رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە پارێزگاری نەجەف دەکات

ئەمرۆ دووشەممە 5/18، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە يوسف مەککی گەنناوی پارێزگاری نەجەف و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئامادەییی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، بە تایبەتی نەجەف، لە بوارە جۆراجۆرەکاندا دەربڕی.

پارێزگاری نەجەف، ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان دا کە بە مەبەستی پێشخستنی پەیوەندیی دوولایەنە و سوودوەرگرتنە لە چاکسازیی و ئەزموونی سەرکەوتووی حکومەتی هەرێم لە کەرتە جیاوازەکان و بە تایبەتی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.