چاودێرانی نێودەوڵەتی: پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئاسایی و بەبێ گرفت بەڕێوەچوو

پرۆسەی هەڵبژاردن کە رۆژی یەک شەممە لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەچوو، بە بڕوای چاودێران بەبێ کێشە و ئاسایی بووە. چاودێرێکی نێودەوڵەتی، دەڵێ؛ پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بە هێمنی و دوور لە پێشێلکاری بووە.

فەهری محەمەد، چاودێری نێودەوڵەتی، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” بەپێی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەم هەبوو لە بنکەکانی دەنگدان لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی پرۆسەیەکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، زۆرترین گلەیی لەوە بوو کە ئامێری دەنگدان بە خاوی کاریان دەکرد، بەڵام لە نێوەڕۆ بەدواوە کێشەی ئامێرەکانی کۆمیسیۆن چارەسەر کران و بە شێوەیەکی ئاسایی خەڵک رووی لە بنکەکانی دەنگدان دەکرد بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن.
ئەو چاودێرە نێودەوڵەتییە، دەشڵێ:” دەنگدەران بە ئازادانە دەهاتن بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن، ئەو ساختەکاری و پێشێلکاریانەی ئەگەر لە ساڵانی رابردوو هەبووبێت، لەم هەڵبژاردنە هیچ رووی نەداوە، زیاتر هەڵەی تەکنیکی بوون، بەڵام وەکو چاودێرانی نێودەوڵەتی ئەوەندەی تێبینمان کردووە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووە و بەبێ گرفت بەڕێوەچوو”.

ھەواڵی زیاتر