شێرکۆ حەبیب
پێویستە ھەموو لایەنی پەیوەندار لە قوتابخانە و مامۆستایانی ئاینی و رۆشنیران و یاسا ناسان، بەشداری ھەڵمەتی لەناوبردن و بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرکان بن ھەر لایەن و کەسێک لەسەر ئاستی خۆی.
چونکە یەکێک لە دوژمنە ھەرە سەرەکییەکانی مرۆڤ ماددە ھۆشبەرەکانە، نەک تەنھا جەستە لەناو دەبات، بەڵکو مێشک تێک دەدات و شیرازەی خێزان دەگۆڕێت و کاریگەرییەکی ئەوپەڕی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکات. تەنانەت یەکێکە لە کارە تیرۆریستە بێ دەنگەکان و مەترسیدارەکان بەرەنگاری ھاووڵاتیان و وڵات دەبێتەوە و چەندھا گرووپ بازرگانی بەو مادەیە دەکەن لە پێناو دەسکەوتنی قازانج و دەوڵەمەند بوونی نا دروست و نایاسایی لەڕێگای گیانی ھاووڵاتیان، کە ئەمەش کارێکی دژ یاسا و ئاینەکانی ئاسمانە.
زیانە دەروونییەکانی ماددە ھۆشبەرەکان لە زیانە جەستەییەکان کەمتر نین و دەبێتە ھۆی دڵەڕاوکێ و شیزۆفرینیا و خەمۆکی درێژخایەن و گۆڕانکاری لە ڕەفتاردا کە دەتوانێت تاکەکە بکاتە مەترسی بۆ سەر خۆی و کەسانی دیکە. مەترسییەکانی ماددە ھۆشبەرەکان بۆ سەر کۆمەڵگا لە زیادبوونی ڕێژەی تاوانەکان، تێکچوونی پەیوەندییە خێزانییەکان.
بێگومان ئەو زیانانەی مادەی ھۆشبەر بە تاک و کۆمەڵگای دەگەیەنن حاشا ھەڵنەگرە. کاریگەری دەرمانەکان تەنھا لە تەندروستی بەکارھێنەر و خێزانەکەیدا سنووردار نییە، کاریگەرییەکانی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بە گشتی کۆمەڵگا دەگرێتەوە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ھەردوو ئاسایش و ئابووری ھەیە، ماددە ھۆشبەرەکان و کاریگەرییە زیانبەخشەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگا بەشدارن لە زیادبوونی ڕۆژانەی ڕێژەی تاوانەکان، کە لەگەڵ پەرەسەندنی بڵاوبوونەوە و جۆراوجۆری ماددە ھۆشبەرەکان لە کۆمەڵگاکان بەرز دەبێتەوە. ئێستا زۆربەی کوشتن و دزی و ڕووداوی ئۆتۆمبێل بە پلەی یەکەم بەھۆی ماددە ھۆشبەرەکانەوە ڕوودەدات. زۆر ناوچە بۆ ھەندێک خێزان بوونەتە ناسەقامگیر، بەھۆی بەربڵاوی بازرگانی مادەی ھۆشبەر و زیادبوونی ژمارەی ئالوودەبووانی ماددە ھۆشبەرەکان .
ئاینی ئیسلامی پیرۆز ڕێز لە مرۆڤایەتی دەگرێت و پاراستنی ژیان و عەقڵ بە ئامانجە بنەڕەتییەکانی خۆی دەزانێت، کە بریتین لە: ئایین، ژیان، ڕەچەڵەک، عەقڵ، و موڵک و ماڵی. ئەمەش بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بتوانێت خەلیفەی خودا بێت لەسەر زەوی. کەواتە ئیسلام ھەموو شتێک قەدەغە دەکات کە زیان بە ژیان و عەقڵ بگەیەنێت. لە نێو ئەم شتە قەدەغەکراوانەدا ماددەی ھۆشبەر بە ھەموو جۆرەکانیەوە کە ھەیە، جا سروشتی بێت یان کیمیایی و بەبێ گوێدانە چۆنیەتی بەکارھێنانیان- چونکە زیانێکی گەورە و خراپەکاریی زۆریان لێدەکەوێتەوە. دەروون تێکدەدەن و جەستە لەناو دەبەن و زیان و خراپەی تریشیان لێدەکەوێتەوە. خودای گەورە فەرموویەتی: ( وَلا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ) سورەتی (البقرة ١٩٥).
ئەوەی لێرەدا گرنگە مزگەوت و قوتابخانە و ناوەندەکانی رۆشنبیری و دەزگاکانی راگەیاندن ئەم بابەتە بەھەند وەربگرن و ھاوکاری و پشتیوانی حکوومەت بن بۆ بنبڕکردنی ئەم جۆرە تیرۆرە کە ھەندی وڵات و لایەن دەیەنەوێت گەنجی کورد بکەنە ئامانج و کوردستان دووچاری ھەموو ئەو زیانانە بکەن.
“قل اعملوا فسیری اللە عملکم و رسولە و المئومنون”

