ئارام كۆشكی – سلێمانی
شیعر هەمیشە دەبێت سەفەرێک بێت بەرەو شوێنێک کە پێشتر ڕێمان تێی نەکەوتبێت، شیعر داهێنانی زمان و خهیاڵێکە، کە ئەوانی تر درکی ناکەن، نیگاگرتنە له شتگهلێك و شوێنگەلێک، کە ئەوانی تر نایبینن. ئەوەی دەقێک دەکاتە دەقێکی نەمر و داهێنەرانە ئەو لادانانەیە، کە شیعر لە هەناوییەوە پەروەردەی دەکات. شیعر نە پیشاندانی ئاساییبوونی ژیانە، نە وەسفکردنی ژیانە بەو شێوەیەی هەموان دەتوانن وەسفی بکەن. من ناڵێم شیعر لە دەرەوەی پێناسەیە، بەڵکو شیعر لەبەردەم فرەپێناسەیدایە، بەڵام پێناسەگەلێک هەمیشە بەرەو نوێبوونەوە و یاخیبوونی بەرن، نەک بەرەو دووبارەبوونەوە و ملکەچی.
لەنێو ئەو نەوە نوێیەی شیعر دەنووسێت و لانیکەم ئەو نەوەیەی دوو دەیەی ڕابردوو، کەم دەنگی شیعری هەیە، کە خاوەنی دونیابینی و زمان و فیکری شیعریی بێت. زۆرجار شاعیرێکی ئەم نەوەیە چەند شیعرێک دەنووسێت و ئیدی بۆ هەمیشەیی ماڵئاوایی لە شیعر دەکات، ئەگەرچی هەندێکجار دەشنووسێت، بەڵام هەست بەوە دەکرێت شیعر نانووسێت، بەڵکو تەنها بوونەوەرێکی وشەمەسرهفکەرە. گرفتی سەرەکی شیعری ئەم نەوەیە ئەوەیە خاوەنی ڕوئیایەکی شیعری نین، ئەمە بێجگە لەوەی ئاگاداری گەشەی شیعری کوردی و هاوکات شیعری جیهانی نین، کە بەبێ ئاگاداربوون لەوانە مەحاڵە بتوانرێت شیعر وەکو هونەرێکی ڕیسککار و یاخیگەرانە و ڕەخنەگرانەی کۆمەڵگە ببینرێت. شیعر وەکو هونەرێک کۆمەڵێک ڕۆڵی گرنگی هەیە، یەکێک لەوانە هونەری ڕیسککردنە، هەر شیعرێک جۆرێک لە ڕیسککردن و نوێباویی لەگەڵ خۆیدا نەهێنا ناتوانێت شیعرێکی نوێ بێت. شیعر ئەوکاتە دەبێتە هونەرێکی باڵا، کە دونیامان لە جێگەیەکی دیکەی جیاوازهوە بۆ وێنا بکات، یان ئەو جێگەیە بپشکنێت، کە هەموو چاوێک نایبینێت.
لەنێو ئەو نەوەیەی کە تووشی سەرگەردانی بوون لەنێو شیعردا و نازانن ڕووە و کوێ دەڕۆن و من گەلێک لێیان بێئومێدم، بەڵام تاکە تاکە دەنگی شیعریی دەبینمەوە، کە جێگەی هیوان و دەتوانرێت ئەزموونەکەیان لەو فەزا دووبارە و موفرەدە سواوانە جیابکرێتەوە و ڕێچکەی شیعرییان بناسرێتەوە، یەکێک لەوانە “پشتیوان عەلی”یه، کە لە دوو ئەزموونی نوێی شیعرییدا لە هەوڵی خۆدۆزینەوە و خۆدروستکردن دایە. ئەو لە “ئاهەنگی بەدناوکردن”ـەوە جۆرێک لەجیهانی شیعری نوێی دامەزراندووە، کە جیاوازە لە نەوەکەی خۆی. (بێگومان کاتێک دەڵێین جیاوازە ئەمە پێویستی بە سەلماندن هەیە، بەڵام سەلماندنی ئەمە سەخت نییە، چونکە شیعری پشتیوان هەم لە زمان و شێواز و تەکنیک و موفرەدەوە تا دونیابینی شیعریی لە نەوەکەی خۆی جیاوازە.) بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە شیعری پشتیوان شیعرێکی بێڕیشەیە. شیعری ئەم شاعیرە ڕیشەی لەنێو شیعری شاعیرانی یاخیگەر و جیاوازنووسدایە، چەشنی ڕامبۆ و بۆدلێر، یان لەنێو شاعیرانی کورددا ڕیشەی لەنێو جیهانە شیعرییەکەی بەختیار عەلی و شێرکۆ بێکەسدایە، بەڵام هەڵبەت بە موفرەدە و جیهانبینی جیاوازەوە. دەتوانین بڵێین بەهرەمەندە لەو ئەزموونە شیعرییە گەورانەی ناومان هێنان، بەڵام توانیویەتی دونیابینی و جیهانێکی نوێی شیعریی دابمەزرێنێت، کە تایبەتمەندیی خۆی پێوە دیار بێت.
“خنکاو لە مێژوودا” نوێترین کتێبی شیعریی پشتیوان عەلی-یە. ئەم کۆشیعرە ئەزموونێکی جیاواز و تایبەتی تری ئەم شاعیرەیە لەدوای “ئاهەنگی بەدناوکردن”ـەوە. جیاواز بەو مانایەی لەڕووی هەڵبژاردنی تێمەوە سەر بە جیهانێکی جیاوازە. لەڕووی زمان و تەکنیکی شیعریی و دونیابینییەوە بە تەواوەتی خۆی لە شاعیرانی هاوسەردەمی خۆی جیابکاتەوە. ئەرکی شیعریش هەر ئەوەیە، کە لەنێو ئەو دەیان و سەدان دەنگەدا ڕێگەیەکی نوێ بدۆزیتەوە و بەرەو سەرزەمینێکی دیکە مانا و تەکنیکی شیعریی خوێنەر ئاراستە بکات و چێژی نوێباوی پێ بدات.
پشتیوان لەم ئەزموونە نوێیەدا وەکو شاعیرێکی ڕیسککەر، یان جیاوازخواز دەردەکەوێت. شاعیرێک دەیەوێت بە دیدگای جیاوازەوه لە چەمکەکان بڕوانێت و ڕەخنەی تەواوی ئەو مێژووە بکات، کە نەک تەنها کورد وەکو نەتەوەیەک تێیدا گیری خواردووە، بەڵکو خۆرهەڵات وەکو کۆیەکی گەورە بەدەستییەوە گیرۆدەیە. مێژوویەک کە خورافە و ئایین و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان تاکەکان بەرەو چەقبەستن و بیرتەسکی دەبهن، نەک بەرەو یاخیبوون و فرهیی.
ئەم کتێبە دەشێ سەرەتایەک بێت بۆ دروستکردنی جۆرێک لە ڕەخنەکردنی مێژوو و سیاسەت، بەڵام لە ڕوانگەی شاعیرێکەوە کە شیعر کەرەستەی سەرەکی بیرکردنەوە و ڕەخنەکردنییەتی. ئەو لە شیعرێکدا دەنووسێت:
“خۆزگە لەناو ئەم مێژووەدا بەو سیفەت و ڕەفتارە بەرزانە دەگەیشتم كە ئازادم دەكەن
بەڵام نا.. من باس لەگەلێك دەكەم/
ژیانی خۆی دەبەخشێت بەوانەی نەفرەتی دەكەن
دەنگی خۆی دەدات بەوانەی تاڵانی دەكەن
مەدالیای شكۆ دەدات لە یەخەی ئەوانەی لە بازاڕەكاندا كچەكانی دەفرۆشن.”
شیعر لای ئەم شاعیره لەمە زیاتر قووڵ دەبێتەوە و دەبێتە سەرزەمینێک بۆ هەڵێنجانی ئەو ئایدیایانەی لەنێو کۆمەڵگەدا بە فەرامۆشکراوی ماونەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە دەبێتە وزەیەک کە مرۆڤ وشیار دەکاتەوە لەو توانایانەی هەیەتی و کۆمەڵگە و ئایین و ئایدۆلۆژیاکان خەفەیان کردووە، ئەم شاعیرە دێت و لە شیعری “دەتوانیت”دا وزەیەکی یاخیگەرانە بە بەری فیگۆرە شیعرییەکەیدا دەکات، تا لەو چەقبەستووییە دەربچێت و بەرەو ڕیسک و یاخیبوون پەلکێشی بکات.
کتێبی “خنکاو لە مێژوودا”ی ئەم شاعیرە، هەڵگری کۆمەڵێکی زۆر پرسیار و گومانە لەسەر کۆمەڵێک پرسی فیکریی، کە ئەمەش تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم شاعیرەیە، ئێمە لێرەدا دەرفەتی هەڵوەستەکردنی زیاترمان نییە، بەهیواین بتوانین لە دەرفەتی دیکەدا سەرنجی دیکەی لەبارەوە بخەینەڕوو. دەستخۆشی بۆ پشتیوان عەلی شاعیر و بەهیوای ئەوەی هەمیشە بە بەرهەمی نوێوە پانتایی دیکەی شیعریی بدۆزێتەوە.

