رۆژنامەی ھەولێر

هۆلیوود سنوورێک بۆ ژیریی دەستکرد دادەنێت؛ یاسایەکی مێژوویی بۆ پاراستنی ئەکتەران واژۆ کرا

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

سەندیکای ئەکتەرانی هۆلیوود (SAG-AFTRA) ڕێککەوتنێکی مێژوویی و توندی بۆ سنووردارکردنی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) لە دووبارە دروستکردنەوەی دەنگ و ڕوخساری ئەکتەرە کۆن و کۆچکردووەکاندا واژۆ کرد. ئەم پێشهاتە یاساییە دوای ئەوە دێت کە لە چەند مانگی ڕابردوودا، چەندین سکانداڵی گەورە سەری هەڵدا، بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان بەبێ مۆڵەت، دەنگ و سیمای ئەستێرە ناودارەکانیان لە فیلم و ڕیکلامە بازرگانییەکاندا بەکار هێنابووەوە.
بەپێی یاسا نوێیەکە، هیچ کۆمپانیایەک مافی نییە “کۆپی دیجیتاڵی” یان شێوەی دروستکراوی ئەکتەرێک بەکار بهێنێت، مەگەر بە ڕەزامەندی فەرمی و پێشوەختەی خودی ئەکتەرەکە یان میراتگرە یاساییەکانی بێت، کە دەبێت شایستەی دارایی تەواویشیان پێ بدرێت. سەرپێچیکارانیش ڕووبەڕووی سزای دارایی قورس و ڕاگرتنی دەستبەجێی پەخشی بەرهەمەکانیان دەبنەوە.
ئەم بڕیارە وەک گرنگترین وەرچەرخانی پیشەسازی سینەما لە ساڵی ٢٠٢٦دا سەیر دەکرێت، کە سنوورێک بۆ تەقینەوەی تەکنەلۆژیا دادەنێت، داهاتووی پیشەیی ئەکتەران دەپارێزێت و متمانە و ڕەسەنایەتی بۆ کایەی هونەری جیهانی دەگەڕێنێتەوە.