراوە، لە ڕۆژی ھەینی، ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٦ تا ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە چوار شوێنی جیاواز ھاوکارییەکان دابەش دەکرێن.
جێی ئاماژەیە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردەوام لە ھەوڵی پشتیوانیکردنی ئاوارە و ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش دایە، بەتایبەت پێکھاتەی ئێزدی، بە مەبەستی سووککردنی بارگرانی سەر شانیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان.