رۆژنامەی ھەولێر

نەخۆشیى سیلیاک Celiac disease نەخۆشیى سیلیاک چییە؟

مستەفا محەمەد مستەفا

 

نەخۆشیى سیلیاک یان هەستیارى بە گلۆتین (Gluten).
نەخۆشیى سیلیاک: نەخۆشییەکى درێژخایەنى سیستەمى بەرگریى لەشە، بە هۆى کارلێکى بەرگریى لەش دژ بە ماددەى گلۆتین بەدیار دەکەوێت.
گلۆتین جۆرە پرۆتینێکە، لە دانەوێڵەى وەکو (گەنم و جۆ و شۆفان)دا هەیە.
ئەو کەسەى تووشى ئەم نەخۆشییە بێت، ئەگەر خۆراکى گلۆتیندار بخوات، سیستەمى بەرگریى لەشى کاردانەوەى نائاسایى پێشان دەدات و، هێرش دەکاتە سەر ڕیخۆڵەباریکە و زیانى پێ دەگەیەنێتت. ئەم نەخۆشییە لە هەموو تەمەنێک و ڕەگەزێکدا دەبینرێت، بەڵام لە کەسانى ڕەسەنى ئەوروپایى بە تایبەتى لە وڵاتى ئێرلەندا و ئیتاڵیا و، لە باشوورى ئاسیادا ئەم نەخۆشییە زۆر باوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بە هۆکارى جیاواز و نەبوونى تاقیگەى پێویست بۆ پشکنینى نەخۆشەکە، زۆر جار نەخۆشیى سیلیاک دەستنیشان ناکرێت یان بە هەڵە پۆلێن دەکرێت.
لە ڕوانگەى بۆماوەیی: نەخۆشیى سیلیاک پەیوەندیەکى تەواوى بە بۆماوەوە هەیە، زیاتر لە ٩٥% کەسانى تووشبوو، بۆهێڵ (جین)ـى تایبەت بە ناوى ( HLA – DQ8 ) و( HLA – DQ2 ) هەڵدەگرن، بەڵام تەنها ئەم بۆهێڵانە بەس نییە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە، بەڵکو پێویستى بە هۆکارێکى دەرەکى هەیە وەکو خواردنى گلۆتین.
ئەو کەسەى ڕەگى بۆماوەى نەخۆشیى سیلیاکى هەیە، کە بۆ یەکەم جار ماددەى گلۆتین دەخوات، سیستەمى بەرگریى لەشى ناسینەوەى بۆ ئەم ماددەیە هەیە.
لە کەسى ئاسایى، گلۆتین بە سادەیى هەرس دەکرێت و هەڵدەمژرێت، بەڵام لە کەسانى تووشبوو بە نەخۆشیى سیلیاک بەرگریى لەشى بیر دەکاتەوە، کە گلۆتین ماددەیەکى بێگانە و مەترسیدارە، جا هێرشى دەکاتە سەر، بە دروستکردنى دژە بەرگرى بەرەو ڕیخۆڵەباریکە دەڕۆن و زیان بە ڤیلییەکان دەگەیەنن.
ڤیلى ( Villi ): بریتییە لە مەمیلەکانى دیوارى ناوەوەى ڕیخۆڵە باریکە، کە ڕووبەرى دیوى ناوەوەى ڕیخۆڵەباریکە زیاد دەکەن، ڕۆڵێکى سەرەکى دەبینێت لە مژینى خۆراکە ماددە کان، کاتێک ئەم ڤیلیانە لە ڕیخۆڵە باریکەدا ناتوانن ڤیتامین و ماددە خۆراکییەکانى وەک (ڤیتامین دى و کالیسیۆم و ماددەى ئاسن) هەڵمژن، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى کالیسیۆم و کێشى لەش و گەشەى منداڵ.

نیشانە و ئاماژەکانى نەخۆشیى سیلیاک
نیشانەکانى نەخۆشیى سیلیاک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى دیکە جیاوازە، دەکرێت بە سێ بەشەوە:
• نیشانە کلاسیکەکانى ڕیخۆڵە.
• نیشانە کلاسیکەکانى دەرەوەى ڕیخۆڵە.
• جۆرى بێنیشانە.

* نیشانە کلاسیکەکانى ڕیخۆڵە: ئەم نیشانانە زیاتر لە کۆرپە و منداڵانى بچووکدا دەبینرێت.
ڕشانەوە و سکچوون، سکئێشە، هەرسنە کردنى خۆراک، باوبژ (غازات)، کەمبوونەوەى کێش، گەشەنەکردنى منداڵ و، بۆنێکى ناخۆش لە پیساییدا.

* نیشانە کلاسیکەکانى دەرەوەى ڕیخۆڵە
ئەم نیشانانە زیاتر لە کەسانى پێگەیشتوودا دەبینرێت؛ بەریتین لە:
کەمخوێنى و سستبوون و ماندوویەتى، ژان لە ئێسک و جومگەکان، دروستبوونى پفکە لە پێستدا، (Dermatitis Herpetiformis)، برینى ناو دەم، ژانەسەر، ژانى ڵاسەرە (میگرین: Migraine)، دەبێتە هۆى شکانى ئێسک، کەمیى ڤیتامین دى و کالیسیۆم، لە ژناندا سوورى مانگانە نارێک دەبێت و دوادەکەوێت، لە پیاواندا تووشى کەمخوێنى دەبن.

* جۆرى بێنیشانە:
هەندێک کەس نیشانەى ڕوون و یەکلاکەرەوەیان نییە: بەڵام بە تێپەڕینى کات، زیانى کارلێکى بەرگریى لەش بەسەر ڕیخۆڵەدا دروست دەبێت، دەبێتە کەمخوێنى و کەمبوونەوەى چڕیى ئێسک.
هەندێک جار کەسەکە هیچ نیشانەیەکى نەخۆشیى سیلیاکی نییە، بەڵام دواى پشکنینى پزیشکى بۆ نەخۆشییەکى تر، بەدیاردەکەوێت نەخۆشیى سیلیاکى هەیە؛ بۆ نموونە لە کاتى دەسنیشانکردنى نەخۆشىینى وەکو نەخۆشیى ڤایرۆسى جگەر، نەخۆشیى ڕژێنى دەرەقى، نەخۆشیى شەکرەى جۆرى یەکەم و، نەخۆشیى داون، دەردەکەوێت نەخۆشەکە سیلیاکىشى هەیە.
دەستنیشانکردنى نەخۆشییەکە
دەستنیشانکردنى نەخۆشیى سیلیاک کارێکى زۆر زەحمەتە، چونکە نیشانەکانى هاوشێوەى نیشانەکانى نەخۆشییەکانى ترە، وەکو نەخۆشیى ڕیخۆڵەهەستیارە (Irritable bowel syndrome: IBS)، هیلیکۆباکتەرپایلۆرى، بەدخۆراکى، نەخۆشى سوران وتێک ئاڵانى ڕیخۆڵە.

پشکنینى خوێن:
– بۆ دۆزینەوەى دژە بەرگریەکانى تایبەت بە نەخۆشیى سیلیاک، یەکەم هەنگاو بریتییە لە پشکنینى خوێن. ئەم تاقیکردنەوانە زۆر هەستیارن، دەتوانن نەخۆشییەکە بە دڵنیایى لە ٩٠% دیارى بکەن.
– وەرگرتنى پارچەیەکى بچووک لە ڕیخۆڵەباریکە بە ئامێرى هەناوبینى بۆ پشکنین (Biopsy).
– پشکنینى بۆماوەیى.

چارەسەرو ڕێگاکانى کۆنترۆڵکردن:
تاکو ئێستا تاکە چارەسەرى نەخۆشیى سیلیاک، بریتییە لە دەمپارێزیەکى تەواو و هەمیشەیى و دوورکەوتنەوە لە گلۆتین؛ کەواتە دەبێ بە تەواوى واز لە خواردن و خواردنەوەى گلۆتین بهێنێت، تەنانەت ئەگەر بە ڕێژەیەکى کەمیش بێت، هێشتا دەتوانێت کاردانەوەى بەرگریى لەش چالاک بکات و، زیان بە ڕیخۆڵە بگەیەنێت.