رۆژنامەی ھەولێر

ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی سێ پڕۆژەی نوێ لە چۆمان وەرگیراوە

قایمقامی قەزای چۆمان ڕادەگەیەنێت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار پڕۆژە لە بواری جیاوازدا جێبەجێ کراون و ڕەزامەندیش بۆ ئەنجامدانی سێ پڕۆژەی نوێی دیکە وەرگیراوە.

ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزای چۆمان،بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاوی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێشکەش بە سنووری قەزای چۆمان کردووە کە سێ لەوانە ستراتیژین، لەوانە پڕۆژەی ئاوی قەسرێ کە ٩٥٪ـی تەواو بووە، لەگەڵ پڕۆژەی جووتسایدی ناو بازاڕی حاجی ئۆمەران.

قایمقامی چۆمان گوتیشی، ”لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی پینج ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار پڕۆژە لە بواری جیاوازدا جێبەجێ کراون، کە سەرەڕای نەبوونی بودجە و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هەر بەردەوام بوونە.

ئەحمەد بارزان ئاماژەی بە داهاتووی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە کرد و ئاشکرای کرد، ”ڕەزامەندیی فەرمی وەرگیراوە بۆ ئەنجامدانی سێ پڕۆژەی نوێی دیکە لە چۆمان، ئەوانیش پڕۆژەی جووتسایدی چۆمان-حاجی ئۆمەران، نوژەنکردنەوە و درێژکردنەوەی تۆڕی ئاوی سەنتەری قەزاکە، هەروەها پڕۆژەی ڕێگای ناوپردان-سەکران، کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.