سلێمان تاشان – ههولێر
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ یەكەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو. هەڵبژاردنێک هەرچەندە هەندێک ڕووداوی تاڵی بەدواوە بوو بەڵام بووە بەردی بناغەی ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و گەلی کورد بۆ یەکەم جار لە ڕێی سندووقی دەنگدان ئازادانە نوێنەری خۆی دەستنیشان کرد.
دوای ئەو ڕاپەڕینەی لە پێنجی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تەواوی شارەکانی کوردستان ڕزگار کران هێزی پێشمەرگە و سەرجەم حزبەکانی باشووری کوردستان کە تا ئەو کات لە شاخ لە دژی ڕژێمی سەدام حسێن لە خەباتدابوون گەڕانەوە ناو شار و دەستیان بە قۆناغێکی نوێی خەبات و تێکۆشان کرد.
دوای شكستهێنانی گفتوگۆكانی نێوان بهرهی كوردستانی و ڕژێمی بەعس، له ٢٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩١ حكوومهتی عێراق دهستی كرد بهكشاندنهوهی دامودهزگا ئیدارییهكان لهناوچهكانی كوردستان. ئهمهش بۆشاییهكی یاسایی و ئیداری دروست كرد، بهرهی كوردستانی، كه لهحهوت حزب پێكهاتبوو، وهكو دهسهڵاتی دیفاكتۆی ناوچهكه، لهئاستی ڕووبهرووبوونهوهی ئهو تهنگژه سیاسی و ئیداری و یاساییهدا بوو كه ڕژێم له كوردستان دروستی كرد، ئهوهبوو لهپێناو بهڕێوهبردنی ههرێم و دانانی دهسهڵاتی یاسا، بهرهی كوردستانی بیری لهدامهزراندنی سیستمێكی پهرلهمانی كردهوه، لهڕێی ئهنجامدانی ههڵبژاردنێكی سهربهخۆی ئازاد و دیموكراتییهوه.
یەکەم هەنگاوی بەرەی کوردستانی و هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەوە بوو وەک چۆن باوەڕێکی قووڵیان بە دیموکراسی و مافی دەنگدان هەبوو بڕیاریان دا لە ڕێی هەڵبژاردنەوە پەرلەمان و پاشان حکوومەتێکی نوێ بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرینن و لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی و سیستمێکی ڕێکوپێکی سیاسی وڵات بەرەو پێش ببەن و لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی پێگەی جەماوەرییان دەسەڵاتیان پێ بدرێت.
بەر لەوەی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت ئامادەکارییەکی تەواو کرابوو و سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لیژنەیەكی ١٥ كەسی پێكهێنا بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی یاسای هەڵبژاردن. لە ٢٨ی شوباتی١٩٩٢ سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لەژێر ناوی یاسای ژمارە یەک بۆ ساڵی ١٩٩٢ی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستانی عیراق پەسند كرد.
لە یەکەم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان حەوت لیست بەشدارییان كرد بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین کورسیی پەرلەمانی کوردستان مسۆگەر بکەن. لە خولی یەکەم کێبڕکێی هەڵبژاردن لەسەر ١٠٥ کورسیی پەرلەمان بوو. نۆسەد و حەفتا و یەک هەزار و چوارسەد و پەنجا و سێ کەس لە هەڵبژاردنی خولی یەکەم بەشدارییان کرد و تەنیا یەكێتی و پارتی توانیان بەربەستی لەسەدا حەوت تێپەڕێنن و ببنە خاوەنی كورسیی پەرلەمان.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکە كرد و توانی لەكۆی نۆسەد و حەفتا و یەک هەزار و چوارسەد و پەنجا و سێ دەنگ نزیکەی چوارسەد و سی و هەشت هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، واتە ڕێژەی لەسەدا چل و پێنج پۆینت یەکی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
جگە لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ، لیستی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەیەکەوە چوارسەد و بیست و سێ هەزار و هەشتسەد و سی و سێ دەنگیان بەدەست هێنا، کە دەکاتە لەسەدا چل و سێ پۆینت شەست و یەکی دەنگەكان، هیچ لیستێكی دیكە نەیتوانی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت.
یەکێتی و پارتی كورسییەكانی پەرلەمانیان پەنجا بە پەنجا لە نێوان خۆیاندا دابەش كرد سەرەڕای ئەوەی کە دەنگەکانی پارتی زیاتر بوون، پێنج كورسییەكەی دیكەشیان دایە کریستیانەکان کە چوار كورسی بۆ بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری و یەك كورسیش بۆ لیستی یەكگرتووی مەسیحییەكانی كوردستان بوو.
هەرچەندە ڕووداو و پێشهاتەکانی دوای یەکەم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە دەیەی نەوەدی زاینی زۆر تاڵ بوون و شەڕی براکوژی و دۆخێکی نالەبار لە هەرێمی کوردستان هاتە کایەوە و کوردستانی باشوور بۆ دوو ئیدارە دابەش بوو بەڵام هەرچییەک بێ کولتووری هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان چەسپا و لە خولەکانی دواتردا کە لە ٢٠٠٥ەوە دەستیان پێ کردەوە خەڵک جارێکی دیکە ئازادانە نوێنەرە دڵخوازەکانی خۆیان هەڵبژاردووە و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمێکی دیموکراتیکی پشتەئەستوور بە هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت و بە گشتی شەش خولی هەڵبژاردن بەڕێوە چوون.
دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو و ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەوەیە لەو کاتەوە زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگ تێدەپەڕێت بەڵام پەرلەمان ناچالاکە و لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردن نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی خۆیان دایانناون و لەسەری ڕێککەوتوون هەنگاو بۆ دامەزراندنی کابینەیەکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنێن.
کاتی ئەوە هاتووە دوای سی و چوار ساڵ لە بەڕێوەچوونی یەکەم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کار بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری بکەن، چونکە بەهێزبوونی پەرلەمان بە واتای بەهێزبوونی حکوومەت و قەوارەی سیاسیی کوردستان دێت.

