پارێزگاری هەولێر بە بەرپرسانی شارەوانی راگەیاند، بەهیچ شێوەیەک نابێت هاووڵاتییان گلەیی بکەن، کە ڕۆتینی زۆر هەیە، یان کارەکانیان وەک پێویست بەڕێوەناچێت.
بەپێی راگەیاندراوێكی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی شوبات، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا بەمەبەستی دەستنیشانکردنی پێداویستی و چارەسەری کێشە و کەموکوڕییەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و سەرجەم بەرێوەبەرایەتییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆکردن لەبارەی پلان و پڕۆژەکانی پەرەپیدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2022 و ئامادەکارییەکان، تیشك خرایهسهر پاککردنەوەی نێو شار و شەقامەکان و دەستکردن بە بەرنامەڕێژی بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی پاککردنەوەی بازاڕە میللیەکان، هەروەها جەخت لە چاککردنەوەی سەرجەم ئەو چاڵ و شوێنانە کرا کە بەهۆی بارانەوە لەبەشێک لە شەقامەکانی نێو شار دروست بووە.
بەپێی راگەیاندراوەكە، پارێزگاری هەولێر جەختی كردووەتەوە، كە کاری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی گشتیی خزمەتکردنی هاووڵاتییانە بەیەکسانی، بۆیە دەبێت لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەدابن و لەبەرامبەر ئەو ئەرکەی پێتان سپێردراوە هەرچی لەتوانادا هەیە ئەنجامیبدەن بۆ ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕایککردنی مامەڵەکانیان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لەبەڕێوەبەرایەتیەکانتان و ڕایگەیاند: “بەهیچ شێوەیەک نابێت هاووڵاتییان گللەیی لەوە بکەن کە ڕۆتینی زۆر هەیە لەبەردەم کارەکانیان، یان کارەکانیان وەک پێویست بەڕێوە ناچێت”.